عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نیشانەی ڕاپێچکردن 
1
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
2
«ئەی کوڕی مرۆڤ، تۆ لەناو ماڵێکی یاخیدا نیشتەجێی، ئەوانەی چاویان هەیە بۆ ئەوەی ببینن، بەڵام نابینن، گوێیان هەیە بۆ ئەوەی ببیستن، بەڵام نابیستن، چونکە بنەماڵەیەکی یاخین.
3
«لەبەر ئەوە، ئەی کوڕی مرۆڤ، هەگبەی ڕاپێچکردن بۆ خۆت ئامادە بکە و بە ڕۆژ لەبەرچاویان بڕۆ، لەم شوێنەوە بۆ شوێنێکی دیکە لەبەرچاویان بڕۆ، بەڵکو تێبگەن، هەرچەندە بنەماڵەیەکی یاخین.
4
بە ڕۆژ لەبەرچاویان هەگبەکەت دەردەهێنیت، وەک هەگبەی ڕاپێچکراوان. ئێوارە لەبەرچاویان بڕۆ دەرەوە، وەک ئەوانەی ڕاپێچ دەکرێن.
5
بە بەرچاویانەوە دیوار کون بکە و لە کونەکەوە هەگبەکە دەربهێنە.
6
بە بەرچاویانەوە لەسەر شانت هەڵیبگرە، کاتێک کە تاریکی دادێت دەریبهێنە، دەموچاوت داپۆشە کە خاکەکە نەبینیت، چونکە تۆم کردووە بە نیشانەیەک بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل.»
7
منیش هەروەک ئەوەی فەرمانم پێ کرابوو وام کرد. هەگبەکەم وەک هەگبەی ڕاپێچکردن بە ڕۆژ دەرهێنا، ئێوارەش بە دەستی خۆم دیوارم کون کرد، کە تاریکی داهات لەبەرچاویان لەسەر شانم هەڵمگرت و هێنامە دەرەوە.
8
بۆ بەیانی فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
9
«ئەی کوڕی مرۆڤ، ئایا گەلی ئیسرائیلی یاخی لە تۆیان نەپرسی: ”ئەوە چی دەکەیت؟“
10
«پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەم سروشە[a] سەبارەت بەو میرەیە کە لە ئۆرشەلیمە و هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل و بۆ ئەوانەش کە لەوێن.“
11
بڵێ: ”من نیشانەم بۆ ئێوە.“
«من چیم کرد، ئاوایان پێ دەکرێت، بە دیل دەگیرێن و ڕاپێچ دەکرێن.
12
«ئەو میرەش کە لەنێویانە کە تاریکی داهات هەگبەکەی لەسەر شان هەڵدەگرێت و دەڕوات. دیوار کون دەکەن هەتا لێوەی بچنە دەرەوە. دەموچاوی دادەپۆشێت هەتا بە چاوی خۆی خاکەکە نەبینێت.
13
منیش تۆڕی خۆمی بۆ دادەنێمەوە، دەکەوێتە تۆڕەکەمەوە، دەیهێنم بۆ بابل، خاکی کلدانییەکان، بەڵام نایبینێت و لەوێ دەمرێت.
14
هەموو ئەوانەی لە دەوروبەری ئەون بۆ یارمەتیدانی و هەموو لەشکرەکانی، بە دەم هەموو بایەکدا پەرتەوازەیان دەکەم و بە شمشێرێکی هەڵکێشراو ڕاویان دەنێم.
15
«ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک بەناو نەتەوەکاندا پەرتیان دەکەم و بەنێو شانشینەکاندا پەرتەوازەیان دەکەم.
16
چەند کەسێکی کەمیان لە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لێ دەهێڵمەوە، هەتا لەنێو ئەو نەتەوانەی بۆ ناویان دەچن باسی هەموو نەریتە قێزەونەکانیان بکەن، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»
17
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
18
«ئەی کوڕی مرۆڤ، بەدەم لەرزینەوە نانت بخۆ، بە ترس و خەمەوە ئاوت بخۆوە.
19
بە گەلی خاکەکە بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست سەبارەت بە دانیشتووانی ئۆرشەلیم و خاکی ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بە خەمەوە نانیان دەخۆن و بە واقوڕمانەوە ئاویان دەخۆنەوە، چونکە خاکەکەیان وێران دەبێت لەبەر پڕبوونی لە ستەمی هەموو دانیشتووانەکەی ناوی.
20
شارە ئاوەدانەکان کاول دەکرێن و خاکەکە چۆڵ دەبێت، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“»
21
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
22
«ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەم پەندە چییە کە لەسەر خاکی ئیسرائیل هەتانە، ئەوەی دەڵێت: ”ڕۆژگار درێژەی کێشا و هەموو بینینەکان نایەنە دی“؟
23
لەبەر ئەوە پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەم پەندە بەتاڵ دەکەمەوە و ئیتر لەناو ئیسرائیلدا نایکەن بە پەند.“ بەڵکو پێیان بڵێ: ”ڕۆژگار نزیک بووەوە، هەموو بینینێک دێتە دی،
24
چونکە لەمەودوا هیچ بینینێکی بەتاڵ و فاڵگرتنەوەی زمان لووسی لەنێو بنەماڵەی ئیسرائیلدا نابێت.
25
بەڵکو من یەزدانم، ئەوەی بمەوێت بیفەرمووم، دەیفەرمووم و دێتە دی. ئەی بنەماڵەی یاخی، لەمەودوا درێژە ناکێشێت، چونکە ئەوەی دەیفەرمووم لە سەردەمی خۆتان دەیهێنمە دی. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
26
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
27
«ئەی کوڕی مرۆڤ، وا بنەماڵەی ئیسرائیل دەڵێن: ”ئەو بینینەی بۆی ئاشکرا کرا بۆ ڕۆژگارێکی زۆر لەدوای ئەمەیە و ئەو بۆ سەردەمە دوورەکان پێشبینی دەکات.“
28
«لەبەر ئەوە پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەمەودوا هیچ یەک لە وشەکانم درێژە ناکێشێت، ئەو وشەیەی فەرمووم دێتە دی. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
  1. a. 12‏:10 ‏فەرموودەیەکی خودایە کە لە ڕێگای ڕۆحی پیرۆزەوە بۆ مرۆڤ هاتبێت.‏