عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سەنحێریب هەڕەشە لە ئۆرشەلیم دەکات 
1
لە ساڵی چواردەیەمی حەزقیا پاشا، سەنحێریبی پاشای ئاشور هێرشی کردە سەر هەموو شارە قەڵابەندەکانی یەهودا و داگیری کردن.
2
ئیتر پاشای ئاشور لە لاخیشەوە فەرماندەی ناوچەکەی بە سوپایەکی گەورەوە بۆ حەزقیای پاشا نارد لە ئۆرشەلیم. کاتێک لەلای ئاوباری گۆمەکەی سەرەوە ڕاوەستا کە لەسەر ڕێگای شوێنی جلشۆرینەکەیە،
3
ئەلیاقیمی کوڕی حیلقیا سەرپەرشتیاری کۆشک و شەڤنای خامەی نهێنی[a] و یۆئاحی تۆمارکار کوڕی ئاساف چوونە دەرەوە بۆ لای.
4
فەرماندەی ناوچەکە پێی گوتن: «بە حەزقیا بڵێن:
«”پاشای گەورە، پاشای ئاشور دەڵێت: تۆ پشتت بە چی بەستووە؟
5
تۆ دەڵێیت کە پلان و هێزت هەیە بۆ جەنگ، بەڵام ئەوە قسەی پووچە. ئێستاش پشتت بە کێ بەستووە تاکو لێم یاخی بیت؟
6
وا پشتت بە پاڵپشتی ئەو قامیشە شکاوەی میسر بەستووە، ئەوەی کە هەرکەسێک خۆی بەسەردا بچەمێنێتەوە لەپی دەستی بریندار دەبێت و کونی دەکات! فیرعەونی پاشای میسر ئاوایە بۆ هەموو ئەوانەی پشتی پێ دەبەستن.
7
ئەگەر پێشم بڵێیت: ’پشتمان بە یەزدانی پەروەردگارمان بەستووە،‘ ئایا ئەوە ئەو نەبوو کە حەزقیا نزرگەکانی سەر بەرزایی و قوربانگاکانی تێکدا و بە یەهودا و ئۆرشەلیمی گوت: ’لەبەردەم ئەم قوربانگایە کڕنۆش دەبەن‘؟
8
«”ئێستاش گرەو لەگەڵ پاشای ئاشوری گەورەم بکە، من دوو هەزار ئەسپت دەدەمێ، ئەگەر تۆ بتوانیت بۆ خۆت سوار لەسەریان دابنێیت!
9
ئیتر چۆن دەتوانیت تاکە ئەفسەرێک لە خزمەتکارە بچووکەکانی گەورەکەم ببەزێنیت، تەنانەت ئەگەر پشت بە میسریش ببەستیت بۆ گالیسکە و سوار؟
10
ئێستاش ئایا من بەبێ یەزدان هێرشم کردووەتە سەر ئەم خاکە هەتا وێرانی بکەم؟ یەزدان پێی فەرمووم: بەسەر ئەو خاکەدا بدە و وێرانی بکە.“»
11
ئینجا ئەلیاقیم و شەڤنا و یۆئاح بە فەرماندەی ناوچەکەیان گوت: «تکایە لەگەڵ خزمەتکارەکانت بە زمانی ئارامی قسە بکە، چونکە لێی تێدەگەین، بە عیبری قسەمان لەگەڵ مەکە لەبەرچاوی خەڵکەکەی سەر شووراکە.»
12
فەرماندەکەش گوتی: «ئایا گەورەم تەنها بۆ لای گەورەکەت و تۆی ناردووین هەتا ئەم قسانە بکەین؟ ئایا بۆ لای ئەو پیاوانەی سەر شووراکەی نەناردووین، بۆ ئەوەی پیسایی خۆیان بخۆن و میزی خۆیان بخۆنەوە لەگەڵتان؟»
13
ئینجا فەرماندەکە وەستا و بە دەنگێکی بەرز بە زمانی عیبری هاواری کرد و گوتی: «گوێ لە قسەی پاشای گەورە بگرن، پاشای ئاشور!
14
پاشا ئاوا دەڵێت: مەهێڵن حەزقیا فریوتان بدات، چونکە ناتوانێت ڕزگارتان بکات.
15
مەهێڵن حەزقیا واتان لێ بکات پشت بە یەزدان ببەستن و بڵێت: ”بێگومان یەزدان فریامان دەکەوێت و ئەم شارە ناداتە دەست پاشای ئاشور.“
16
«گوێ لە حەزقیا مەگرن، چونکە پاشای ئاشور دەڵێت: ڕازی بن بە ملکەچبوون بۆ من، وەرنە دەرەوە بۆ لام، با هەرکەسە لە مێوەکەی خۆی و لە دار هەنجیرەکەی خۆی بخوات و ئاو لە ئەمباراوەکەی خۆی بخواتەوە،
17
هەتا ئەو کاتەی دێم و دەتانبەمە خاکێکی وەک خاکەکەی خۆتان، خاکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ، خاکی نان و ڕەزەمێو.
18
«با حەزقیا فریوتان نەدات کە دەڵێت: ”یەزدان ڕزگارمان دەکات.“ ئایا خوداوەندی هیچ نەتەوەیەک توانی خاکەکەی خۆی لە دەست پاشای ئاشور ڕزگار بکات؟
19
کوان خوداوەندەکانی حەمات و ئەرپاد؟ کوان خوداوەندەکانی سفەرڤەیم؟ ئایا فریای سامیرە کەوتن لە دەستم؟
20
کام لە هەموو خوداوەندەکانی ئەو خاکانە توانی خاکەکەی خۆی لە دەستی من ڕزگار بکات؟ ئیتر چۆن یەزدان فریای ئۆرشەلیم دەکەوێت لە دەستی من؟»
21
بەڵام گەل بێدەنگ بوون و بە یەک وشەش وەڵامیان نەدایەوە، چونکە پاشا فەرمانی کردبوو: «وەڵامی نەدەنەوە.»
22
ئینجا ئەلیاقیمی کوڕی حیلقیای سەرپەرشتیاری کۆشک و شەڤنای خامەی نهێنی و یۆئاحی کوڕی ئاسافی تۆمارکار هاتنە لای حەزقیا و جلەکانیان دادڕی بوو، قسەکانی فەرماندەی ناوچەکەیان پێی ڕاگەیاند.
  1. a. 36‏:3 ڕازپۆش.‏