عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
خۆشحاڵی ئه‌وانه‌ی یه‌زدان كڕیونیه‌تیه‌وه‌ 
1
چۆڵه‌وانی و خاكی وشك شادمان ده‌بن،
بیابان ده‌گه‌شێته‌وه‌ و چرۆ ده‌كات،
وه‌ك گوڵاڵه‌ سووره‌،
2
به‌ ته‌واوی چرۆ ده‌كات و
ته‌واو ده‌گه‌شێته‌وه‌ و هاواری خۆشی ده‌كات!
شكۆی لوبنانی پێده‌درێت،
شه‌وكه‌تی كارمه‌ل و شارۆن،
ئه‌وان شكۆی یه‌زدان و
شه‌وكه‌تی خودامان ده‌بینن.
3
ده‌سته‌ شله‌كان توند بكه‌ن و
ئه‌ژنۆ له‌رزۆكه‌كان بچه‌سپێنن.
4
به‌وانه‌ بڵێن كه‌ دڵه‌كوتێیانه‌:
«خۆتان توند بكه‌ن، مه‌ترسن!
ئه‌وه‌تا خوداتان،
به‌ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ دێت،
سزای خوداتان.
ئه‌و دێت و ڕزگارتان ده‌كات.»
5
ئه‌وسا چاوی كوێر ده‌بینێت و
گوێی كه‌ڕ ده‌كرێته‌وه‌.
6
ئه‌وسا شه‌ل وه‌ك ئاسك باز ده‌دات و
زمانی لاڵ هاواری خۆشی ده‌كات،
چونكه‌ له‌ چۆڵه‌وانی ئاو ته‌قییه‌وه‌ و
ڕووباریش له‌ بیابان.
7
سه‌راب ده‌بێته‌ گۆم و
خاكی تینوو به‌ كانیاو.
له‌ لانه‌ی چه‌قه‌ڵه‌كان له‌ مۆڵگه‌كه‌یان
قامیش و زه‌لی لێ سه‌وز ده‌بێت.
8
له‌وێ ڕێڕه‌وێك و ڕێگایه‌ك ده‌بێت،
ڕێگای پیرۆزی پێ ده‌گوترێت.
گڵاو پێیدا تێناپه‌ڕێت،
به‌ڵكو بۆ ئه‌وانه‌یه‌
كه‌ به‌ چاكه‌ پێیدا ده‌ڕۆن،
گێله‌كان پێدا ناڕۆن.
9
شێر له‌وێ نابێت،
جانه‌وه‌ری دڕنده‌ بۆ ئه‌وێ سه‌رناكه‌وێت،
له‌وێ به‌رچاو ناكه‌ون.
به‌ڵكو ئه‌وانه‌ی كڕاونه‌ته‌وه‌ پێیدا ده‌ڕۆن،
10
ئه‌وانه‌ی یه‌زدان كڕیونیه‌تیه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌.
به‌ هاواری خۆشی بۆ سییۆن دێن و
شادی هه‌تاهه‌تایی به‌سه‌ر سه‌ریانه‌وه‌.
شادی و خۆشی پێیان ده‌گات و
ناخۆشی و ئاخ هه‌ڵكێشان هه‌ڵدێن.