عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دوو ته‌خته‌ به‌ردی نوێ 
1
یه‌زدان به‌ موسای فه‌رموو: «دوو ته‌خته‌ به‌ردی وه‌ك ئه‌وانه‌ی یه‌كه‌م بۆ خۆت بتاشه‌، منیش له‌سه‌ر دوو ته‌خته‌كه‌ ئه‌و وشانه‌ ده‌نووسمه‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر دوو ته‌خته‌كه‌ی یه‌كه‌م جار بوون و تۆ شكاندت.
2
بۆ به‌یانیش ئاماده‌ به‌ و له‌ به‌یانیدا سه‌ربكه‌وه‌ بۆ سه‌ر شاخی سینا. له‌وێ له‌سه‌ر لووتكه‌ی كێوه‌كه‌ بۆم ڕاوه‌سته‌.
3
كه‌س له‌گه‌ڵت سه‌رنه‌كه‌وێت و له‌ هه‌موو كێوه‌كه‌ كه‌س نه‌بینرێت، هه‌روه‌ها مه‌ڕوماڵاتیش له‌لای كێوه‌كه‌ نه‌له‌وه‌ڕێنرێت.»
4
ئینجا موسا دوو ته‌خته‌ به‌ردی وه‌ك ئه‌وانه‌ی یه‌كه‌م جاری تاشی و به‌یانی زوو هه‌ستا و بۆ شاخی سینا سه‌ركه‌وت، هه‌روه‌ك یه‌زدان فه‌رمانی پێ كرد، له‌گه‌ڵ ده‌ستیشی دوو ته‌خته‌ به‌رده‌كه‌ی هه‌ڵگرت.
5
یه‌زدان له‌ هه‌وره‌وه‌ دابه‌زی و له‌وێ له‌لای ڕاوه‌ستا و ناوی خۆی ڕاگه‌یاند كه‌ یه‌زدانه‌.
6
ئینجا یه‌زدان له‌به‌رده‌می تێپه‌ڕی و ڕایگه‌یاند: «یه‌زدان، یه‌زدان، خودایه‌كی به‌ به‌زه‌یی و میهره‌بانه‌، پشوودرێژه‌ و خۆشه‌ویستی نه‌گۆڕ و دڵسۆزی زۆره‌.
7
خۆشه‌ویستی نه‌گۆڕ ده‌پارێزێت بۆ هه‌زاران، له‌ تاوان و یاخیبوون و گوناه خۆشده‌بێت، به‌ڵام تاوانباران ئه‌ستۆپاك ناكات، به‌ڵكو له‌سه‌ر تاوانی باوكان سزای نه‌وه‌كان ده‌دات هه‌تا نه‌وه‌ی سێیه‌م و چواره‌م.»
8
موسا خێرا سه‌ری دانه‌واند و كڕنۆشی برد،
9
گوتی: «ئه‌ی په‌روه‌ردگار، ئه‌گه‌ر له‌به‌رچاوت په‌سه‌ندم، با په‌روه‌ردگار له‌گه‌ڵمان بڕوات، چونكه‌ گه‌لێكی كه‌لله‌ڕه‌قه‌، تۆش له‌ تاوان و گوناهمان خۆشبه‌ و بمانكه‌ به‌ موڵكی خۆت.»
10
ئه‌ویش فه‌رمووی: «گوێ بگره‌، په‌یمانێكت له‌گه‌ڵ ده‌به‌ستم. له‌ به‌رامبه‌ر هه‌موو گه‌له‌كه‌ت كاری سه‌رسوڕهێنه‌ری وا ده‌كه‌م كه‌ له‌ هه‌موو زه‌ویدا و له‌ناو هه‌موو نه‌ته‌وه‌كاندا نه‌كرابێت، هه‌موو ئه‌و گه‌له‌ش كه‌ تۆ له‌نێویاندایت كرداری یه‌زدان ده‌بینن، چونكه‌ ئه‌وه‌ی من له‌گه‌ڵ تۆ ده‌یكه‌م سامناكه‌.
11
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ فه‌رمانت پێده‌ده‌م به‌جێی بهێنه‌. من ئه‌موری و كه‌نعانی و حیتی و پریزی و حیڤی و یه‌بوسییه‌كان له‌پێشت ده‌رده‌كه‌م.
12
ئاگاداربن هیچ په‌یمانێك له‌گه‌ڵ دانیشتووانی ئه‌و خاكه‌ مه‌به‌ستن كه‌ دێنه‌ سه‌ری، نه‌وه‌ك ببنه‌ ته‌ڵه‌ له‌ناوه‌ندتان.
13
به‌ڵكو ده‌بێت ئێوه‌ قوربانگاكانیان بڕووخێنن و به‌رده‌ ته‌رخانكراوه‌كانیان بشكێنن و ستوونه‌ ئه‌شێراكانیان[a] ببڕنه‌وه‌.
14
كڕنۆش بۆ خودایه‌كی دیكه‌ نه‌به‌ن، چونكه‌ یه‌زدان ناوی ئیره‌داره‌، خودایه‌كی ئیره‌داره‌[b] .
15
«نه‌وه‌ك په‌یمان له‌گه‌ڵ دانیشتووانی خاكه‌كه‌ ببه‌ستن، چونكه‌ هه‌روه‌ك له‌شفرۆش[c] له‌گه‌ڵ چه‌ندین كه‌س ڕاده‌بوێرێت، خه‌ڵكی خاكه‌كه‌ش له‌ جیاتی په‌رستنی من، بت ده‌په‌رستن، قوربانی بۆ خوداوه‌نده‌كانیان سه‌رده‌بڕن، داوه‌تتان ده‌كه‌ن و ئێوه‌ش له‌ قوربانییه‌كه‌یان ده‌خۆن.
16
كاتێك كچیان بۆ كوڕتان ده‌خوازن و ئه‌و كچانه‌ی وه‌ك له‌شفرۆش به‌دوای خوداوه‌نده‌كانی خۆیان ده‌كه‌ون، وا ده‌كه‌ن كوڕی ئێوه‌ش وه‌ك له‌شفرۆش[d] به‌دوای خوداوه‌نده‌كانی ئه‌وان بكه‌ون.
17
«خوداوه‌ندی له‌قاڵبدراو دروستمه‌كه‌ن.
18
«وه‌ك فه‌رمانم پێكردوون، جه‌ژنی فه‌تیره‌ بگێڕن، له‌ مانگی ئاڤیڤ حه‌وت ڕۆژ نانی فه‌تیره‌ بخۆن، چونكه‌ ئێوه‌ له‌ مانگی ئاڤیڤ له‌ میسر هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌.
19
«هه‌موو نۆبه‌ره‌ی سكێك بۆ منه‌، هه‌روه‌ها هه‌ر نۆبه‌ره‌یه‌كی نێر له‌ ئاژه‌ڵه‌ ماڵییه‌كه‌شت له‌ گا و به‌ران،
20
نۆبه‌ره‌ی گوێدرێژ به‌ به‌رخێك بكڕنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌یكڕنه‌وه‌، ده‌بێت ملی بشكێنن[e] ، هه‌موو نۆبه‌ره‌یه‌ك له‌ كوڕه‌كانتان بكڕنه‌وه‌.
«به‌ به‌تاڵی له‌به‌رده‌مم ئاماده‌ نابن.
21
«شه‌ش ڕۆژ كار بكه‌ن، به‌ڵام له‌ ڕۆژی حه‌وته‌م شه‌ممه‌یه‌، له‌ كاتی وه‌رزی كێڵان و له‌ كاتی دروێنه‌ش پشوو بده‌ن.
22
«جه‌ژنی هه‌فته‌كان[f] بۆ خۆتان بگێڕن، یه‌كه‌م به‌رهه‌می دروێنه‌ی گه‌نم و جه‌ژنی كۆكردنه‌وه‌ له‌ كۆتایی ساڵ[g] .
23
سێ جار له‌ ساڵێكدا هه‌موو نێرینه‌كانتان له‌به‌رده‌م یه‌زدانی باڵاده‌ستی خودای ئیسرائیل ئاماده‌ ده‌بن.
24
گه‌لان له‌به‌رده‌متان ده‌رده‌كه‌م و سنووره‌كانتان فراوان ده‌كه‌م، كه‌سیش چاونابڕێته‌ خاكه‌كه‌تان، كاتێك له‌ ساڵێكدا سێ جار دێن بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌م یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان ئاماده‌ بن.
25
«خوێنی قوربانیم له‌گه‌ڵ شتی به‌ هه‌ویرترش پێشكه‌ش مه‌كه‌ن، قوربانی جه‌ژنی په‌سخه‌ بۆ به‌یانی نه‌مێنێته‌وه‌.
26
«باشترینی یه‌كه‌مین به‌رهه‌می زه‌وییه‌كه‌تان بۆ ماڵی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان بهێنن.
«هیچ كاریله‌یه‌ك به‌ شیری دایكی لێمه‌نێن.»
27
هه‌روه‌ها یه‌زدان به‌ موسای فه‌رموو: «ئه‌م وتانه‌ بنووسه‌وه‌، چونكه‌ به‌گوێره‌ی ئه‌و وتانه‌ په‌یمانم له‌گه‌ڵ تۆ و له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی ئیسرائیل به‌ستووه‌.»
28
موسا چل شه‌و و چل ڕۆژ له‌وێ بوو له‌لای یه‌زدان، نانی نه‌خوارد و ئاوی نه‌خوارده‌وه‌، له‌سه‌ر دوو ته‌خته‌كه‌ش وته‌كانی په‌یمانی نووسی، ده‌ ڕاسپارده‌كه‌.
ده‌موچاوی موسا ده‌دره‌وشێته‌وه‌ 
29
كاتێك موسا له‌ شاخی سینا ده‌هاته‌ خواره‌وه‌، هه‌ردوو ته‌خته‌كه‌ی په‌یمانی له‌ده‌ست بوو، له‌ هاتنه‌ خواره‌وه‌ی له‌ كێوه‌كه‌ موسا نه‌یزانی كه‌ پێستی ده‌موچاوی ده‌دره‌وشێته‌وه‌، له‌به‌ر قسه‌كردنی له‌گه‌ڵ یه‌زدان.
30
كاتێك هارون و هه‌موو نه‌وه‌ی ئیسرائیل بینییان موسا وا ده‌موچاوی ده‌دره‌وشێته‌وه‌، ئیتر ترسان لێی نزیك ببنه‌وه‌.
31
به‌ڵام موسا بانگی كردن، ئیتر هارون و هه‌موو ڕابه‌ره‌كانی كۆمه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ لای، موساش له‌گه‌ڵیان دوا.
32
دواتر هه‌موو نه‌وه‌ی ئیسرائیل نزیك كه‌وتنه‌وه‌، ئه‌ویش فه‌رمانی پێدان به‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی كه‌ یه‌زدان له‌ شاخی سینا له‌گه‌ڵی دوابوو.
33
كاتێك موسا له‌ قسه‌كانی بووه‌وه‌ له‌گه‌ڵیان، ڕووپۆشێكی له‌سه‌ر ده‌موچاوی دانا.
34
به‌ڵام موسا له‌ چوونه‌ ژووره‌وه‌ی بۆ به‌رده‌م یه‌زدان بۆ قسه‌كردن له‌گه‌ڵی ڕووپۆشه‌كه‌ی لا ده‌دا هه‌تا ده‌چووه‌ ده‌ره‌وه‌، ده‌چووه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی ئیسرائیل ده‌دوا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی فه‌رمانی پێكرابوو.
35
هه‌ر كاتێك نه‌وه‌ی ئیسرائیل ده‌موچاوی موسایان ده‌بینی كه‌ ده‌دره‌وشایه‌وه‌، موسا ڕووپۆشه‌كه‌ی ده‌خسته‌وه‌ سه‌ر ده‌موچاوی هه‌تا ده‌چووه‌ ژووره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌زدان بدوێت.
  1. a. 34‏:13 ستوونه‌ ئه‌شێرا: هێمای خواژنه‌. بڕوانه‌ \+xt یه‌كه‌م پاشایان 11‏:5‏\+xt*‏.
  2. b. 34‏:14 واتای حه‌سوود، ئه‌مه‌ش به‌ مه‌به‌ستێكی باش هاتووه‌، چونكه‌ خودا نایه‌وێت هیچ خودایه‌كی دیكه‌ بپه‌رسترێت.
  3. c. 34‏:15 دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ خودا و بتپه‌رستی وه‌ك له‌شفرۆشییه‌ یان وه‌كو ناپاكیكردنی ژنه‌ له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی.
  4. d. 34‏:16 به‌ واتای له‌شفرۆشی جه‌سته‌یی و ڕۆحیش دێت. به‌و كه‌سه‌ ده‌گوترێت كه‌ لاف لێده‌دات به‌وه‌فایه‌ بۆ یه‌زدان، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا ستایش و قوربانی بۆ خودایه‌كی دیكه‌ ده‌كات. واته‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا كه‌سه‌كه‌ بێوه‌فایه‌ له‌گه‌ڵ یه‌زدان، هه‌روه‌ك چۆن پیاوێك بێوه‌فا بێت به‌رامبه‌ر به‌ ژنه‌كه‌ی.
  5. e. 34‏:20 مه‌به‌ست له‌ كوشتنی جاشكه‌كه‌یه‌.
  6. f. 34‏:22 هه‌روه‌ها وه‌ك جه‌ژنی دروێنه‌ش ناسراوه‌ (\+xt بڕوانه‌ ده‌رچوون 23‏:16‏\+xt*‏) 50 ڕۆژ له‌دوای جه‌ژنی فه‌تیره‌ بووه‌، كه‌ ده‌كاته‌ حه‌وت هه‌فته‌.
  7. g. 34‏:22 به‌پێی ڕۆژمێری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ پاییز كۆتایی ساڵ بووه‌.