عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
حوكمی بتپه‌رستان 
1
چه‌ند پیاوێك له‌ پیره‌كانی ئیسرائیل هاتنه‌ لام و له‌به‌رده‌مم دانیشتن.
2
ئینجا فه‌رمایشتی یه‌زدانم بۆ هات، پێی فه‌رمووم:
3
«ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، ئه‌م پیاوانه‌ له‌ دڵه‌وه‌ بتپه‌رستی ده‌كه‌ن و كۆسپی تاوانكارییان له‌به‌رده‌می خۆیان داناوه‌، جا ئایا له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ هیچ پرسێكم پێ بكرێت؟
4
له‌به‌ر ئه‌وه‌ قسه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ و پێیان بڵێ: ”یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: هه‌ركه‌سێك له‌ بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل له‌ دڵه‌وه‌ بتپه‌رستی بكات و كۆسپی تاوانكاری له‌به‌ر ڕووی خۆی دابنێت، ئینجا بێته‌ لای پێغه‌مبه‌ره‌كه‌، ئه‌وا من كه‌ یه‌زدانم به‌گوێره‌ی دڵسۆزییه‌ زۆره‌كه‌ی بۆ بته‌كانی وه‌ڵامی ده‌ده‌مه‌وه‌.
5
وا ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌سه‌ر دڵی بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیلدا بگرمه‌وه‌، چونكه‌ هه‌موویان له‌به‌ر بته‌كانیان له‌ من هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌.“
6
«له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌ بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل بڵێ: ”یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: تۆبه‌ بكه‌ن! له‌ بته‌كانتان بگه‌ڕێنه‌وه‌ و ڕووتان له‌ هه‌موو نه‌ریته‌ قێزه‌ونه‌كانتان وه‌ربگێڕن.
7
«”ئه‌گه‌ر هه‌ركه‌سێك له‌ گه‌لی ئیسرائیل یان له‌و نامۆیانه‌ی له‌ ئیسرائیلن له‌ من دووربكه‌وێته‌وه‌ و له‌ دڵه‌وه‌ بتپه‌رستی بكات و كۆسپی تاوانكاری له‌به‌رده‌می خۆی دابنێت، ئینجا بێته‌ لای پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ هه‌تا پرس به‌ من بكات، من كه‌ یه‌زدانم خۆم وه‌ڵامی ده‌ده‌مه‌وه‌.
8
ڕووی خۆم له‌و كه‌سه‌ وه‌رده‌گێڕم و ده‌یكه‌مه‌ نیشانه‌ و په‌ند. له‌نێو گه‌له‌كه‌م ڕیشه‌كێشی ده‌كه‌م، ئیتر ئێوه‌ ده‌زانن كه‌ من یه‌زدانم.
9
«”ئه‌گه‌ر پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ به‌ فریودراوی قسه‌یه‌كی كرد، من كه‌ یه‌زدانم ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌م فریوداوه‌[a] و ده‌ستی بۆ درێژ ده‌كه‌م و له‌نێو گه‌له‌كه‌م ده‌یفه‌وتێنم.
10
تاوانی خۆیان له‌ ئه‌ستۆی خۆیان ده‌بێت، تاوانی پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ش وه‌ك تاوانی داواكاره‌كه‌ ده‌بێت.
11
ئیتر جارێكی دیكه‌ بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل نه‌ له‌ من گومڕا ده‌بن و نه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر هیچ له‌ یاخیبوونه‌كانیان و نه‌ ئیتر گڵاو ده‌بن، به‌ڵكو ده‌بن به‌ گه‌لی من و منیش ده‌بم به‌ خودای ئه‌وان. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.“»
ده‌ربازبوون له‌ حوكمی یه‌زدان مه‌حاڵه‌ 
12
ئینجا فه‌رمایشتی یه‌زدانم بۆ هات، پێی فه‌رمووم:
13
«ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، ئه‌گه‌ر هه‌ر خاكێك ده‌رحه‌ق به‌ من گوناه بكات، به‌وه‌ی ناپاكییه‌كم له‌گه‌ڵ بكات، منیش ده‌ستم درێژ كرده‌ سه‌ری و نانیم بڕی و قاتوقڕیم نارده‌ سه‌ری، مرۆڤ و ئاژه‌ڵم لێی ڕیشه‌كێش كرد،
14
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م سێ پیاوه‌شی تێدابێت، نوح و دانیال و ئه‌یوب، ئه‌وان به‌ ڕاستودروستی ته‌نها خۆیان فریای خۆیان ده‌كه‌ون. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.
15
«ئه‌گه‌ر گیانله‌به‌ری دڕنده‌ به‌ناو خاكه‌كه‌دا ڕه‌ت بكه‌م و وه‌جاخكوێری بكه‌ن و به‌هۆی گیانله‌به‌ره‌كانه‌وه‌ ببێته‌ چۆڵه‌وانی به‌بێ ڕێبوار،
16
به‌ گیانی خۆم، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌م سێ پیاوه‌ش له‌ناوه‌ڕاستیدا بێت، ئه‌وا فریای كوڕ و كچیان ناكه‌ون، ته‌نها فریای خۆیان ده‌كه‌ون و خاكه‌كه‌ش ده‌بێته‌ چۆڵه‌وانی. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.
17
«یان ئه‌گه‌ر شمشێرم هێنایه‌ سه‌ر ئه‌و خاكه‌ و فه‌رمووم: ”با شمشێر به‌ناو ئه‌م خاكه‌دا تێبپه‌ڕێت،“ ئیتر مرۆڤ و ئاژه‌ڵم لێی ڕیشه‌كێش كرد،
18
به‌ گیانی خۆم، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌م سێ پیاوه‌ش له‌ناوه‌ڕاستیدا بێت، ئه‌وا فریای كوڕ و كچیان ناكه‌ون، ته‌نها خۆیان ده‌رباز ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.
19
«یان ئه‌گه‌ر ده‌ردم نارده‌ سه‌ر ئه‌و خاكه‌ و به‌ خوێن تووڕه‌یی خۆم لێی ده‌ربڕی، هه‌تا مرۆڤ و ئاژه‌ڵی لێ ببڕمه‌وه‌،
20
ئه‌گه‌ر نوح و دانیال و ئه‌یوبیش له‌ناوه‌ڕاستی بوون، به‌ گیانی خۆم، ئه‌وان فریای كوڕ و كچێكیش ناكه‌ون، به‌ڵكو به‌ ڕاستودروستییه‌كه‌یان فریای خۆیان ده‌كه‌ون. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.
21
«چونكه‌ یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ئه‌ی چه‌ند زیاتر، ئه‌گه‌ر چوار حوكمه‌ تونده‌كانم بنێرمه‌ سه‌ر ئۆرشه‌لیم، شمشێر و قاتوقڕی و گیانله‌به‌ری دڕنده‌ و ده‌رد، هه‌تا مرۆڤ و ئاژه‌ڵی لێ ببڕمه‌وه‌.
22
به‌ڵام هه‌ندێكیان ماونه‌ته‌وه‌ و ده‌ربازبوون، كوڕان و كچان كه‌ له‌ شاره‌كه‌وه‌ ده‌رده‌هێنرێن. ئه‌وه‌تا بۆ لاتان دێنه‌ ده‌ره‌وه‌ و ئێوه‌ش ته‌ماشای ڕه‌فتار و كرده‌وه‌یان ده‌كه‌ن و دڵنه‌وایی ده‌كرێن له‌به‌ر ئه‌و به‌ڵایه‌ی به‌سه‌ر ئۆرشه‌لیمم هێنا.
23
كه‌ ڕه‌فتار و كرده‌وه‌ی خراپیان ده‌بینن، ئه‌وا دڵنه‌وایی خۆتان ده‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌و كاته‌ ده‌زانن كه‌ من به‌بێ هۆ هه‌موو ئه‌وانه‌م تێیدا نه‌كرد. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.»
  1. a. 14‏:9 ‏له‌باره‌ی فریودانه‌وه‌ \+xt بڕوانه‌ یه‌كه‌م پاشایان 22‏:19‏-28.‏\+xt*‏