عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دادوەری لە دژی نەتەوەکان 
1
ئەی نەتەوەکان نزیک بنەوە هەتا گوێ بگرن،
ئەی نەتەوەکان گوێ شل بکەن!
با زەوی و هەرچی تێیدایە گوێ بگرێت،
جیهان و هەموو بەرهەمەکانی،
2
چونکە تووڕەیی یەزدان لەسەر هەموو نەتەوەکانە،
هەڵچوونی لەسەر هەموو سوپاکانیانە.
بە تەواوی قڕی کردوون[a] ،
بەدەستەوەی داون بۆ سەربڕین.
3
کوژراوەکانیان فڕێدەدرێن،
تەرمەکانیان بۆنی بۆگەن دەردەکات و
چیاکان لەناو خوێنی ئەوان دەتوێنەوە.
4
خۆر و مانگ و ئەستێرەکان دەتوێنەوە،
ئاسمان وەک تۆمارێک دەپێچرێتەوە.
هەموو ئەستێرەکان هەڵدەوەرن،
وەک هەڵوەرینی گەڵای مێو،
وەک وەرینی هەنجیر لە دارەکەی.
5
شمشێری من لە ئاسمان کاری تەواو بووە،
وا دادەبەزێتە سەر ئەدۆم و
بەسەر گەلێک بە نەفرەتم کردووە بۆ حوکم بەسەردادان.
6
شمشێری یەزدان خوێنی لێ دەتکێت،
قەڵەو بووە بە پیو[b] ،
بە خوێنی بەرخ و تەگە،
بە پیوی گورچیلەی بەرانەکان،
چونکە یەزدان قوربانی سەربڕاوی هەیە لە بۆزرا و
سەربڕینێکی گەورەی هەیە لە خاکی ئەدۆم.
7
گای کێوی لەگەڵیان دەکەون،
گوێرەکەکان لەگەڵ کەڵەگاکان،
زەوییان بە خوێن ئاو دەدرێت،
خۆڵیان بە پیو قەڵەو دەبێت.
8
یەزدان ڕۆژی تۆڵەسەندنەوەی هەیە،
ساڵی سزادان لەبەر کێشەکەی سییۆن.
9
جا ڕووبارەکانی ئەدۆم دەبن بە قیر و
خۆڵەکەی بە گۆگرد،
زەوییەکەی دەبێت بە قیری داگیرساو!
10
شەو و ڕۆژ ناکوژێتەوە،
دووکەڵی بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە.
نەوە دوای نەوە کاول دەبێت،
بۆ هەتاهەتایە کەس پێیدا تێناپەڕێت.
11
کوندەپەپووی بیابان و بایەقووش داگیری دەکەن،
کوندەپەپووی گەورە و قەلەڕەش تێیدا نیشتەجێ دەبن.
بەسەر ئەدۆمدا خودا گوریسی پێوانە بۆ خاپوور بوون و
شاووڵی چۆڵبوون درێژ دەکات.
12
خانەدانەکانی هیچیان لەوێ نابێت کە بە شانشینێک دادەنرێن،
هەموو میرەکانی لەناودەچن.
13
دڕک لە کۆشکەکانی شین دەبێت،
چقڵ و وشترالووک لە قەڵاکانی.
دەبێت بە مۆڵگای چەقەڵ و
لانەی کوندەپەپوو.
14
دڕندە بیابانییەکان و کەمتیار پێکدەگەن،
تەگە[c] بانگی هاوەڵەکانیان دەکەن،
دڕندەکان شەو لەوێدا ئارام دەگرن و
جێی حەوانەوە بۆ خۆیان دەدۆزنەوە.
15
لەوێ کوندەپەپوو هێلانە دەکات و هێلکە دەکات،
کڕ دەکەوێت و لەژێر سێبەری باڵەکانی هەڵیدەهێنێت.
لەوێ شاهین و شمقاڕ کۆدەبنەوە،
هەریەکە و لەگەڵ تاکەکەی.
16
تۆمارەکەی یەزدان بپشکنن و بخوێننەوە:
یەکێک لەمانە کەم نابێتەوە،
هیچ مێینەیەک نێرەکەی خۆی ون ناکات،
چونکە دەمی یەزدان فەرمانی داوە،
ڕۆحی ئەو کۆیان دەکاتەوە.
17
ئەو زەوییەکە لەنێوانیان دابەش دەکات،
دەستی ئەو بە پەت بۆی بەش دەکات.
بۆ هەتاهەتایە داگیری دەکەن،
نەوە دوای نەوە تێیدا نیشتەجێ دەبن.
  1. a. 34‏:2 قڕی کردوون: لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان، زۆر جار بەخشینەکە بە تەواوی لە ناودەبردرێت.‏
  2. b. 34‏:6 پیو: واتا بەز، لێرە و لە ئایەتی 7.‏
  3. c. 34‏:14 نێری، سابرێن.‏