عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
حوکمی بتپەرستان 
1
چەند پیاوێک لە پیرەکانی ئیسرائیل هاتنە لام و لەبەردەمم دانیشتن.
2
ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
3
«ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەم پیاوانە لە دڵەوە بتپەرستی دەکەن و کۆسپی تاوانکارییان لەبەردەمی خۆیان داناوە، جا ئایا لەلایەن ئەوانەوە هیچ پرسێکم پێ بکرێت؟
4
لەبەر ئەوە قسەیان لەگەڵ بکە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: هەرکەسێک لە بنەماڵەی ئیسرائیل لە دڵەوە بتپەرستی بکات و کۆسپی تاوانکاری لەبەر ڕووی خۆی دابنێت، ئینجا بێتە لای پێغەمبەرەکە، ئەوا من کە یەزدانم بەگوێرەی دڵسۆزییە زۆرەکەی بۆ بتەکانی وەڵامی دەدەمەوە.
5
وا دەکەم بۆ ئەوەی دڵی بنەماڵەی ئیسرائیل بەدەستبهێنمەوە، چونکە هەموویان لەبەر بتەکانیان لە من هەڵگەڕانەوە.“
6
«لەبەر ئەوە بە بنەماڵەی ئیسرائیل بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: تۆبە بکەن! لە بتەکانتان بگەڕێنەوە و ڕووتان لە هەموو نەریتە قێزەونەکانتان وەربگێڕن.
7
«”ئەگەر هەرکەسێک لە گەلی ئیسرائیل یان لەو نامۆیانەی لە ئیسرائیلن لە من دووربکەوێتەوە و لە دڵەوە بتپەرستی بکات و کۆسپی تاوانکاری لەبەردەمی خۆی دابنێت، ئینجا بێتە لای پێغەمبەرەکە هەتا پرس بە من بکات، من کە یەزدانم خۆم وەڵامی دەدەمەوە.
8
ڕووی خۆم لەو کەسە وەردەگێڕم و دەیکەمە نیشانە و پەند. لەنێو گەلەکەم ڕیشەکێشی دەکەم، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.
9
«”ئەگەر پێغەمبەرەکە بە فریودراوی قسەیەکی کرد، من کە یەزدانم ئەو پێغەمبەرەم فریوداوە[a] و دەستی بۆ درێژ دەکەم و لەنێو گەلەکەم دەیفەوتێنم.
10
تاوانی خۆیان لە ئەستۆی خۆیان دەبێت، تاوانی پێغەمبەرەکەش وەک تاوانی داواکارەکە دەبێت.
11
ئیتر جارێکی دیکە بنەماڵەی ئیسرائیل نە لە من گومڕا دەبن و نە گڵاو دەبن بەهۆی هەموو گوناهەکانیان، بەڵکو دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
دەربازبوون لە حوکمی یەزدان مەحاڵە 
12
ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
13
«ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەگەر هەر نەتەوەیەک دەرحەق بە من گوناه بکات، بەوەی ناپاکییەکم لەگەڵ بکات، منیش دەستم درێژ کردە سەری و نانیم بڕی و قاتوقڕیم ناردە سەری، مرۆڤ و ئاژەڵم لێی ڕیشەکێش کرد،
14
هەرچەندە ئەم سێ پیاوەشی تێدابێت، نوح و دانیال و ئەیوب، ئەوان بە ڕاستودروستی تەنها خۆیان فریای خۆیان دەکەون. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
15
«ئەگەر گیانلەبەری دڕندە بەناو خاکی ئەو نەتەوەیەدا ڕەت بکەم و وەجاخکوێری بکەن و بەهۆی گیانلەبەرەکانەوە ببێتە چۆڵەوانی بەبێ ڕێبوار،
16
بە گیانی خۆم، تەنانەت ئەگەر ئەم سێ پیاوەش لە ناوەڕاستیدا بێت، ئەوا فریای کوڕ و کچیان ناکەون، تەنها فریای خۆیان دەکەون و خاکەکەش دەبێتە چۆڵەوانی. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
17
«یان ئەگەر شمشێرم هێنایە سەر ئەو خاکە و فەرمووم: ”با شمشێر بەناو ئەم خاکەدا تێبپەڕێت،“ ئیتر مرۆڤ و ئاژەڵم لێی ڕیشەکێش کرد،
18
بە گیانی خۆم، تەنانەت ئەگەر ئەم سێ پیاوەش لە ناوەڕاستیدا بێت، ئەوا فریای کوڕ و کچیان ناکەون، تەنها خۆیان دەرباز دەکەن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
19
«یان ئەگەر دەردم ناردە سەر ئەو خاکە و بە خوێن تووڕەیی خۆم لێی دەربڕی، هەتا مرۆڤ و ئاژەڵی لێ ببڕمەوە،
20
ئەگەر نوح و دانیال و ئەیوبیش لە ناوەڕاستی بوون، بە گیانی خۆم، ئەوان فریای کوڕ و کچێکیش ناکەون، بەڵکو بە ڕاستودروستییەکەیان فریای خۆیان دەکەون. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
21
«یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی چەند زیاتر، کاتێک چوار حوکمە توندەکانم دەنێرمە سەر ئۆرشەلیم، شمشێر و قاتوقڕی و گیانلەبەری دڕندە و دەرد، هەتا مرۆڤ و ئاژەڵی لێ ببڕمەوە.
22
بەڵام هەندێکیان ماونەتەوە و دەربازبوون، کوڕان و کچان کە لە شارەکەوە دەردەهێنرێن. ئەوەتا بۆ لاتان دێنە دەرەوە و ئێوەش تەماشای ڕەفتار و کردەوەیان دەکەن و دڵنەوایی دەکرێن لەبەر ئەو بەڵایەی بەسەر ئۆرشەلیمم هێنا.
23
کە ڕەفتار و کردەوەی خراپیان دەبینن، ئەوا دڵنەوایی خۆتان دەکەن، چونکە ئەو کاتە دەزانن کە من بەبێ هۆ هەموو ئەوانەم تێیدا نەکرد. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
  1. a. 14‏:9 ‏لەبارەی فریودانەوە بڕوانە یەکەم پاشایان 22‏:19‏-28.‏‏