عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نەخۆشی حەزقیا 
1
لەو ڕۆژانەی[a] حەزقیا نەخۆش کەوت، لە سەرە مەرگ بوو، ئیشایا پێغەمبەر کوڕی ئامۆچ هات بۆ لای و پێی گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: وەسیەت بۆ ماڵەکەت بکە، چونکە دەمریت و ناژیت.»
2
حەزقیا ڕووی لە دیوارەکە کرد و نوێژی بۆ یەزدان کرد،
3
گوتی: «ئای یەزدان، ئەوەت لەیاد بێت کە چۆن بە دڵسۆزی و پڕ بە دڵ دۆستایەتیم کردیت، ئەوەی پێت باش بوو کردم.» ئینجا حەزقیا بەکوڵ گریا.
4
جا ئیشایا فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، فەرمووی:
5
«بڕۆ و بە حەزقیا بڵێ: ”یەزدان، پەروەردگاری داودی باپیرە گەورەت ئەمە دەفەرموێت: گوێم لە پاڕانەوەکەت بوو و فرمێسکەکانتم بینی، پازدە ساڵ لە تەمەنت زیاد دەکەم و
6
فریای خۆت و ئەم شارەش دەکەوم، بەرگری لەم شارە دەکەم لە دەستی پاشای ئاشور.
7
«”ئەمەش نیشانە بێت بۆت لەلایەن یەزدانەوە، کە یەزدان ئەم کارە دەکات کە بەڵێنی دا:
8
ئەوەتا سێبەر دەگەڕێنمەوە بەو پلانەی پێی هاتووەتە خوارەوە، بە پلەکانی ئاحاز بە خۆر، دە پلە بەرەو دواوە.“» جا خۆر دە پلە گەڕایەوە بەو پلانەی پێی هاتبووە خوار.
9
نووسراوی حەزقیای پاشای یەهودا، دوای ئەوەی نەخۆش کەوت و لە نەخۆشییەکەی چاک بووەوە:
10
گوتم: «ئایا لە هەڕەتی گەنجیمدا
من دەچم بۆ جیهانی مردووان،
چونکە یەزدان لە پاشماوەی ژیانم بێبەشی کردووم؟»
11
گوتم: «یەزدان نابینم
لە خاکی زیندوواندا،
لەمەودوا چیتر سەیری ئادەمیزاد ناکەم
لەسەر ڕووی زەوی.
12
خانووم هەڵتەکا و لەلام ڕۆیشت
وەک خێوەتی شوانان،
وەکو جۆڵا ژیانی خۆمم پێچایەوە و
لە تەونەکەمدا بڕیمەوە،
شەو و ڕۆژ تۆ لەناوم دەبەیت.
13
بە ئارامییەوە هەتا بەرەبەیان چاوەڕێ دەکەم،
بەڵام وەک شێر ئێسکم ورد دەکات،
شەو و ڕۆژ تۆ لەناوم دەبەیت.
14
وەک پەڕەسێلکە و ڕیشۆڵە جیکە جیک دەکەم،
وەکو کۆتر دەگمێنم،
چاوم شل بوو هێندە لە ئاسمان بڕوانم.
وەڕس بووم، ئەی پەروەردگار، بە هانام وەرە!»
15
ئیتر چی بڵێم؟
ئەو پێی فەرمووم و ئەو خۆی کردی.
بە بێفیزی بە هەموو ساڵانمدا دەڕۆم
لەبەر تاڵاوی گیانم.
16
ئەی پەروەردگار، مرۆڤ لەسەر ئەمانە دەژین،
ژیانی ڕۆحیم لە هەموو ئەمانەدایە.
تۆ منت چاککردەوە و
ژیانت پێ بەخشیم.
17
بێگومان سوودی بۆ من هەبوو کە
تاڵی لەسەر تاڵیم چێشت.
لە خۆشەویستیدا تۆ گیانی منت
لە تەڵەی لەناوچوون ڕزگار کرد،
چونکە هەموو گوناهەکانی منت
فڕێدایە پشت خۆتەوە.
18
جیهانی مردووان سوپاست ناکات و
مردووانیش ستایشت ناکەن،
هەروەها ئەوانەی لە گۆڕ دەنرێن
هیوایان بە دڵسۆزی تۆ نییە.
19
زیندووان، تەنها زیندووان سوپاست دەکەن،
باوکان دڵسۆزی تۆ
بە منداڵەکانیان دەناسێنن.
20
یەزدان ڕزگارم دەکات،
هەموو ڕۆژانی ژیانمان
مۆسیقا دەژەنین
لە پەرستگای یەزدان.
21
ئینجا ئیشایا گوتی: «با هەویری هەنجیر هەڵبگرن و بیخەنە سەر دوومەڵەکە، چاک دەبێتەوە.»
22
حەزقیاش گوتبووی: «نیشانە چییە، کە دەچمە پەرستگای یەزدان؟»
  1. a. 38‏:1 مەبەست لەو ڕۆژانەیە پێش ڕووداوەکانی بەشی 36.‏