عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نیشانه‌ی ڕاپێچكردن 
1
فه‌رمایشتی یه‌زدانم بۆ هات، پێی فه‌رمووم:
2
«ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، تۆ له‌ناو ماڵێكی یاخیدا نیشته‌جێی، ئه‌وانه‌ی چاویان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببینن، به‌ڵام نابینن، گوێیان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببیستن، به‌ڵام نابیستن، چونكه‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی یاخین.
3
«له‌به‌ر ئه‌وه‌، ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، هه‌گبه‌ی ڕاپێچكردن بۆ خۆت ئاماده‌ بكه‌ و به‌ ڕۆژ له‌به‌رچاویان بڕۆ، له‌م شوێنه‌وه‌ بۆ شوێنێكی دیكه‌ له‌به‌رچاویان بڕۆ، به‌ڵكو تێبگه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی یاخین.
4
به‌ ڕۆژ له‌به‌رچاویان هه‌گبه‌كه‌ت ده‌رده‌هێنیت، وه‌ك هه‌گبه‌ی ڕاپێچكراوان. ئێواره‌ له‌به‌رچاویان بڕۆ ده‌ره‌وه‌، وه‌ك ئه‌وانه‌ی ڕاپێچ ده‌كرێن.
5
به‌ به‌رچاویانه‌وه‌ دیوار كون بكه‌ و له‌ كونه‌كه‌وه‌ هه‌گبه‌كه‌ ده‌ربهێنه‌.
6
به‌ به‌رچاویانه‌وه‌ له‌سه‌ر شانت هه‌ڵیبگره‌، كاتێك كه‌ تاریكی دادێت ده‌ریبهێنه‌، ده‌موچاوت داپۆشه‌ كه‌ خاكه‌كه‌ نه‌بینیت، چونكه‌ تۆم كردووه‌ به‌ نیشانه‌یه‌ك بۆ بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل.»
7
منیش هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی فه‌رمانم پێ كرابوو وام كرد. هه‌گبه‌كه‌م وه‌ك هه‌گبه‌ی ڕاپێچكردن به‌ ڕۆژ ده‌رهێنا، ئێواره‌ش به‌ ده‌ستی خۆم دیوارم كون كرد، كه‌ تاریكی داهات له‌به‌رچاویان له‌سه‌ر شانم هه‌ڵمگرت و هێنامه‌ ده‌ره‌وه‌.
8
بۆ به‌یانی فه‌رمایشتی یه‌زدانم بۆ هات، پێی فه‌رمووم:
9
«ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، ئایا گه‌لی ئیسرائیلی یاخی له‌ تۆیان نه‌پرسی: ”ئه‌وه‌ چی ده‌كه‌یت؟“
10
«پێیان بڵێ: ”یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ئه‌م سروشه‌[a] سه‌باره‌ت به‌و میره‌یه‌ كه‌ له‌ ئۆرشه‌لیمه‌ و هه‌موو بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل و بۆ ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌وێن.“
11
بڵێ: ”من نیشانه‌م بۆ ئێوه‌.“
«من چیم كرد، ئاوایان پێ ده‌كرێت، به‌ دیل ده‌گیرێن و ڕاپێچ ده‌كرێن.
12
«ئه‌و میره‌ش كه‌ له‌نێویانه‌ كه‌ تاریكی داهات هه‌گبه‌كه‌ی له‌سه‌ر شان هه‌ڵده‌گرێت و ده‌ڕوات. دیوار كون ده‌كه‌ن هه‌تا لێوه‌ی بچنه‌ ده‌ره‌وه‌. ده‌موچاوی داده‌پۆشێت هه‌تا به‌ چاوی خۆی خاكه‌كه‌ نه‌بینێت.
13
منیش تۆڕی خۆمی بۆ داده‌نێمه‌وه‌، ده‌كه‌وێته‌ تۆڕه‌كه‌مه‌وه‌، ده‌یهێنم بۆ بابل، خاكی كلدانییه‌كان، به‌ڵام نایبینێت و له‌وێ ده‌مرێت.
14
هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌وروبه‌ری ئه‌ون بۆ یارمه‌تیدانی و هه‌موو له‌شكره‌كانی، به‌ ده‌م هه‌موو بایه‌كدا په‌رته‌وازه‌یان ده‌كه‌م و به‌ شمشێرێكی هه‌ڵكێشراو ڕاویان ده‌نێم.
15
«ئیتر ئه‌وان ده‌زانن كه‌ من یه‌زدانم، كاتێك به‌ناو نه‌ته‌وه‌كاندا په‌رتیان ده‌كه‌م و به‌نێو شانشینه‌كاندا په‌رته‌وازه‌یان ده‌كه‌م.
16
چه‌ند كه‌سێكی كه‌میان له‌ شمشێر و قاتوقڕی و ده‌رد لێ ده‌هێڵمه‌وه‌، هه‌تا له‌نێو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی بۆ ناویان ده‌چن باسی هه‌موو نه‌ریته‌ قێزه‌ونه‌كانیان بكه‌ن، ئیتر ئه‌وان ده‌زانن كه‌ من یه‌زدانم.»
17
فه‌رمایشتی یه‌زدانم بۆ هات، پێی فه‌رمووم:
18
«ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، به‌ده‌م له‌رزینه‌وه‌ نانت بخۆ، به‌ ترس و خه‌مه‌وه‌ ئاوت بخۆوه‌.
19
به‌ گه‌لی خاكه‌كه‌ بڵێ: ”یه‌زدانی باڵاده‌ست سه‌باره‌ت به‌ دانیشتووانی ئۆرشه‌لیم و خاكی ئیسرائیل ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: به‌ خه‌مه‌وه‌ نانیان ده‌خۆن و به‌ واقوڕمانه‌وه‌ ئاویان ده‌خۆنه‌وه‌، چونكه‌ خاكه‌كه‌یان وێران ده‌بێت له‌به‌ر پڕبوونی له‌ سته‌می هه‌موو دانیشتووانه‌كه‌ی ناوی.
20
شاره‌ ئاوه‌دانه‌كان كاول ده‌كرێن و خاكه‌كه‌ چۆڵ ده‌بێت، ئیتر ئێوه‌ ده‌زانن كه‌ من یه‌زدانم.“»
21
فه‌رمایشتی یه‌زدانم بۆ هات، پێی فه‌رمووم:
22
«ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، ئه‌م په‌نده‌ چییه‌ كه‌ له‌سه‌ر خاكی ئیسرائیل هه‌تانه‌، ئه‌وه‌ی ده‌ڵێت: ”ڕۆژگار درێژه‌ی كێشا و هه‌موو بینینه‌كان نایه‌نه‌ دی“؟
23
له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێیان بڵێ: ”یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ئه‌م په‌نده‌ به‌تاڵ ده‌كه‌مه‌وه‌ و ئیتر له‌ناو ئیسرائیلدا نایكه‌ن به‌ په‌ند.“ به‌ڵكو پێیان بڵێ: ”ڕۆژگار نزیك بووه‌وه‌، هه‌موو بینینێك دێته‌ دی،
24
چونكه‌ له‌مه‌ودوا هیچ بینینێكی به‌تاڵ و فاڵگرتنه‌وه‌ی زمان لووسی له‌نێو بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیلدا نابێت.
25
به‌ڵكو من یه‌زدانم، ئه‌وه‌ی بمه‌وێت بیفه‌رمووم، ده‌یفه‌رمووم و دێته‌ دی. ئه‌ی بنه‌ماڵه‌ی یاخی، له‌مه‌ودوا درێژه‌ ناكێشێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ده‌یفه‌رمووم له‌ سه‌رده‌می خۆتان ده‌یهێنمه‌ دی. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.“»
26
فه‌رمایشتی یه‌زدانم بۆ هات، پێی فه‌رمووم:
27
«ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، وا بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل ده‌ڵێن: ”ئه‌و بینینه‌ی بۆی ئاشكرا كرا بۆ ڕۆژگارێكی زۆر له‌دوای ئه‌مه‌یه‌ و ئه‌و بۆ سه‌رده‌مه‌ دووره‌كان پێشبینی ده‌كات.“
28
«له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێیان بڵێ: ”یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: له‌مه‌ودوا هیچ یه‌ك له‌ وشه‌كانم درێژه‌ ناكێشێت، ئه‌و وشه‌یه‌ی فه‌رمووم دێته‌ دی. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.“»
  1. a. 12‏:10 ‏فه‌رمووده‌یه‌كی خودایه‌ كه‌ له‌ ڕێگای ڕۆحی پیرۆزه‌وه‌ بۆ مرۆڤ هاتبێت.