عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
چیڕۆكێك ده‌رباره‌ی بێوه‌فایی ئۆرشه‌لیم 
1
ئینجا فه‌رمایشتی یه‌زدانم بۆ هات، پێی فه‌رمووم:
2
«ئه‌ی كوڕی مرۆڤ، ئۆرشه‌لیم ڕووبه‌ڕووی كاره‌ قێزه‌ونه‌كانی خۆی بكه‌ره‌وه‌ و
3
بڵێ: ”یه‌زدانی باڵاده‌ست به‌ ئۆرشه‌لیم ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ڕه‌چه‌ڵه‌ك و له‌دایكبوونت له‌ خاكی كه‌نعان بوو. باوكت ئه‌موری بوو، دایكیشت حیتی.
4
ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌دایك بوویت ناوكت نه‌بڕاوه‌، بۆ پاكبوونه‌وه‌ به‌ ئاو نه‌شوشترای، به‌ خوێ سوێر نه‌كرایت، قۆنداغ نه‌كرایت.
5
هیچ چاوێك به‌ میهره‌بانییه‌وه‌ ته‌ماشای نه‌كردیت و دڵی پێت نه‌سووتا هه‌تا یه‌كێك له‌مانه‌ت بۆ بكات، به‌ڵكو ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌دایك بووی له‌به‌ر بێزلێبوونه‌وه‌ له‌ ده‌شتوده‌ر فڕێدرایت.
6
«”من به‌لاتدا تێپه‌ڕیم و بینیم خه‌ڵتانی خوێنی خۆت بوویت، كه‌ له‌ خوێنی خۆتدا پاڵكه‌وتبوویت، پێم فه‌رموویت: ’بژی!‘
7
وه‌ك ڕووه‌كی كێڵگه‌ من خزمه‌تم كردیت بۆ ئه‌وه‌ی پێ بگه‌یت، ئیتر گه‌شه‌ت كرد و گه‌وره‌ بوویت و گه‌یشتیت به‌ ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاری. مه‌مكه‌كانت بناغه‌یان دانا و مووی له‌شت درێژبوو، ئه‌و كاته‌ تۆ ڕووتوقووت بوویت.
8
«”دیسان به‌لاتدا تێپه‌ڕیم و تۆم بینی، ئه‌وه‌تا ته‌مه‌نی دڵداریته‌. ئینجا دامێنی كراسه‌كه‌م به‌سه‌رتدا دا[a] و ڕووتی تۆم داپۆشی و سوێندم بۆت خوارد و په‌یمانم له‌گه‌ڵتدا به‌ست، له‌به‌ر ئه‌وه‌ تۆ بوویته‌ هی من. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.
9
«”به‌ ئاو تۆم شوشت و خوێنه‌كه‌تم لێت پاككرده‌وه‌، ئینجا به‌ زه‌یت چه‌ورم كردیت.
10
جلێكی نه‌خشێنراوم له‌به‌ركردیت و پێڵاوی پێستی مانگای ده‌ریام[b] له‌ پێ كردیت. كه‌وایه‌كی كه‌تانی ناسكم خسته‌ سه‌ر شانت و به‌ حه‌ریر تۆم پۆشی.
11
به‌ خشڵ تۆم ڕازانده‌وه‌، بازنم له‌ ده‌ستت كرد، ملوانكه‌م له‌ مل كردیت،
12
خه‌زێمم له‌ لووتت كرد، گواره‌شم له‌ گوێت كرد و تاجی جوانیم له‌ سه‌رت نا.
13
جا به‌ زێڕ و زیو خۆتت ڕازانده‌وه‌، كه‌تانی ناسك و حه‌ریر و قوماشی نه‌خشێنراو به‌رگت بوو. باشترین ئارد و هه‌نگوین و زه‌یتت خوارد. زۆر زۆر جوان بوویت، شیاوی ئه‌وه‌ بوویت ببیته‌ شاژن.
14
له‌به‌ر جوانیت ناوبانگت له‌نێو نه‌ته‌وه‌كان ده‌ركرد، چونكه‌ به‌هۆی شكۆمه‌ندییه‌كه‌م كه‌ پێم به‌خشیبوویت جوانییه‌كه‌ت ته‌واو بوو. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.
15
«”به‌ڵام تۆ پشتت به‌ جوانییه‌كه‌ت و به‌ ناوبانگت به‌ستبوو، له‌شفرۆشیت كرد و له‌شفرۆشییه‌كه‌تت به‌سه‌ر هه‌موو ڕێبوارێكدا ڕشت و جوانییه‌كه‌ت بووه‌ هی ئه‌و.
16
له‌ جلوبه‌رگه‌كه‌ی خۆتت برد و نزرگه‌ ڕازاوه‌كانی سه‌ر به‌رزاییه‌كانت بۆ خۆت دروستكرد و له‌سه‌ری له‌شفرۆشیت[c] كرد، شتێك كه‌ نه‌ بووه‌ و نه‌ ده‌بووایه‌ ببێت.
17
كه‌لوپه‌لی جوانییه‌كه‌ت له‌ زێڕ و زیوه‌كه‌ی من برد كه‌ پێم دایت و له‌وان بتی نێرینه‌ت دروستكرد و تۆ له‌شفرۆشیت له‌گه‌ڵ كردن.
18
جله‌ نه‌خشێنراوه‌كانی خۆتت برد و ئه‌وانت پێ داپۆشی و زه‌یت و بخووری منت له‌به‌رده‌میان دانا.
19
هه‌روه‌ها ئه‌و خواردنه‌ی كه‌ به‌ تۆم دا، له‌ باشترین ئارد و زه‌یت و هه‌نگوین، تۆ له‌به‌رده‌م ئه‌و بتانه‌ وه‌ك بخووری بۆنخۆش پێشكه‌شت كرد، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕوویداوه‌. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.
20
«”ئه‌و كوڕ و كچانه‌ت برد كه‌ بۆ منت ببوو، سه‌رت بڕین و بۆ بته‌كانت كرده‌ قوربانی، وه‌ك خواردن پێشكه‌شی بته‌كانت كردن. ئایا له‌شفرۆشییه‌كه‌ت به‌س نه‌بوو؟
21
هاتیت و منداڵه‌كانی منیشت سه‌ربڕی و به‌ ئاگر سووتاندنت بۆ بته‌كان؟
22
له‌ هه‌موو نه‌ریته‌ قێزه‌ونه‌كانت و له‌شفرۆشییه‌كه‌ت، سه‌رده‌می لاویێتیت به‌بیر نه‌هاته‌وه‌، ئه‌و كاته‌ی كه‌ ڕووتوقووت بوویت و خه‌ڵتانی خوێنی خۆت بوویت.
23
«”یه‌زدانی باڵاده‌ست ده‌فه‌رموێت: قوڕبه‌سه‌ر! قوڕبه‌سه‌ر تۆ! دوای هه‌موو خراپه‌كانت،
24
تۆ بۆ خۆت گومه‌ز و نزرگه‌ی به‌رزت له‌ هه‌موو گۆڕه‌پانێكدا دروستكرد.
25
له‌سه‌ر هه‌موو ڕێگایه‌ك نزرگه‌ی به‌رزی خۆتت بنیاد نا و جوانییه‌كه‌تت گڵاوكرد، ناوگه‌ڵت بۆ هه‌موو ڕێبوارێك كرده‌وه‌ و له‌شفرۆشیت زۆر كرد.
26
له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی میسری دراوسێت كه‌ هه‌وه‌سبازن له‌شفرۆشیت كرد و به‌ زیادكردنی به‌دڕه‌وشتییه‌كه‌ت په‌ستت كردم.
27
له‌به‌ر ئه‌وه‌ منیش ده‌ستم بۆ ئێوه‌ درێژ كرد و به‌شه‌ خاكه‌كه‌ی تۆم كه‌م كرده‌وه‌ و تۆم دایه‌ ده‌ست چاوبرسییه‌كان، ئه‌وانه‌ی ڕقیان لێته‌، كچانی فه‌له‌ستییه‌كان، كه‌ شه‌رمیان له‌ ڕه‌فتاری تۆ ده‌كرد.
28
به‌ڵام كه‌ تێر نه‌بوویت، هاتیت و له‌گه‌ڵ ئاشورییه‌كانیشدا له‌شفرۆشیت كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر تێر نه‌بوویت.
29
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش له‌شفرۆشییه‌كه‌تت هه‌تا خاكی بازرگانه‌ بابلییه‌كان فراوان كرد، به‌مه‌ش هه‌ر تێر نه‌بوویت.
30
«”یه‌زدانی باڵاده‌ست ده‌فه‌رموێت: دڵت چه‌ند نه‌خۆشه‌، كه‌ هه‌موو ئه‌م كارانه‌ت كرد، وه‌ك كرده‌وه‌ی له‌شفرۆشێكی به‌ڕه‌ڵا.
31
گومه‌زی خۆتت له‌سه‌ر هه‌موو ڕێگایه‌ك بنیاد نا، نزرگه‌ی به‌رزیشت له‌ هه‌موو گۆڕه‌پانێك، به‌ڵام تۆ به‌ پێچه‌وانه‌ی له‌شفرۆشانه‌وه‌ بوویت، چونكه‌ كرێت ڕه‌ت ده‌كرده‌وه‌.
32
«”ئه‌ی ژنی به‌دڕه‌وشت، ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ جێی مێرده‌كه‌ی بێگانان ده‌بات!
33
هه‌موو له‌شفرۆشێك كرێ وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام تۆ دیاریت دایه‌ هه‌موو دۆسته‌كانی خۆت، به‌رتیلت دانێ هه‌تا له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ بێن و داوێنپیسیت له‌گه‌ڵ بكه‌ن.
34
جا له‌ له‌شفرۆشییه‌كه‌تدا پێچه‌وانه‌ی له‌شفرۆشانی دیكه‌ بوویت، چونكه‌ به‌دوای تۆ نه‌ده‌كه‌وتن بۆ له‌شفرۆشی، به‌ڵكو تۆ كرێت ده‌دا و هیچ كرێیه‌ك به‌ تۆ نه‌ده‌درا، جا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بوویت.
35
«”جا ئه‌ی له‌شفرۆش، گوێ له‌ فه‌رمایشتی یه‌زدان بگره‌،
36
یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌رده‌ی شه‌رمی خۆتت دادڕی و له‌ له‌شفرۆشییه‌كه‌ت له‌گه‌ڵ دۆستانت ڕووتیت ده‌ركه‌وت، هه‌روه‌ها له‌به‌ر هه‌موو بته‌ قێزه‌ونه‌كانت كه‌وا خوێنی منداڵه‌كانت پێشكه‌ش به‌ ئه‌وان كرد،
37
من هه‌موو دۆستانت كۆده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی به‌چێژ بوویت بۆیان، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ی خۆشت ویستن و هه‌موو ئه‌وانه‌ی ڕقت لێیان بوو، هه‌موویان له‌سه‌رت كۆده‌كه‌مه‌وه‌ و ڕووتیت بۆیان ده‌رده‌خه‌م، هه‌تا ته‌ماشای هه‌موو ڕووتییه‌كه‌ت بكه‌ن.
38
من حوكمی ژنه‌ داوێنپیسه‌كان و خوێنڕێژه‌كانت به‌سه‌ردا ده‌ده‌م و خوێنی تووڕه‌یی تۆڵه‌سێنه‌ر و دڵگه‌رمی هه‌ڵچوونی خۆمتان به‌سه‌ردا ده‌هێنم.
39
ده‌تده‌مه‌ ده‌ستی دۆسته‌كانت، ئینجا گومه‌ز و نزرگه‌ به‌رزه‌كانت ده‌ڕووخێنن و جله‌كانت له‌به‌ر داده‌كه‌نن. كه‌ره‌سته‌ی خۆڕازاندنه‌وه‌كه‌ت ده‌به‌ن و به‌ ڕووتوقووتی جێت ده‌هێڵن.
40
چه‌ته‌ ده‌هێننه‌ سه‌رت و به‌ردبارانت ده‌كه‌ن و به‌ شمشێره‌كانیان له‌توپه‌تت ده‌كه‌ن.
41
خانووه‌كانت به‌ ئاگر ده‌سووتێنن و له‌به‌رچاوی زۆر ئافره‌تان سزات ده‌ده‌ن، له‌ له‌شفرۆشی ڕات ده‌گرم و چیتر كرێ ناده‌یته‌ دۆسته‌كانت.
42
دوای ئه‌وه‌ تووڕه‌یی خۆم له‌سه‌رت هێور ده‌كه‌مه‌وه‌، جا ئیره‌ییم له‌سه‌رت نامێنێت و هێمن ده‌بمه‌وه‌ و چیتر تووڕه‌ نابم.
43
«”له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رده‌می لاویێتیت به‌بیر نه‌هاته‌وه‌، به‌ڵكو به‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ تووڕه‌ت كردم، جا منیش بێگومان كرده‌وه‌كانت به‌سه‌ر خۆتدا ده‌هێنمه‌وه‌. ئایا له‌سه‌ر هه‌موو نه‌ریته‌ قێزه‌ونه‌كانت بێ شه‌رمیت نه‌كردووه‌؟ ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.
44
«”هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ په‌ند ده‌دوێن، له‌باره‌ی تۆوه‌ په‌ندێك ده‌هێننه‌وه‌ و ده‌ڵێن: ’دایك چۆن بێت كچیش وایه‌.‘
45
تۆ كچی دایكی خۆتیت كه‌ ڕقی له‌ مێرد و منداڵه‌كانییه‌تی، هه‌روه‌ها تۆ خوشكی خوشكه‌كانی خۆتیت كه‌ ڕقیان له‌ مێرد و منداڵه‌كانی خۆیان بوو. دایكت حیتی بوو و باوكت ئه‌موری.
46
خوشكه‌ گه‌وره‌كه‌ت سامیره‌ بوو، كه‌ له‌گه‌ڵ كچه‌كانی لای باكوورت نیشته‌جێ بوو، خوشكه‌ بچووكه‌كه‌شت سه‌دۆم بوو، كه‌ له‌گه‌ڵ كچه‌كانی لای باشوورت نیشته‌جێ بوو.
47
تۆ به‌ ڕێگای ئه‌واندا ڕۆیشتیت و وه‌ك نه‌ریته‌ قێزه‌ونه‌كانی ئه‌وانت كرد، به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه‌ی ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ كه‌م بێت، جا له‌ هه‌موو كاره‌كانت زووتر له‌وان گه‌نده‌ڵتر بوویت.
48
یه‌زدانی باڵاده‌ست ده‌فه‌رموێت: به‌ گیانی خۆم، سه‌دۆمی خوشكت و كچه‌كانی هه‌رگیز وه‌ك تۆ و كچه‌كانی تۆیان نه‌كرد.
49
«”ئه‌مه‌ تاوانی سه‌دۆمی خوشكت بوو: خۆی و كچه‌كانی لووتبه‌رز، زۆرخۆر، بێ خه‌م و كه‌مته‌رخه‌م بوون، یارمه‌تی هه‌ژار و نه‌داریان نه‌ده‌دا.
50
جا له‌ خۆیان بایی بوون و كاره‌ قێزه‌ونه‌كانیان له‌به‌رده‌مم ئه‌نجام دا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ منیش هه‌روه‌ك بینیت، ئه‌وانم داماڵی.
51
سامیره‌ش به‌ نیوه‌ی گوناهه‌كانی تۆ گوناهی نه‌كرد، به‌ڵكو له‌وان زیاتر كاری قێزه‌ونت كرد و به‌ هه‌موو ئه‌و گڵاوییانه‌ی كه‌ كردت وات كرد خوشكه‌كانت له‌ چاو تۆدا ڕاستودروست بن.
52
ئه‌ی ئه‌وه‌ی خه‌ریك بووی خوشكه‌كانت بێتاوان بكه‌یت، تۆش به‌رگه‌ی ئابڕووچوون بگره‌. به‌ گوناهه‌كانت كه‌ زیاتر له‌وان پێیان گڵاو بوویت، خوشكه‌كانت له‌ تۆ ڕاستودروستترن، هه‌روه‌ها شه‌رمه‌زاربه‌ و ده‌ست به‌ ئابڕووی خۆته‌وه‌ بگره‌، چونكه‌ وات كرد خوشكه‌كانت له‌ چاو تۆدا ڕاستودروست بن.
53
«”له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕاپێچكراوان و به‌ختیاری سه‌دۆم و سامیره‌ و كچه‌كانیان ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌، هه‌روه‌ها ڕاپێچكراوان و به‌ختیاری تۆش له‌نێو ئه‌واندا ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌،
54
بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگه‌ی ئابڕووچوونت بگریت و شه‌رمه‌زار بیت له‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی كردت كه‌ دڵنه‌وایی ئه‌وانت كرد.
55
خوشكه‌كانت، سه‌دۆم و كچه‌كانی و سامیره‌ و كچه‌كانی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ دۆخی جارانیان. تۆ و كچه‌كانیشت ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ دۆخی جارانتان.
56
له‌ ڕۆژی فیزلێدانت به‌ ده‌متدا نه‌ده‌هات باسی سه‌دۆمی خوشكت بكه‌یت،
57
به‌ر له‌ ئاشكرابوونی خراپه‌كاریت، وه‌ك له‌ سه‌رده‌می ڕیسوایی كچانی ئه‌دۆم و هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌وروبه‌ری، كچانی فه‌له‌ستییه‌كان ئه‌وانه‌ی له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ سووكایه‌تیت پێ ده‌كه‌ن.
58
خۆت ئه‌نجامی بێ شه‌رمی و نه‌ریته‌ قێزه‌ونه‌كانت ده‌گریته‌ ئه‌ستۆ. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
59
«”یه‌زدانی باڵاده‌ست ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: به‌ شایسته‌ی ڕه‌فتاره‌كه‌ت هه‌ڵسوكه‌وتت له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ شكاندنی په‌یمانه‌كه‌م سووكایه‌تیت به‌ سوێندی من كرد.
60
به‌ڵام من په‌یمانه‌كه‌ی خۆمت به‌بیر ده‌هێنمه‌وه‌ كه‌ له‌ سه‌رده‌می لاویێتیت له‌گه‌ڵ تۆدا گرێم دابوو، ئێستاش په‌یمانێكی هه‌تاهه‌تاییت[d] له‌گه‌ڵ ده‌به‌ستم.
61
ئینجا كرده‌وه‌كانی خۆت بیرده‌كه‌وێته‌وه‌ و شه‌رمه‌زار ده‌بیت كاتێك خوشكه‌ گه‌وره‌كانت و خوشكه‌ بچووكه‌كانت وه‌رده‌گریت، ده‌یانكه‌م به‌ كچی تۆ، به‌ڵام نه‌ك به‌گوێره‌ی په‌یمانه‌كه‌ی من له‌گه‌ڵ تۆ.
62
به‌م جۆره‌ من په‌یمانی خۆم له‌گه‌ڵ تۆدا ده‌به‌ستم، ئیتر تۆ ده‌زانیت كه‌ من یه‌زدانم.
63
ئه‌و كاته‌ی كه‌فاره‌ت بۆ هه‌موو كرده‌وه‌كانت ده‌كه‌م، ئینجا بیرت ده‌كه‌وێته‌وه‌ و شه‌رمه‌زار ده‌بیت، ئیتر له‌به‌ر شه‌رمه‌زارییه‌كه‌ت هه‌رگیز ده‌مت ناكه‌یته‌وه‌. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.“»
  1. a. 16‏:8 ده‌ربڕینێك بۆ ماره‌بڕین.
  2. b. 16‏:10 مانگای ده‌ریا: بڕوانه‌ \+xt ده‌رچوون 25‏:5‏\+xt*‏.
  3. c. 16‏:16 به‌ واتای له‌شفرۆشی جه‌سته‌یی و ڕۆحیش دێت. به‌و كه‌سه‌ ده‌گوترێت كه‌ لاف لێده‌دات به‌وه‌فایه‌ بۆ یه‌زدان، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا ستایش و قوربانی بۆ خودایه‌كی دیكه‌ ده‌كات. واته‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا كه‌سه‌كه‌ بێوه‌فایه‌ له‌گه‌ڵ یه‌زدان، هه‌روه‌ك چۆن ژن ناپاكی له‌ مێرده‌كه‌ی بكات.
  4. d. 16‏:60 بڕوانه‌ 37‏:26، \+xt یه‌رمیا 31‏:31‏-34 و ئیشایا 59‏:21 و 61‏:8.‏\+xt*‏