عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پێشبینی ڕزگاربوونی ئۆرشه‌لیم 
1
كاتێك حه‌زقیای پاشا گوێی له‌مه‌ بوو، جله‌كانی له‌به‌ر خۆیدا دادڕی و به‌رگی له‌ گوش دروستكراوی پۆشی و چووه‌ ناو په‌رستگای یه‌زدان
2
ئینجا ئه‌لیاقیمی سه‌رپه‌رشتیاری كۆشك و شه‌ڤنای خامه‌ی نهێنی و كاهینانی باڵا كه‌ هه‌موویان جلوبه‌رگی گوشیان پۆشیبوو ناردیانه‌ لای ئیشایا پێغه‌مبه‌ری كوڕی ئامۆچ،
3
پێیان گوت: «حه‌زقیا وا ده‌ڵێت، ئه‌مڕۆ ڕۆژی ته‌نگانه‌ و سه‌رزه‌نشت و سووكایه‌تییه‌، وه‌ك كاتێك كه‌ كۆرپه‌ له‌ سكی دایكیدا ئاماده‌یه‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام دایكه‌كه‌ی هێزی پاڵدانی نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌كه‌ی ببێت.
4
به‌ڵكو یه‌زدانی په‌روه‌ردگارت گوێی له‌ قسه‌كانی فه‌رمانده‌ی ناوچه‌كه‌ بێت، كه‌ گه‌وره‌كه‌ی، پاشای ئاشور ناردی، هه‌تا سووكایه‌تی به‌ خودای زیندوو بكات، با یه‌زدانی په‌روه‌ردگارت سه‌رزه‌نشتی بكات له‌سه‌ر ئه‌و قسانه‌ی یه‌زدانی خودات گوێی لێبوو. ئیتر نوێژ بكه‌ له‌ پێناوی ئه‌وانه‌ی ماونه‌ته‌وه‌.»
5
كاتێك خزمه‌تكاره‌كانی حه‌زقیای پاشا هاتنه‌ لای ئیشایا.
6
ئیشایاش پێی گوتن: «به‌ گه‌وره‌كه‌تان بڵێن: ”یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: له‌و قسانه‌ مه‌ترسه‌ كه‌ گوێت لێیان بوو، كه‌ خزمه‌تكاره‌كانی پاشای ئاشور كفریان به‌رامبه‌ر به‌ من كرد.
7
گوێ بگره‌! من وای لێ ده‌كه‌م هه‌واڵێك ببیستێت و بگه‌ڕێته‌وه‌ خاكه‌كه‌ی خۆی، له‌وێش به‌ شمشێر له‌ناوی ده‌به‌م.“»
8
كاتێك فه‌رمانده‌ی ناوچه‌كه‌ بیستییه‌وه‌ كه‌ پاشای ئاشور لاخیشی به‌جێهێشتووه‌، كشایه‌وه‌، بینی پاشای ئاشور له‌ دژی لیڤنا ده‌جه‌نگێت.
9
سه‌نحێریب ده‌رباره‌ی تیرهاقای پاشای كوش هه‌واڵی پێگه‌یشت كه‌ له‌ میسره‌وه‌ له‌ دژی ئه‌و سوپای جوڵاندووه‌. گه‌ڕایه‌وه‌ و نێردراوی بۆ لای حه‌زقیا نارد، گوتی:
10
«به‌ حه‌زقیای پاشای یه‌هودا بڵێن: ڕێگا مه‌ده‌ خوداوه‌نده‌كه‌ت ئه‌وه‌ی كه‌ پشتت پێی به‌ستووه‌ فریوت بدات به‌وه‌ی كه‌ ده‌ڵێت: ”ئۆرشه‌لیم ناكه‌وێته‌ ده‌ست پاشای ئاشور.“
11
به‌ دڵنیاییه‌وه‌ تۆ خۆت بیستووته‌ كه‌ پاشاكانی ئاشور چییان به‌ هه‌موو خاكه‌كان كردووه‌، به‌ ته‌واوی له‌ناویانبردوون. ئایا تۆ ده‌رباز ده‌بیت؟
12
ئایا خوداوه‌نده‌كانی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ فریای ئه‌وان كه‌وتن، ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی باوباپیرانم له‌ناویانبردن، خوداوه‌نده‌كانی گۆزان و حه‌ڕان و ڕه‌چه‌ف و نه‌وه‌ی عه‌ده‌ن ئه‌وه‌ی له‌ تێل‌ئه‌سار بوو؟
13
كوان پاشای حه‌مات و پاشای ئه‌رپاد و پاشای شاره‌كانی سفه‌رڤه‌یم، هێنه‌ع و عیڤا؟»
نوێژی حه‌زقیا 
14
حه‌زقیا نامه‌كه‌ی له‌ ده‌ستی نێردراوه‌كان وه‌رگرت و خوێندییه‌وه‌. ئینجا سه‌ركه‌وت بۆ په‌رستگای یه‌زدان، له‌به‌رده‌م یه‌زدان ڕایخست.
15
حه‌زقیا نوێژی بۆ یه‌زدان كرد و گوتی:
16
«ئه‌ی یه‌زدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، تۆ له‌سه‌ر ته‌خت له‌نێوان كه‌ڕوبه‌كان دانیشتوویت[a] ، تۆ به‌ ته‌نها خودای هه‌موو شانشینه‌كانی زه‌ویت، تۆ ئاسمان و زه‌ویت دروستكرد.
17
ئه‌ی یه‌زدان، گوێ شل بكه‌ و ببیسته‌! ئه‌ی یه‌زدان، چاوه‌كانت بكه‌ره‌وه‌ و ببینه‌، گوێ له‌ ته‌واوی په‌یامه‌كه‌ی سه‌نحێریب بگره‌ كه‌ ناردوونی، هه‌تا سووكایه‌تی به‌ خودای زیندوو بكات.
18
«ڕاسته‌ ئه‌ی یه‌زدان، پاشاكانی ئاشور هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ و خاكه‌كانیان وێران كردووه‌.
19
خوداوه‌نده‌كانیشیان لێ فڕێدانه‌ ناو ئاگره‌وه‌ و له‌ناویانبردن، چونكه‌ ئه‌وانه‌ خودا نه‌بوون، به‌ڵكو ته‌نها دار و به‌رد و ده‌ستكردی مرۆڤ بوون.
20
ئێستاش ئه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان، له‌ ده‌ستی ئه‌و ڕزگارمان بكه‌، تاكو هه‌موو شانشینه‌كانی زه‌وی بزانن كه‌ به‌ ته‌نها تۆ، ئه‌ی یه‌زدان، خودایت.»
ڕووخاندنی پاشایه‌تی سه‌نحێریب 
21
ئینجا ئیشایای كوڕی ئامۆچ ناردی بۆ لای حه‌زقیا و گوتی: «یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل ده‌فه‌رموێت: چونكه‌ نوێژت بۆ كردم سه‌باره‌ت به‌ سه‌نحێریبی پاشای ئاشور،
22
ئه‌مه‌ ئه‌و فه‌رمایشته‌یه‌ كه‌ یه‌زدان له‌سه‌ر ئه‌و فه‌رموویه‌تی:
«سییۆنی كچه‌[b] پاكیزه‌[c] ،
بێزت لێ ده‌كاته‌وه‌ و گاڵته‌ت پێ ده‌كات.
ئۆرشه‌لیمی كچ،
كه‌ تۆ هه‌ڵدێیت پێت پێده‌كه‌نێت.
23
سووكایه‌تی و كفرت به‌ كێ كرد؟
ده‌نگت به‌سه‌ر كێدا به‌رز كرده‌وه‌ و
چاوه‌كانت به‌ فیزه‌وه‌ [d] هه‌ڵده‌بڕیت؟
له‌سه‌ر خودا پیرۆزه‌كه‌ی ئیسرائیل!
24
له‌سه‌ر ده‌ستی خزمه‌تكاره‌كانت
سووكایه‌تیت به‌ په‌روه‌ردگار كرد.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێیت:
”به‌ زۆری گالیسكه‌كانمه‌وه‌
من سه‌ركه‌وتمه‌ سه‌ر به‌رزایی چیاكان،
هه‌تا ئه‌وپه‌ڕی لوبنان.
به‌رزترین دار ئورز و
باشترین دار سنه‌وبه‌رم بڕییه‌وه‌.
چوومه‌ ناو دوورترین به‌رزاییه‌كانی،
ناو چڕی دارستانه‌كانی.
25
من له‌ خاكی بێگانه‌كان چه‌ندین بیرم لێدا و
ئاوم لێیان خوارده‌وه‌.
هه‌موو لقه‌كانی نیلم،
به‌ بنی پێیه‌كانم كوێر كرده‌وه‌.“
26
«ئه‌ی گوێت لێ نه‌بووه‌؟
من له‌مێژه‌ دیاریم كردووه‌،
له‌ ڕۆژگاری كۆنه‌وه‌ نه‌خشه‌م كێشاوه‌،
ئێستاش ده‌یهێنمه‌ دی،
كه‌ تۆ بێیت شاره‌ قه‌ڵابه‌نده‌كان بڕووخێنیت،
هه‌تا ببنه‌ وێرانه‌یه‌ك له‌ كه‌ڵه‌كه‌ به‌رد.
27
دانیشتووانه‌كانیان بێ ده‌سه‌ڵاتن،
ڕه‌نگ زه‌رد و شه‌رمه‌زار بوون،
بوونه‌ گیای كێڵگه‌،
ڕووه‌كی سه‌وز،
گژوگیای سه‌ربان،
هه‌ڵبزڕكاو به‌ر له‌وه‌ی گه‌شه‌ بكات.
28
«به‌ڵام من هه‌ستان و دانیشتنت و
كاتی هاتوچۆكه‌ت ده‌زانم،
هه‌روه‌ها هه‌ڵچوونت له‌ دژی من.
29
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵچوونت لێم و خۆبه‌زلزانیت
گه‌یشتنه‌ گوێم،
قولاپه‌كه‌م ده‌خه‌مه‌ لووتت و
لغاوه‌كه‌م له‌ لێوه‌كانت و
به‌و ڕێگایه‌دا ده‌تنێرمه‌وه‌
كه‌ لێوه‌ی هاتوویت.
30
«ئه‌ی حه‌زقیا، ئه‌مه‌ش نیشانه‌یه‌ بۆ تۆ:
«ئه‌م ساڵ ده‌غڵی خۆڕسك ده‌خۆن،
ساڵی دووه‌م ئه‌وه‌ی له‌وه‌وه‌ به‌رده‌گرێت،
به‌ڵام له‌ ساڵی سێیه‌م ده‌كێڵن و ده‌دورنه‌وه‌ و
مێو ده‌چێنن و له‌ به‌ره‌كه‌ی ده‌خۆن.
31
ئه‌وانه‌ی له‌ بنه‌ماڵه‌ی یه‌هودا ده‌رباز بوون و ماونه‌ته‌وه‌،
جارێكی دیكه‌ له‌ ژێره‌وه‌ ڕه‌گ داده‌كوتن و له‌ سه‌ره‌وه‌ش به‌ر ده‌گرن.
32
چونكه‌ ئه‌وانه‌ی ماونه‌ته‌وه‌ له‌ ئۆرشه‌لیمه‌وه‌ دێنه‌ ده‌ره‌وه‌ و
ده‌ربازبووانیش له‌ كێوی سییۆنه‌وه‌،
دڵگه‌رمی یه‌زدانی سوپاسالار
ئه‌مه‌ ده‌كات.
33
«له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدان له‌باره‌ی پاشای ئاشوره‌وه‌ ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«نایه‌ته‌ ناو ئه‌م شاره‌وه‌ و
تیرێكیش بۆ ئه‌وێ ناهاوێژێت.
به‌ قه‌ڵغانیشه‌وه‌ لێی نایه‌ته‌ پێشه‌وه‌ و
سه‌نگه‌ریشی لێ ناگرێت.
34
نایه‌ته‌ ناو ئه‌م شاره‌وه‌،
به‌و ڕێگایه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ پێیدا هاتووه‌.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
35
«به‌رگری له‌م شاره‌ ده‌كه‌م و ده‌یپارێزم،
له‌ پێناوی خۆم و له‌ پێناوی داودی به‌نده‌م.»
36
ئیتر فریشته‌ی یه‌زدان هات و سه‌د و هه‌شتا و پێنج هه‌زار كه‌سی له‌ناو ئۆردوگای ئاشور كوشت، به‌یانی زوو كه‌ هه‌ستان بینییان هه‌موویان لاشه‌ی مردوون.
37
ئینجا سه‌نحێریبی پاشای ئاشور ده‌ستی كێشایه‌وه‌ و ڕۆیشت، گه‌ڕایه‌وه‌ و له‌ نه‌ینه‌وا مایه‌وه‌.
38
له‌دوای ئه‌وه‌، كاتێك سه‌نحێریب له‌ په‌رستگای نیسرۆخی خوداوه‌ندی كڕنۆشی بردبوو، هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی، ئه‌دره‌مه‌له‌ك و سه‌رئه‌چه‌ر، به‌ شمشێر لێیاندا و ڕایانكرد بۆ خاكی ئاڕاڕات. ئیتر ئێسه‌رحه‌دۆنی كوڕی له‌دوای خۆی بوو به‌ پاشا.
  1. a. 37‏:16 له‌نێوان كه‌ڕوبه‌كان: جووتێك په‌یكه‌ری بوونه‌وه‌ری ئاسمانی باڵداره‌، له‌ شێوه‌ی ئاژه‌ڵ و مرۆڤدایه‌، بۆ پارێزگاریكردن له‌ سندوقی په‌یمان دانرابوو، بڕوانه‌ \+xt ده‌رچوون 25‏:22 و عیبرانییه‌كان 9‏:5‏\+xt*‏.
  2. b. 37‏:22 كچی شاری پایته‌خت واته‌ هه‌موو گه‌لی ئه‌و وڵاته‌.
  3. c. 37‏:22 پاكیزه‌: مه‌به‌ست له‌ وڵاتێكه‌ كه‌ داگیر نه‌كراوه‌.
  4. d. 37‏:23 عیبری: بۆ باڵا.