عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - قوڕبەسەر پێغەمبەرە درۆزنەکان
 - 1
 - ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
 - 2
 - «ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە لەسەر پێغەمبەرەکانی ئیسرائیل، ئەوانەی لەخۆیانەوە پێشبینی دەکەن: ”گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن!
 - 3
 - یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: قوڕبەسەر ئەو پێغەمبەرە گێلانەی بەدوای ڕۆحی خۆیان کەوتوون و هیچیان نەبینیوە.
 - 4
 - ئەی ئیسرائیل، پێغەمبەرەکانتان وەک چەقەڵی ناو کەلاوەیان لێ هاتووە.
 - 5
 - سەرنەکەوتن کەلێنی دیوارێک بگرن، شوورایەکیشتان بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل بنیاد نەنایەوە بۆ ئەوەی لە جەنگ بەرگریتان لێ بکات لە ڕۆژی یەزدان[a] .
 - 6
 - ئەوانەی بینینیان بەتاڵ و فاڵگرتنەوەیان درۆ بوو، دەڵێن: ’سروشی یەزدانە‘ و هەرچەندەش یەزدان ئەوانی نەناردووە، کەچی چاوەڕێی هاتنەدی پێشبینییەکەیان بوون.
 - 7
 - ئایا بینینی بەتاڵتان بۆ ئاشکرا نەکرا و بە فاڵگرتنەوەی درۆ قسەتان نەکرد، کە دەڵێن: ’سروشی یەزدانە،‘ من قسەم نەکردووە؟
 - 8
 - «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: چونکە بە بەتاڵی قسەتان کرد و بینینەکانتان درۆ بوون، لەبەر ئەوە من لە دژی ئێوەم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
 - 9
 - دەستیشم لە دژی ئەو پێغەمبەرانە دەبێت کە بینینەکانیان درۆ بوون، بینینیان بەتاڵە و فاڵگرتنەوەیان درۆیە. لەناو ئەنجومەنی گەلەکەم نابن و لەناو کتێبی بنەماڵەی ئیسرائیل ناویان نانووسرێت و ناچنە ناو خاکی ئیسرائیلەوە. ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.
 - 10
 - «”لەبەر ئەوەی گەلەکەی منیان گومڕا کرد، دەڵێن: ’ئاشتی!‘ ئاشتیش نییە، هەروەها لەبەر ئەوەی ئەو دیوارە لاوازەی خەڵکی بنیادی دەنێن، ئەوان بە گەچ سواخی دەدەن،
 - 11
 - بەوانە بڵێ کە بە گەچ سواخی دەدەن: ’دەکەوێت!‘ بارانێکی بەخوڕ دەبارێت، ئەی تەرزە بەردینەکان ئێوەش دەبارن و بایەکی بەهێزیش کەلێنی تێدەکات.
 - 12
 - ئەوەتا کە دیوارەکە دەڕووخێت، ئایا پێتان ناڵێن: ’کوا ئەو گەچەی پێتان سواخ دابوو؟‘
 - 13
 - «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە تووڕەییمدا بە بایەکی بەهێز کەلێنی تێدەکەم، لە هەڵچوونم بارانی بەخوڕ و تەرزەی بەردین دەنێرم بۆ لەناوبردنی.
 - 14
 - ئەو دیوارە دەڕووخێنم کە بە گەچ سواختان داوە، لەگەڵ زەوی تەختی دەکەم، بناغەکانی دەردەکەون. کاتێک دیوارەکە دەکەوێت، ئێوەش لەناویدا دەفەوتێن، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.
 - 15
 - جا تووڕەیی خۆم دەڕێژم بەسەر دیوارەکە و ئەوانەی بە گەچ سواخیان داوە، پێتان دەڵێم: ’دیوارەکە و ئەوانەش کە بە گەچ سواخیان داوە نەماون،
 - 16
 - ئەو پێغەمبەرانەی ئیسرائیل کە پێشبینییان بۆ ئۆرشەلیم کرد و بینینی ئاشتییان ڕاگەیاند، هیچ ئاشتیش نەبوو. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.‘ “
 - 17
 - «ئێستاش، ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە کچانی گەلەکەت بکە، ئەوانەی لە خۆیانەوە پێشبینی دەکەن، پێشبینی لەسەر ئەوان بکە و
 - 18
 - بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: قوڕبەسەر ئەو ژنانەی نوشتە لە شێوەی بازووبەند دەدورن بۆ مەچەکیان، نوشتە لە شێوەی سەرپۆش بۆ هەموو سەرێک دروستدەکەن، بۆ ڕاوکردنی گیانەکان. ئایا ئێوە دڵ و دەروونی گەلەکەم ڕاو دەکەن و خۆتان بە زیندووی دەهێڵنەوە؟
 - 19
 - ئێوە لەلای گەلەکەم لەبەر مشتێک جۆ و هەندێک لەتە نان گڵاوم دەکەن. بە درۆکردنتان بۆ گەلەکەم کە گوێ لە درۆ دەگرن، ئێوە ئەو کەسانەی کە شایستەی مردن نەبوون کوشتووتانن و ئەوانەی شایستەی ژیان نەبوون بە زیندوویی هێشتووتتانەوە.
 - 20
 - «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە دژی نوشتەکانی ئێوەم کە لەسەر شێوەی بازووبەندە، کە وەک باڵندە مرۆڤی پێ ڕاو دەکەن، لەسەر بازووتان دەیدڕێنم و ئەو مرۆڤانەی وەک باڵندە ڕاویان دەکەن بەڕەڵایان دەکەم.
 - 21
 - سەرپۆشەکانتان دەدڕێنم و فریای گەلەکەم دەکەوم لە دەستتان، لەمەودوا لەناو دەستتان نابن بۆ ڕاوکردنیان، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.
 - 22
 - لەبەر ئەوەی بە درۆ دڵی ڕاستودروستتان خەمبار کرد کە من خەمبارم نەکردبوو، هەروەها خراپەکارتان هاندا هەتا لە ڕێگا خراپەکانی نەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بژیێت،
 - 23
 - هەر بۆیە لەمەودوا بینینی بەتاڵیان بۆ ئاشکرا ناکرێت و چیتر فاڵ ناگرنەوە، فریای گەلەکەی خۆم دەکەوم لە دەستتان، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“»
 
- a. 13:5 ڕۆژی سزادانی گوناهباران و ڕزگارکردنی گەلی خودا.
 

