عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
فه‌رمانی ڕۆژی شه‌ممه‌ 
1
موسا هه‌موو كۆمه‌ڵی نه‌وه‌ی ئیسرائیلی كۆكرده‌وه‌ و پێی گوتن: «ئه‌مانه‌ ئه‌و وشانه‌ن كه‌ یه‌زدان فه‌رمانی كردووه‌ بكرێن،
2
شه‌ش ڕۆژ كار ده‌كرێت، به‌ڵام له‌ ڕۆژی حه‌وته‌م بۆتان ده‌بێته‌ پیرۆز، پشوودانی شه‌ممه‌یه‌ بۆ یه‌زدان، ئه‌وه‌ی كاری تێدا بكات ده‌بێت بكوژرێت.
3
له‌ هه‌موو نشینگه‌كانتان نابێت له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ ئاگر بكرێته‌وه‌.»
كه‌لوپه‌له‌كانی چادری په‌رستن 
4
هه‌روه‌ها موسا به‌ هه‌موو كۆمه‌ڵی نه‌وه‌ی ئیسرائیلی گوت: «ئه‌مه‌ ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ یه‌زدان فه‌رمانی پێ كردووه‌:
5
له‌لای خۆتانه‌وه‌ پێشكه‌شكراو بۆ یه‌زدان ببه‌ن، هه‌ركه‌سێك به‌ خواستی دڵی خۆی با پێشكه‌شكراو بۆ یه‌زدان بهێنێت، له‌ زێڕ و زیو و بڕۆنز؛
6
ڕیسی مۆر و ئه‌رخه‌وانی و سووری ئاڵ، كه‌تانی ناسك و مووی بزن؛
7
پێستی به‌رانی ڕه‌نگكراو به‌ ڕه‌نگی سوور و پێستی مانگای ده‌ریا و داری ئه‌كاسیا؛
8
زه‌یتی زه‌یتوون بۆ چرا؛ بۆنوبه‌رام بۆ زه‌یتی ده‌ستنیشانكردن و بۆ بخووری بۆنخۆش؛
9
به‌ردی عاشقبه‌ند و به‌ردی گرانبه‌های دیكه‌ بۆ ئێفۆد و بۆ به‌رسینه‌.
10
«با هه‌موو به‌هره‌مه‌ندێكیش له‌نێوتان بێت و ئه‌وه‌ بكات كه‌ یه‌زدان فه‌رمانی پێ كردووه‌:
11
چادری په‌رستن و ڕه‌شماڵه‌كه‌ی و پۆشه‌ر و فاق و چوارچێوه‌ و كاریته‌ و كۆڵه‌كه‌ و بنكه‌كانی؛
12
سندوقه‌كه‌ و داره‌كانی و قه‌پاغی كه‌فاره‌ت و په‌رده‌كه‌ی شوێنی هه‌ره‌پیرۆز؛
13
مێزه‌كه‌ و داره‌كانی و هه‌موو قاپوقاچاغه‌كانی و نانی ته‌رخانكراو بۆ خودا؛
14
چرادانه‌كه‌ی ڕووناكی و قاپوقاچاغ و چراكانی و زه‌یت بۆ ڕووناكی؛
15
قوربانگاكه‌ی بخوور و دوو داره‌كه‌ی و زه‌یتی ده‌ستنیشانكردن و بخووری بۆنخۆش؛ په‌رده‌كه‌ی ده‌روازه‌ بۆ ده‌روازه‌ی چادره‌كه‌ی په‌رستن؛
16
قوربانگاكه‌ی قوربانی سووتاندن و كه‌تیبه‌ بڕۆنزییه‌كه‌ی، دوو داره‌كه‌ی و هه‌موو قاپوقاچاغه‌كه‌ی و حه‌وزه‌كه‌ و ژێره‌كه‌ی؛
17
په‌رده‌كانی حه‌وشه‌ و كۆڵه‌كه‌ و بنكه‌كانی و په‌رده‌ی ده‌روازه‌ی حه‌وشه‌كه‌؛
18
سنگه‌كانی چادره‌كه‌ی په‌رستن و سنگه‌كانی حه‌وشه‌كه‌ و گوریسه‌كانیان؛
19
جلوبه‌رگه‌ چنراوه‌كانی خزمه‌تكردن له‌ پیرۆزگا، جلوبه‌رگه‌ پیرۆزه‌كه‌ی هارونی كاهین و جلوبه‌رگی كوڕه‌كانی بۆ كاهینیێتی.»
20
ئینجا هه‌موو كۆمه‌ڵی نه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌به‌رده‌م موسا كشانه‌وه‌.
21
دواتر هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ دڵیاندا بوو و ڕۆحیان خواستی، هاتن و پیتاكی یه‌زدانیان هێنا بۆ دروستكردنی چادری چاوپێكه‌وتن بۆ هه‌موو خزمه‌ته‌كه‌ و بۆ جلوبه‌رگه‌ پیرۆزه‌كان.
22
هه‌موو پیاوان و ژنان هاتن، هه‌موو به‌ خواستی دڵیان خه‌زێم و گواره‌ و ئه‌نگوستیله‌ و ملوانكه‌ و هه‌موو خشڵێكی زێڕیان هێنا، هه‌ركه‌سێك زێڕی خۆی وه‌ك قوربانی به‌رزكردنه‌وه‌ بۆ یه‌زدان به‌رزكرده‌وه‌.
23
هه‌ركه‌سێكیش كه‌ ڕیسی مۆر و ئه‌رخه‌وانی و سووری ئاڵ، كه‌تانی ناسك، مووی بزن، پێستی به‌رانی ڕه‌نگكراو به‌ ڕه‌نگی سوور، یان پێستی مانگای ده‌ریای هه‌بوو هێنای.
24
كه‌سانێك هه‌بوون پیتاكی زیو و بڕۆنزیان پێشكه‌شی یه‌زدان كرد، كه‌سانێكیش هه‌بوون داری ئه‌كاسیایان هێنا بۆ به‌كارهێنانی له‌ هه‌ر خزمه‌تێكدا.
25
هه‌موو ژنێكی به‌هره‌مه‌ندیش به‌ ده‌ست ڕستنی ڕست و ڕیسه‌كه‌ی هێنا، ڕیسی مۆر و ئه‌رخه‌وانی و سووری ئاڵ و كه‌تانی ناسك.
26
هه‌موو ئه‌و ئافره‌تانه‌ش كه‌ له‌سه‌ر دڵیان بوو به‌ داناییه‌وه‌ مووی بزنیان ڕست.
27
سه‌ركرده‌كانیش به‌ردی عاشقبه‌ند و به‌رده‌كانی ڕازاندنه‌وه‌ی ئێفۆد و به‌رسینه‌كه‌یان هێنا.
28
هه‌روه‌ها بۆن و زه‌یت بۆ ڕووناكی و بۆ زه‌یتی ده‌ستنیشانكردن و بخووری بۆنخۆش.
29
هه‌موو ئه‌و پیاو و ئافره‌تانه‌ی ئیسرائیلیش كه‌ له‌سه‌ر دڵیان بوو دیارییه‌ك پێشكه‌ش بكه‌ن، هاتن و به‌خشینیان هێنا بۆ ڕاپه‌ڕاندنی هه‌موو ئه‌و كارانه‌ی یه‌زدان كه‌ له‌ ڕێگه‌ی موسا فه‌رمانی پێكردبوون.
به‌سه‌لئێل و ئۆهۆلیئاب 
30
موساش به‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیلی گوت: «بڕوانن، یه‌زدان به‌سه‌لئێلی كوڕی ئوری كوڕی حووری له‌ هۆزی یه‌هودا هه‌ڵبژاردووه‌،
31
له‌ ڕۆحی خوداشه‌وه‌ پڕی كردووه‌ له‌ دانایی و تێگه‌یشتن و زانیاری له‌ هه‌موو جۆره‌ پیشه‌گه‌رییه‌ك،
32
بۆ داهێنانی داهێنانه‌كان، بۆ كاركردن له‌ زێڕ و زیو و بڕۆنز،
33
بۆ تاشین و ڕازاندنه‌وه‌ی به‌رد، بۆ دارتاشی و بۆ كاركردن له‌ هه‌موو جۆره‌ پیشه‌ و داهێنانێك.
34
فێركردنیشی له‌ دڵی داناوه‌، ئه‌و و ئۆهۆلیئابی كوڕی ئه‌حیساماك كه‌ له‌ هۆزی دانه‌.
35
پڕی كردوون له‌ به‌هره‌مه‌ندی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌موو جۆره‌ كارێك، تاشین و داهێنان، چنین له‌ ڕیسی مۆر و ئه‌رخه‌وانی و سووری ئاڵ، كه‌تانی ناسك و هه‌موو كارێكی ڕستن، وه‌ستای هه‌موو كارێك و داهێنه‌ری داهێنانه‌كان.