عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
یەزدان بە موسای فەرموو: «لێرە بڕۆ، خۆت و ئەو گەلەی لە خاکی میسرەوە هێناتە دەرەوە، بڕۆنە ئەو خاکەی سوێندم بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب خوارد و فەرمووم: ”دەیدەمە نەوەکەت.“
2
فریشتەیەکیش لەپێشتەوە دەنێرم و کەنعانی و ئەمۆری و حیتی و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان ڕادەماڵم.
3
بۆ خاکێک کە شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت، بەڵام من لەناوەندت سەرناکەوم، چونکە تۆ گەلێکی کەللەڕەقیت و نەوەک لە ڕێگا کۆتاییت پێ بهێنم.»
4
کاتێک گەل گوێیان لەم هەواڵە ناخۆشانە بوو، شینیان گێڕا و کەس خۆی نەڕازاندەوە.
5
یەزدانیش بە موسای فەرمووبوو: «بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”ئێوە گەلێکی کەللەڕەقن، ئەگەر تەنها بۆ ساتێک سەرکەومە ناوتان، کۆتاییتان پێ دەهێنم. ئێستاش جوانکارییەکەت دابکەنە و دەزانم چیت پێ دەکەم.“»
6
ئینجا نەوەی ئیسرائیل لە کێوی حۆرێڤ بابەتەکانی جوانکارییان لە خۆیان کردەوە.
چادری چاوپێکەوتنی موسا 
7
موساش چادرێکی دەهێنا و لە دەرەوەی ئۆردوگاکە، دوور لە ئۆردوگاکە هەڵیدەدا و ناوی لێنابوو «چادری چاوپێکەوتن»[a] . هەرکەسێک داوای ڕاوێژی لە یەزدان دەکرد، دەچوو بۆ ئەم چادرەی چاوپێکەوتن، ئەوەی لە دەرەوەی ئۆردوگاکە بوو.
8
هەروەها هەر کاتێک موسا بۆ چادرەکە دەڕۆیشت، هەموو گەل هەڵدەستان و هەریەکە لە دەروازەی چادرەکەی خۆی ڕادەوەستا، دەیڕوانییە دوای موسا هەتا دەچووە ناو چادرەکەوە.
9
کاتێک موسا دەچووە ناو چادرەکە ستوونێکی هەور دادەبەزی و لەبەر دەروازەی چادرەکە ڕادەوەستا، ئینجا یەزدان لەگەڵ موسا دەدوا.
10
گەلیش هەموویان ستوونی هەورەکەیان دەبینی لەبەر دەروازەی چادرەکە ڕاوەستاوە، هەموو گەل هەڵدەستان و کڕنۆشیان دەبرد، هەریەکە و لەبەر دەروازەی چادرەکەی خۆی.
11
یەزدانیش ڕووبەڕوو لەگەڵ موسا دەدوا، هەروەک یەکێک لەگەڵ برادەرەکەی بدوێت. کاتێکیش موسا دەگەڕایەوە ئۆردوگاکە، گەنجە خزمەتکارەکەی کە یەشوعی کوڕی نون بوو لەناو چادرەکە دەرنەدەچوو.
موسا و شکۆمەندی یەزدان 
12
موسا بە یەزدانی گوت: «بڕوانە، تۆ بە منت فەرموو: ”ئەم گەلە سەربخە،“ بەڵام تۆ پێت نەناساندم کە کێ لەگەڵم دەنێریت، هەروەها تۆ فەرمووت: ”دەتناسم و ناویشت دەزانم و پەسەندیت لەبەرچاوم.“
13
ئێستاش ئەگەر لەبەرچاوت پەسەندم، ڕێگای خۆتم فێر بکە، بۆ ئەوەی بتناسم، هەتا لەبەرچاوت پەسەند بم. هەروەها لە بیرت بێت کە ئەم نەتەوەیە گەلی خۆتە.»
14
یەزدان فەرمووی: «من خۆم لەگەڵت دەبم و دەتحەسێنمەوە.»
15
موساش پێی گوت: «ئەگەر تۆ لەگەڵمان نەبیت و لەگەڵمان نەڕۆیت، لێرەوە سەرمان مەخە.
16
بە چیش دەزانرێت کە من و گەلەکەت لەبەرچاوت پەسەندین، ئەگەر تۆ لەگەڵمان نەڕۆیشتبیت؟ بەمە لە هەموو گەلانی سەر ڕووی زەوی جیا دەکرێینەوە.»
17
یەزدانیش بە موسای فەرموو: «هەروەها ئەم شتەش دەکەم کە باست کرد، چونکە لەبەرچاوم پەسەند بوویت و بە ناوت تۆم ناسی.»
18
ئینجا موسا گوتی: «شکۆمەندی خۆتم پیشان بدە.»
19
ئەویش فەرمووی: «هەموو چاکیم لەپێشت تێدەپەڕێنم. من کە ناوم یەزدانە، لەبەردەمی تۆ ناوی خۆم ڕادەگەیەنم. میهرەبان دەبم لەگەڵ ئەوەی میهرەبان دەبم و بە بەزەیی دەبم لەگەڵ ئەوەی بەزەییم پێیدا دێتەوە.»[b]
20
هەروەها فەرمووی: «ناتوانیت ڕووم ببینیت، چونکە هیچ مرۆڤێک نییە بمبینێت و بژیێت.»
21
هەروەها یەزدان فەرمووی: «ئەوەتا شوێنێکم هەیە و لەسەر ئەو تاشەبەردە بوەستە.
22
کاتێک شکۆمەندیم تێدەپەڕێت، ئەوا دەتخەمە کەلێنێکی بەردەکە و هەتا تێدەپەڕم بە دەستم داتدەپۆشم،
23
دواتر دەستم هەڵدەگرم و تۆ لە دواوە دەمبینیت، بەڵام ڕووم نابینرێت.»
  1. a. 33‏:7 چادرێکی بچووک بووە پێش دروستکردنی چادری پەرستن، لەوێ موسا ڕاوێژی لەگەڵ خودا دەکرد لەسەر هەر بابەتێک.‏
  2. b. 33‏:19 وەک ئەوەی خودا بە موسا بفەرموێت: (بە ویستی خۆمە لەگەڵ کێ بمەوێت، لەگەڵی میهرەبان دەبم و بە بەزەیی دەبم.) بڕوانە ڕۆما 9‏:15‏‏.‏