عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - دادوەری لە دژی نەتەوەکان
- 1
- ئەی نەتەوەکان نزیک بنەوە هەتا گوێ بگرن،
 ئەی نەتەوەکان گوێ شل بکەن!
 با زەوی و هەرچی تێیدایە گوێ بگرێت،
 جیهان و هەموو بەرهەمەکانی،
- 2
- چونکە تووڕەیی یەزدان لەسەر هەموو نەتەوەکانە،
 هەڵچوونی لەسەر هەموو سوپاکانیانە.
 بە تەواوی قڕی کردوون[a] ،
 بەدەستەوەی داون بۆ سەربڕین.
- 3
- کوژراوەکانیان فڕێدەدرێن،
 تەرمەکانیان بۆنی بۆگەن دەردەکات و
 چیاکان لەناو خوێنی ئەوان دەتوێنەوە.
- 4
- خۆر و مانگ و ئەستێرەکان دەتوێنەوە،
 ئاسمان وەک تۆمارێک دەپێچرێتەوە.
 هەموو ئەستێرەکان هەڵدەوەرن،
 وەک هەڵوەرینی گەڵای مێو،
 وەک وەرینی هەنجیر لە دارەکەی.
- 5
- شمشێری من لە ئاسمان کاری تەواو بووە،
 وا دادەبەزێتە سەر ئەدۆم و
 بەسەر گەلێک بە نەفرەتم کردووە بۆ حوکم بەسەردادان.
- 6
- شمشێری یەزدان خوێنی لێ دەتکێت،
 قەڵەو بووە بە پیو[b] ،
 بە خوێنی بەرخ و تەگە،
 بە پیوی گورچیلەی بەرانەکان،
 چونکە یەزدان قوربانی سەربڕاوی هەیە لە بۆزرا و
 سەربڕینێکی گەورەی هەیە لە خاکی ئەدۆم.
- 7
- گای کێوی لەگەڵیان دەکەون،
 گوێرەکەکان لەگەڵ کەڵەگاکان،
 زەوییان بە خوێن ئاو دەدرێت،
 خۆڵیان بە پیو قەڵەو دەبێت.
- 8
- یەزدان ڕۆژی تۆڵەسەندنەوەی هەیە،
 ساڵی سزادان لەبەر کێشەکەی سییۆن.
- 9
- جا ڕووبارەکانی ئەدۆم دەبن بە قیر و
 خۆڵەکەی بە گۆگرد،
 زەوییەکەی دەبێت بە قیری داگیرساو!
- 10
- شەو و ڕۆژ ناکوژێتەوە،
 دووکەڵی بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە.
 نەوە دوای نەوە کاول دەبێت،
 بۆ هەتاهەتایە کەس پێیدا تێناپەڕێت.
- 11
- کوندەپەپووی بیابان و بایەقووش داگیری دەکەن،
 کوندەپەپووی گەورە و قەلەڕەش تێیدا نیشتەجێ دەبن.
 بەسەر ئەدۆمدا خودا گوریسی پێوانە بۆ خاپوور بوون و
 شاووڵی چۆڵبوون درێژ دەکات.
- 12
- خانەدانەکانی هیچیان لەوێ نابێت کە بە شانشینێک دادەنرێن،
 هەموو میرەکانی لەناودەچن.
- 13
- دڕک لە کۆشکەکانی شین دەبێت،
 چقڵ و وشترالووک لە قەڵاکانی.
 دەبێت بە مۆڵگای چەقەڵ و
 لانەی کوندەپەپوو.
- 14
- دڕندە بیابانییەکان و کەمتیار پێکدەگەن،
 تەگە[c] بانگی هاوەڵەکانیان دەکەن،
 دڕندەکان شەو لەوێدا ئارام دەگرن و
 جێی حەوانەوە بۆ خۆیان دەدۆزنەوە.
- 15
- لەوێ کوندەپەپوو هێلانە دەکات و هێلکە دەکات،
 کڕ دەکەوێت و لەژێر سێبەری باڵەکانی هەڵیدەهێنێت.
 لەوێ شاهین و شمقاڕ کۆدەبنەوە،
 هەریەکە و لەگەڵ تاکەکەی.
- 16
- تۆمارەکەی یەزدان بپشکنن و بخوێننەوە:
 یەکێک لەمانە کەم نابێتەوە،
 هیچ مێینەیەک نێرەکەی خۆی ون ناکات،
 چونکە دەمی یەزدان فەرمانی داوە،
 ڕۆحی ئەو کۆیان دەکاتەوە.
- 17
- ئەو زەوییەکە لەنێوانیان دابەش دەکات،
 دەستی ئەو بە پەت بۆی بەش دەکات.
 بۆ هەتاهەتایە داگیری دەکەن،
 نەوە دوای نەوە تێیدا نیشتەجێ دەبن.
- a. 34:2 قڕی کردوون: لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان، زۆر جار بەخشینەکە بە تەواوی لە ناودەبردرێت.
- b. 34:6 پیو: واتا بەز، لێرە و لە ئایەتی 7.
- c. 34:14 نێری، سابرێن.

