عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سه‌پاندنی حوكمی یه‌زدان 
1
ئینجا ڕۆحی خودا هه‌ڵیگرتم و منی هێنایه‌ لای ده‌روازه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ماڵی یه‌زدان. بیست و پێنج پیاو له‌به‌ر ده‌روازه‌كه‌ بوون و له‌نێویاندا دوو ڕابه‌ری گه‌ل، یازه‌نیاهوی كوڕی عه‌زور و په‌له‌تیای كوڕی به‌نایام بینی.
2
یه‌زدان پێی فه‌رمووم: «ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، ئه‌وانه‌ ئه‌و پیاوانه‌ن كه‌ بیر له‌ به‌دكاری ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌م شاره‌ پیلان داده‌ڕێژن و ڕاوێژی خراپ پێشكه‌ش ده‌كه‌ن،
3
ده‌ڵێن: ”كاته‌كه‌ له‌بار نییه‌ بۆ دروستكردنی خانوو، شار مه‌نجه‌ڵه‌ و ئێمه‌ش گۆشته‌كه‌ین.“
4
له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێشبینی بكه‌ له‌سه‌ریان، ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، پێشبینی بكه‌!»
5
جا ڕۆحی یه‌زدان هاته‌ سه‌رم و پێی فه‌رمووم: «بڵێ، یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ئه‌ی بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل، ئێوه‌ وا ده‌ڵێن، به‌ڵام من ده‌زانم چی له‌ژێر سه‌رتانه‌.
6
زۆرتان له‌و شاره‌ كوشتووه‌، كۆڵانه‌كانیتان پڕكرد له‌ كوژراو.
7
«له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ئه‌وانه‌ی ئێوه‌ كوشتتان و فڕێتاندانه‌ ناوه‌ڕاستی شاره‌كه‌، ئه‌وان گۆشتن و شاریش مه‌نجه‌ڵه‌كه‌، ئێوه‌ش له‌ناوه‌ڕاستی ده‌رده‌كه‌م.
8
ئێوه‌ له‌ شمشێر ده‌ترسن، شمشێرتان ده‌هێنمه‌ سه‌ر. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.
9
له‌ شار ده‌رتانده‌هێنم و ده‌تانده‌مه‌ ده‌ست بێگانه‌، سزاتان ده‌ده‌م.
10
به‌ شمشێر ده‌كوژرێن، له‌سه‌ر سنووری ئیسرائیل حوكمتان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنم، ئیتر ئێوه‌ ده‌زانن كه‌ من یه‌زدانم.
11
ئه‌م شاره‌ بۆ ئێوه‌ نابێت به‌ مه‌نجه‌ڵ و ئێوه‌ش نابن به‌ گۆشته‌كه‌ی ناوی، به‌ڵكو له‌سه‌ر سنووری ئیسرائیل حوكمتان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنم.
12
ئیتر ئێوه‌ ده‌زانن كه‌ من یه‌زدانم، چونكه‌ ڕێگای فه‌رزه‌كانی منتان په‌یڕه‌و نه‌كردووه‌ و كارتان به‌ حوكمه‌كانی من نه‌كردووه‌، به‌ڵكو به‌پێی بنه‌ماكانی نه‌ته‌وه‌كانی ده‌وروبه‌ری خۆتان ڕۆیشتن.»
13
كاتێك كه‌ پێشبینیم ده‌كرد، په‌له‌تیای كوڕی به‌نایا مرد. جا به‌سه‌ر ڕوومدا كه‌وتم و به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاوارم كرد و گوتم: «ئای یه‌زدانی باڵاده‌ست! ئایا تۆ پاشماوه‌ی ئیسرائیل به‌ ته‌واوی له‌ناوده‌به‌یت؟»
14
ئینجا فه‌رمایشتی یه‌زدانم بۆ هات، پێی فه‌رمووم:
15
«ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، دانیشتووانی ئۆرشه‌لیم سه‌باره‌ت به‌ براكانت، خزمه‌كانی خۆت و هه‌موو ڕاپێچكراوانی گه‌لی ئیسرائیل، گوتیان: ”ئه‌وان له‌ یه‌زدان دووركه‌وتنه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدان خاكه‌كه‌ی به‌ میرات به‌ ئێمه‌ به‌خشی.“
به‌ڵێنی كۆكردنه‌وه‌ی ئیسرائیل 
16
«له‌به‌ر ئه‌وه‌ بڵێ: ”یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: هه‌رچه‌نده‌ بۆ ناو نه‌ته‌وه‌كانیش دوورم خستبنه‌وه‌ و به‌ناو خاكه‌كاندا په‌رته‌وازه‌م كردبن، بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م بۆ ئه‌وان بووم به‌ په‌ناگایه‌كی پیرۆز له‌و خاكانه‌ی كه‌ بۆی چوون.“
17
«له‌به‌ر ئه‌وه‌ بڵێ: ”یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: من له‌نێو گه‌لان كۆتان ده‌كه‌مه‌وه‌ و له‌ناو ئه‌و خاكانه‌ی تێیدا په‌رته‌وازه‌ بوونه‌ ده‌تانگه‌ڕێنمه‌وه‌ و خاكی ئیسرائیلتان پێده‌ده‌مه‌وه‌.“
18
«بۆ ئه‌وێ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و هه‌موو وێنه‌یه‌كی قێزه‌ون و بتێكی گڵاوی لێ داده‌ماڵن.
19
یه‌ك دڵیان ده‌ده‌مێ، ڕۆحێكی تازه‌ ده‌خه‌مه‌ ناویانه‌وه‌. ئه‌و دڵه‌ به‌ردینه‌یان لێ ده‌كه‌مه‌وه‌ و دڵێكی گۆشتینیان ده‌ده‌مێ،
20
بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگای فه‌رزه‌كانم په‌یڕه‌و بكه‌ن و حوكمه‌كانم بپارێزن و كاری پێ بكه‌ن، ببن به‌ گه‌لی من و منیش ده‌بم به‌ خودای ئه‌وان.
21
به‌ڵام ئه‌وانه‌ی دڵیان به‌دوای وێنه‌ی قێزه‌ون و بتی گڵاو كه‌وتووه‌، من كرده‌وه‌كانی خۆیان به‌سه‌ر خۆیاندا ده‌هێنمه‌وه‌. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.»
22
ئینجا كه‌ڕوبه‌كان باڵه‌كانیان به‌رزكرده‌وه‌ و چه‌رخه‌كانیش له‌گه‌ڵیان، شكۆمه‌ندی خودای ئیسرائیلیش له‌سه‌ر سه‌ریان بوو.
23
شكۆمه‌ندی یه‌زدان له‌سه‌ر ناوه‌ڕاستی شاره‌كه‌ به‌رزبووه‌وه‌ و له‌سه‌ر ئه‌و كێوه‌ ڕاوه‌ستا كه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی شاره‌كه‌یه‌.
24
ڕۆحی خودا هه‌ڵیگرتم و له‌ بینیندا منی هێنایه‌ خاكی بابلییه‌كان بۆ لای ڕاپێچكراوه‌كان.
لێره‌دا ئه‌و بینینه‌ له‌به‌رچاوم نه‌ما،
25
ئیتر هه‌موو ئه‌وه‌ی یه‌زدان پیشانی دام به‌ ڕاپێچكراوه‌كانم ڕاگه‌یاند.