عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
 - یەزدان بە موسای فەرموو: «لێرە بڕۆ، خۆت و ئەو گەلەی لە خاکی میسرەوە هێناتە دەرەوە، بڕۆنە ئەو خاکەی سوێندم بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب خوارد و فەرمووم: ”دەیدەمە نەوەکەت.“
 - 2
 - فریشتەیەکیش لەپێشتەوە دەنێرم و کەنعانی و ئەمۆری و حیتی و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان ڕادەماڵم.
 - 3
 - بۆ خاکێک کە شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت، بەڵام من لەناوەندت سەرناکەوم، چونکە تۆ گەلێکی کەللەڕەقیت و نەوەک لە ڕێگا کۆتاییت پێ بهێنم.»
 - 4
 - کاتێک گەل گوێیان لەم هەواڵە ناخۆشانە بوو، شینیان گێڕا و کەس خۆی نەڕازاندەوە.
 - 5
 - یەزدانیش بە موسای فەرمووبوو: «بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”ئێوە گەلێکی کەللەڕەقن، ئەگەر تەنها بۆ ساتێک سەرکەومە ناوتان، کۆتاییتان پێ دەهێنم. ئێستاش جوانکارییەکەت دابکەنە و دەزانم چیت پێ دەکەم.“»
 - 6
 - ئینجا نەوەی ئیسرائیل لە کێوی حۆرێڤ بابەتەکانی جوانکارییان لە خۆیان کردەوە.
 - چادری چاوپێکەوتنی موسا
 - 7
 - موساش چادرێکی دەهێنا و لە دەرەوەی ئۆردوگاکە، دوور لە ئۆردوگاکە هەڵیدەدا و ناوی لێنابوو «چادری چاوپێکەوتن»[a] . هەرکەسێک داوای ڕاوێژی لە یەزدان دەکرد، دەچوو بۆ ئەم چادرەی چاوپێکەوتن، ئەوەی لە دەرەوەی ئۆردوگاکە بوو.
 - 8
 - هەروەها هەر کاتێک موسا بۆ چادرەکە دەڕۆیشت، هەموو گەل هەڵدەستان و هەریەکە لە دەروازەی چادرەکەی خۆی ڕادەوەستا، دەیڕوانییە دوای موسا هەتا دەچووە ناو چادرەکەوە.
 - 9
 - کاتێک موسا دەچووە ناو چادرەکە ستوونێکی هەور دادەبەزی و لەبەر دەروازەی چادرەکە ڕادەوەستا، ئینجا یەزدان لەگەڵ موسا دەدوا.
 - 10
 - گەلیش هەموویان ستوونی هەورەکەیان دەبینی لەبەر دەروازەی چادرەکە ڕاوەستاوە، هەموو گەل هەڵدەستان و کڕنۆشیان دەبرد، هەریەکە و لەبەر دەروازەی چادرەکەی خۆی.
 - 11
 - یەزدانیش ڕووبەڕوو لەگەڵ موسا دەدوا، هەروەک یەکێک لەگەڵ برادەرەکەی بدوێت. کاتێکیش موسا دەگەڕایەوە ئۆردوگاکە، گەنجە خزمەتکارەکەی کە یەشوعی کوڕی نون بوو لەناو چادرەکە دەرنەدەچوو.
 - موسا و شکۆمەندی یەزدان
 - 12
 - موسا بە یەزدانی گوت: «بڕوانە، تۆ بە منت فەرموو: ”ئەم گەلە سەربخە،“ بەڵام تۆ پێت نەناساندم کە کێ لەگەڵم دەنێریت، هەروەها تۆ فەرمووت: ”دەتناسم و ناویشت دەزانم و پەسەندیت لەبەرچاوم.“
 - 13
 - ئێستاش ئەگەر لەبەرچاوت پەسەندم، ڕێگای خۆتم فێر بکە، بۆ ئەوەی بتناسم، هەتا لەبەرچاوت پەسەند بم. هەروەها لە بیرت بێت کە ئەم نەتەوەیە گەلی خۆتە.»
 - 14
 - یەزدان فەرمووی: «من خۆم لەگەڵت دەبم و دەتحەسێنمەوە.»
 - 15
 - موساش پێی گوت: «ئەگەر تۆ لەگەڵمان نەبیت و لەگەڵمان نەڕۆیت، لێرەوە سەرمان مەخە.
 - 16
 - بە چیش دەزانرێت کە من و گەلەکەت لەبەرچاوت پەسەندین، ئەگەر تۆ لەگەڵمان نەڕۆیشتبیت؟ بەمە لە هەموو گەلانی سەر ڕووی زەوی جیا دەکرێینەوە.»
 - 17
 - یەزدانیش بە موسای فەرموو: «هەروەها ئەم شتەش دەکەم کە باست کرد، چونکە لەبەرچاوم پەسەند بوویت و بە ناوت تۆم ناسی.»
 - 18
 - ئینجا موسا گوتی: «شکۆمەندی خۆتم پیشان بدە.»
 - 19
 - ئەویش فەرمووی: «هەموو چاکیم لەپێشت تێدەپەڕێنم. من کە ناوم یەزدانە، لەبەردەمی تۆ ناوی خۆم ڕادەگەیەنم. میهرەبان دەبم لەگەڵ ئەوەی میهرەبان دەبم و بە بەزەیی دەبم لەگەڵ ئەوەی بەزەییم پێیدا دێتەوە.»[b]
 - 20
 - هەروەها فەرمووی: «ناتوانیت ڕووم ببینیت، چونکە هیچ مرۆڤێک نییە بمبینێت و بژیێت.»
 - 21
 - هەروەها یەزدان فەرمووی: «ئەوەتا شوێنێکم هەیە و لەسەر ئەو تاشەبەردە بوەستە.
 - 22
 - کاتێک شکۆمەندیم تێدەپەڕێت، ئەوا دەتخەمە کەلێنێکی بەردەکە و هەتا تێدەپەڕم بە دەستم داتدەپۆشم،
 - 23
 - دواتر دەستم هەڵدەگرم و تۆ لە دواوە دەمبینیت، بەڵام ڕووم نابینرێت.»
 
- a. 33:7 چادرێکی بچووک بووە پێش دروستکردنی چادری پەرستن، لەوێ موسا ڕاوێژی لەگەڵ خودا دەکرد لەسەر هەر بابەتێک.
 - b. 33:19 وەک ئەوەی خودا بە موسا بفەرموێت: (بە ویستی خۆمە لەگەڵ کێ بمەوێت، لەگەڵی میهرەبان دەبم و بە بەزەیی دەبم.) بڕوانە ڕۆما 9:15.
 

