عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پێشبینی ڕزگاربوونی ئۆرشەلیم 
1
کاتێک حەزقیای پاشا گوێی لەمە بوو، جلەکانی لەبەر خۆیدا دادڕی و بەرگی لە گوش دروستکراوی پۆشی و چووە ناو پەرستگای یەزدان
2
ئینجا ئەلیاقیمی سەرپەرشتیاری کۆشک و شەڤنای خامەی نهێنی و کاهینانی باڵا کە هەموویان جلوبەرگی گوشیان پۆشیبوو ناردیانە لای ئیشایا پێغەمبەری کوڕی ئامۆچ،
3
پێیان گوت: «حەزقیا دەڵێت، ئەمڕۆ ڕۆژی تەنگانە و سەرزەنشت و سووکایەتییە، وەک کاتێک کە کۆرپە لە سکی دایکیدا ئامادەیە بێتە دەرەوە، بەڵام دایکەکەی هێزی پاڵدانی نییە بۆ ئەوەی منداڵەکەی ببێت.
4
بەڵکو یەزدانی پەروەردگارت گوێی لە قسەکانی فەرماندەی ناوچەکە بێت، کە گەورەکەی، پاشای ئاشور ناردی، تاکو سووکایەتی بە خودای زیندوو بکات. با یەزدانی پەروەردگارت سەرزەنشتی بکات لەسەر ئەو قسانەی یەزدانی پەروەردگارت گوێی لێبوو. ئیتر نوێژ بکە لە پێناوی ئەوانەی ماونەتەوە.»
5
کاتێک خزمەتکارەکانی حەزقیای پاشا هاتنە لای ئیشایا،
6
ئیشایاش پێی گوتن: «بە گەورەکەتان بڵێن: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: لەو قسانە مەترسە کە گوێت لێیان بوو، کە خزمەتکارەکانی پاشای ئاشور کفریان بەرامبەر بە من کرد.
7
گوێ بگرە! من وای لێ دەکەم هەواڵێک ببیستێت و بگەڕێتەوە خاکەکەی خۆی، لەوێش بە شمشێر لەناوی دەبەم.“»
8
کاتێک فەرماندەی ناوچەکە بیستییەوە کە پاشای ئاشور لاخیشی بەجێهێشتووە، کشایەوە، بینی پاشای ئاشور لە دژی لیڤنا دەجەنگێت.
9
سەنحێریب دەربارەی تیرهاقای پاشای کوش هەواڵی پێگەیشت کە لە میسرەوە لە دژی ئەو سوپای جوڵاندووە. کاتێک گوێ لەمە بوو، نێردراوی بۆ لای حەزقیا نارد و گوتی:
10
«بە حەزقیای پاشای یەهودا بڵێن: ڕێگا مەدە خوداوەندەکەت ئەوەی کە پشتت پێی بەستووە فریوت بدات بەوەی کە دەڵێت: ”ئۆرشەلیم ناکەوێتە دەست پاشای ئاشور.“
11
بە دڵنیاییەوە تۆ خۆت بیستووتە کە پاشاکانی ئاشور چییان بە هەموو خاکەکان کردووە، بە تەواوی لەناویانبردوون. ئایا تۆ دەرباز دەبیت؟
12
ئایا خوداوەندەکانی ئەو نەتەوانە فریای ئەوان کەوتن، ئەو نەتەوانەی باوباپیرانم لەناویانبردن، خوداوەندەکانی گۆزان و حەڕان و ڕەچەف و نەوەی عەدەن ئەوەی لە تێل‌ئەسار بوو؟
13
کوان پاشای حەمات و پاشای ئەرپاد و پاشای شارەکانی سفەرڤەیم، هێنەع و عیڤا؟»
نوێژی حەزقیا 
14
حەزقیا نامەکەی لە دەستی نێردراوەکان وەرگرت و خوێندییەوە. ئینجا سەرکەوت بۆ پەرستگای یەزدان، لەبەردەم یەزدان ڕایخست.
15
حەزقیا نوێژی بۆ یەزدان کرد و گوتی:
16
«ئەی یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، تۆ لەسەر تەخت لەنێوان کەڕوبەکان دانیشتوویت[a] ، تۆ بە تەنها خودای هەموو شانشینەکانی زەویت، تۆ ئاسمان و زەویت دروستکرد.
17
ئەی یەزدان، گوێ شل بکە و ببیستە! ئەی یەزدان، چاوەکانت بکەرەوە و ببینە، گوێ لە تەواوی پەیامەکەی سەنحێریب بگرە کە ناردوونی، هەتا سووکایەتی بە خودای زیندوو بکات.
18
«ئەی یەزدان، ئەوە ڕاستە کە پاشاکانی ئاشور هەموو ئەو نەتەوانە و خاکەکانیان وێران کردووە.
19
خوداوەندەکانیشیان لێ فڕێدانە ناو ئاگرەوە و لەناویانبردن، چونکە ئەوانە خودا نەبوون، بەڵکو تەنها دار و بەرد و دەستکردی مرۆڤ بوون.
20
ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، لە دەستی ئەو ڕزگارمان بکە، تاکو هەموو شانشینەکانی زەوی بزانن کە بە تەنها تۆ، ئەی یەزدان، خودایت.»
ڕووخاندنی پاشایەتی سەنحێریب 
21
ئینجا ئیشایای کوڕی ئامۆچ ناردی بۆ لای حەزقیا و گوتی: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی نوێژت بۆ کردم سەبارەت بە سەنحێریبی پاشای ئاشور،
22
ئەمە ئەو فەرمایشتەیە کە یەزدان لەسەر ئەو فەرموویەتی:
«سییۆنی کچە[b] پاکیزە[c] ،
بێزت لێ دەکاتەوە و گاڵتەت پێ دەکات.
ئۆرشەلیمی کچ،
کە تۆ هەڵدێیت پێت پێدەکەنێت.
23
سووکایەتی و کفرت بە کێ کرد؟
دەنگت بەسەر کێدا بەرز کردەوە و
چاوەکانت بە فیزەوە[d] هەڵدەبڕیت؟
لەسەر خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل!
24
لەسەر دەستی خزمەتکارەکانت
سووکایەتیت بە پەروەردگار کرد.
هەروەها دەڵێیت:
”بە زۆری گالیسکەکانمەوە
من سەرکەوتمە سەر بەرزایی چیاکان،
هەتا ئەوپەڕی لوبنان.
بەرزترین دار ئورز و
باشترین دار سنەوبەرم بڕییەوە.
چوومە ناو دوورترین بەرزاییەکانی،
ناو چڕی دارستانەکانی.
25
من لە خاکی بێگانەکان چەندین بیرم لێدا و
ئاوم لێیان خواردەوە.
هەموو لقەکانی نیلم،
بە بنی پێیەکانم کوێر کردەوە.“
26
«ئەی گوێت لێ نەبووە؟
من لەمێژە دیاریم کردووە،
لە ڕۆژگاری کۆنەوە نەخشەم کێشاوە،
ئێستاش دەیهێنمە دی،
کە تۆ بێیت شارە قەڵابەندەکان بڕووخێنیت،
هەتا ببنە وێرانەیەک لە کەڵەکە بەرد.
27
دانیشتووانەکانیان بێ دەسەڵاتن،
ڕەنگ زەرد و شەرمەزار بوون،
بوونە گیای کێڵگە،
ڕووەکی سەوز،
گژوگیای سەربان،
هەڵبزڕکاو بەر لەوەی گەشە بکات.
28
«بەڵام من هەستان و دانیشتنت و
کاتی هاتوچۆکەت دەزانم،
هەروەها هەڵچوونت لە دژی من.
29
لەبەر ئەوەی هەڵچوونت لێم و خۆبەزلزانیت
گەیشتنە گوێم،
قولاپەکەم دەخەمە لووتت و
لغاوەکەم لە لێوەکانت و
بەو ڕێگایەدا دەتنێرمەوە
کە لێوەی هاتوویت.
30
«ئەی حەزقیا، ئەمەش نیشانەیە بۆ تۆ:
«ئەم ساڵ دەغڵی خۆڕسک دەخۆن،
ساڵی دووەم ئەوەی لەوەوە بەردەگرێت،
بەڵام لە ساڵی سێیەم دەکێڵن و دەدورنەوە و
مێو دەچێنن و لە بەرەکەی دەخۆن.
31
ئەوانەی لە بنەماڵەی یەهودا دەرباز بوون و ماونەتەوە،
جارێکی دیکە لە ژێرەوە ڕەگ دادەکوتن و لە سەرەوەش بەر دەگرن.
32
لە ئۆرشەلیمەوە پاشماوەیەک بڵاو دەبنەوە و
دەربازبووانیش لە کێوی سییۆنەوە،
دڵگەرمی یەزدانی سوپاسالار
ئەمە دەکات.
33
«لەبەر ئەوە یەزدان لەبارەی پاشای ئاشورەوە ئەمە دەفەرموێت:
«نایەتە ناو ئەم شارەوە و
تیرێکیش بۆ ئەوێ ناهاوێژێت.
بە قەڵغانیشەوە لێی نایەتە پێشەوە و
سەنگەریشی لێ ناگرێت.
34
نایەتە ناو ئەم شارەوە،
بەو ڕێگایەدا دەگەڕێتەوە کە پێیدا هاتووە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
35
«بەرگری لەم شارە دەکەم و دەیپارێزم،
لە پێناوی خۆم و لە پێناوی داودی بەندەم.»
36
ئیتر فریشتەی یەزدان هات و سەد و هەشتا و پێنج هەزار کەسی لەناو ئۆردوگای ئاشور کوشت، بەیانی زوو کە هەستان بینییان هەموویان لاشەی مردوون.
37
ئینجا سەنحێریبی پاشای ئاشور دەستی کێشایەوە و ڕۆیشت، گەڕایەوە و لە نەینەوا مایەوە.
38
لەدوای ئەوە، کاتێک سەنحێریب لە پەرستگای نیسرۆخی خوداوەندی کڕنۆشی بردبوو، هەردوو کوڕەکەی، ئەدرەمەلەک و سەرئەچەر، بە شمشێر لێیاندا و ڕایانکرد بۆ خاکی ئارارات. ئیتر ئێسەرحەدۆنی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
  1. a. 37‏:16 لەنێوان کەڕوبەکان: جووتێک پەیکەری بوونەوەری ئاسمانی باڵدارە، لە شێوەی ئاژەڵ و مرۆڤدایە، بۆ پارێزگاریکردن لە سندوقی پەیمان دانرابوو، بڕوانە دەرچوون 25‏:22 و عیبرانییەکان 9‏:5‏‏.‏
  2. b. 37‏:22 کچی شاری پایتەخت واتا هەموو گەلی ئەو وڵاتە.‏
  3. c. 37‏:22 پاکیزە: مەبەست لە وڵاتێکە کە داگیر نەکراوە.‏
  4. d. 37‏:23 عیبری: بۆ باڵا.‏