عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
خۆشحاڵی ئەوانەی یەزدان کڕیونیەتیەوە 
1
چۆڵەوانی و خاکی وشک شادمان دەبن،
بیابان دەگەشێتەوە و چرۆ دەکات،
وەک گوڵاڵە سوورە،
2
بە تەواوی چرۆ دەکات و
تەواو دەگەشێتەوە و هاواری خۆشی دەکات!
شکۆی لوبنانی پێدەدرێت،
شەوکەتی کارمەل و شارۆن،
ئەوان شکۆی یەزدان و
شەوکەتی خودامان دەبینن.
3
دەستە شلەکان توند بکەن و
ئەژنۆ لەرزۆکەکان بچەسپێنن.
4
بەوانە بڵێن کە دڵەکوتێیانە:
«خۆتان توند بکەن، مەترسن!
ئەوەتا خوداتان،
بە تۆڵەسەندنەوە دێت،
سزای خوداتان.
ئەو دێت و ڕزگارتان دەکات.»
5
ئەوسا چاوی کوێر دەبینێت و
گوێی کەڕ دەکرێتەوە.
6
ئەوسا شەل وەک ئاسک باز دەدات و
زمانی لاڵ هاواری خۆشی دەکات،
چونکە لە چۆڵەوانی ئاو تەقییەوە و
ڕووباریش لە بیابان.
7
سەراب دەبێتە گۆم و
خاکی تینوو بە کانیاو.
لە لانەی چەقەڵەکان، لە مۆڵگەکەیان،
قامیش و زەلی لێ سەوز دەبێت.
8
لەوێ ڕێڕەوێک و ڕێگایەک دەبێت،
ڕێگای پیرۆزی پێ دەگوترێت.
گڵاو پێیدا تێناپەڕێت،
بەڵکو بۆ ئەوانەیە
کە بە چاکە پێیدا دەڕۆن،
گێلەکان پێدا ناڕۆن.
9
شێر لەوێ نابێت،
جانەوەری دڕندە بۆ ئەوێ سەرناکەوێت،
لەوێ بەرچاو ناکەون.
بەڵکو ئەوانەی کڕاونەتەوە پێیدا دەڕۆن،
10
ئەوانەی یەزدان کڕیونیەتیەوە دەگەڕێنەوە،
بە هاواری خۆشییەوە بۆ سییۆن دێن،
شادییەکی هەتاهەتایی بەسەر سەریانەوە.
خۆشی و شادی پێیان دەگەن و
ناخۆشی و ئاخ هەڵکێشان هەڵدێن.