عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ئۆرشه‌لیم دار مێوێكی بێ كه‌ڵكه‌ 
1
ئینجا فه‌رمایشتی یه‌زدانم بۆ هات، پێی فه‌رمووم:
2
«ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ لقی هه‌ر دارێك له‌و دارانه‌ی له‌ دارستاندان، لقی دار مێو چییه‌؟
3
ئایا دار له‌م لقه‌ ده‌بردرێت بۆ دروستكردنی هه‌ر شتێك له‌ هه‌ر كارێك، یان سنگۆلكه‌ی دیواری لێ دروستبكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌لوپه‌لێكی پێدا هه‌ڵبواسن؟
4
دوای ئه‌وه‌ی ده‌بێت به‌ خۆراكی ئاگر و ئاگر له‌ هه‌ردوو سه‌ره‌وه‌ ده‌یخوات و ناوه‌ڕاسته‌كه‌ی ده‌سووتێنێت، ئایا ئیتر به‌ كه‌ڵكی هیچ شتێك دێت؟
5
ئه‌و كاته‌ی كه‌ ساغ بوو به‌ كه‌ڵكی هیچ نه‌ده‌هات، دوای ئه‌وه‌ی ئاگر خواردی و سووتا ئیتر چۆن به‌ كه‌ڵك دێت؟
6
«له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: وه‌ك لقی دار مێو له‌نێو لقه‌كانی دارستان، ئه‌وه‌ی كردم به‌ خۆراكی ئاگر، ئاواش له‌ دانیشتووانی ئۆرشه‌لیم ده‌كه‌م.
7
ڕووی خۆم له‌وان وه‌رده‌گێڕم. هه‌رچه‌نده‌ له‌ ئاگر هاتوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام ئاگره‌كه‌ ده‌یانخوات. كاتێك ڕووی خۆم له‌وان وه‌رده‌گێڕم، ئه‌وا ئێوه‌ ده‌زانن كه‌ من یه‌زدانم.
8
خاكه‌كه‌ وێران ده‌كه‌م، چونكه‌ ناپاكییان له‌گه‌ڵ كردم. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.»