عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
فەرمانی ڕۆژی شەممە 
1
موسا هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیلی کۆکردەوە و پێی گوتن: «ئەمانە ئەو وشانەن کە یەزدان فەرمانی کردووە بکرێن،
2
شەش ڕۆژ کار دەکرێت، بەڵام لە ڕۆژی حەوتەم بۆتان دەبێتە پیرۆز، پشوودانی شەممەیە بۆ یەزدان، ئەوەی کاری تێدا بکات دەبێت بکوژرێت.
3
لە هەموو نشینگەکانتان نابێت لە ڕۆژی شەممە ئاگر بکرێتەوە.»
کەلوپەلەکانی چادری پەرستن 
4
هەروەها موسا بە هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیلی گوت: «ئەمە ئەو شتەیە کە یەزدان فەرمانی پێ کردووە:
5
لەلای خۆتانەوە پێشکەشکراو بۆ یەزدان ببەن، هەرکەسێک بە خواستی دڵی خۆی با پێشکەشکراو بۆ یەزدان بهێنێت:
«لە زێڕ و زیو و بڕۆنز؛
6
ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ،
کەتانی ناسک و مووی بزن؛
7
پێستی بەران کە بە ڕەنگی سوور ڕەنگکرابوو و پێستی مانگای دەریا
و داری ئەکاسیا؛
8
زەیتی زەیتوون بۆ چرا؛
بۆنوبەرام بۆ زەیتی دەستنیشانکردن و بۆ بخووری بۆنخۆش؛
9
بەردی عاشقبەند و بەردی گرانبەهای دیکە بۆ ئێفۆد و بۆ بەرسینە.
10
«با هەموو بەهرەمەندێکیش لەنێوتان بێت و ئەوە بکات کە یەزدان فەرمانی پێ کردووە:
11
«چادری پەرستن و ڕەشماڵەکەی و پۆشەر و فاق و چوارچێوە و کاریتە و کۆڵەکە و بنکەکانی؛
12
سندوقەکە و دارەکانی و قەپاغی کەفارەت و پەردەکەی شوێنی هەرەپیرۆز؛
13
مێزەکە و دارەکانی و هەموو قاپوقاچاغەکانی و نانی تەرخانکراو بۆ خودا؛
14
چرادانەکەی ڕووناکی و قاپوقاچاغ و چراکانی و زەیت بۆ ڕووناکی؛
15
قوربانگاکەی بخوور و دوو دارەکەی و زەیتی دەستنیشانکردن و بخووری بۆنخۆش؛
پەردەکەی دەروازە بۆ دەروازەی چادرەکەی پەرستن؛
16
قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن و کەتیبە بڕۆنزییەکەی، دوو دارەکەی و هەموو قاپوقاچاغەکەی
و حەوزەکە و ژێرەکەی؛
17
پەردەکانی حەوشە و کۆڵەکە و بنکەکانی و پەردەی دەروازەی حەوشەکە؛
18
سنگەکانی چادرەکەی پەرستن و سنگەکانی حەوشەکە و گوریسەکانیان؛
19
جلوبەرگە چنراوەکانی خزمەتکردن لە پیرۆزگا، جلوبەرگە پیرۆزەکەی هارونی کاهین و جلوبەرگی کوڕەکانی بۆ کاهینیێتی.»
20
ئینجا هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لەبەردەم موسا کشانەوە.
21
دواتر هەموو ئەوانەی لە دڵیاندا بوو و ڕۆحیان خواستی، هاتن و پیتاکی یەزدانیان هێنا بۆ دروستکردنی چادری چاوپێکەوتن بۆ هەموو خزمەتەکە و بۆ جلوبەرگە پیرۆزەکان.
22
هەموو پیاوان و ژنان هاتن، هەموو بە خواستی دڵیان خەزێم و گوارە و ئەنگوستیلە و ملوانکە و هەموو خشڵێکی زێڕیان هێنا، هەرکەسێک زێڕی خۆی وەک قوربانی بەرزکردنەوە بۆ یەزدان بەرزکردەوە.
23
هەرکەسێکیش کە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ، کەتانی ناسک، مووی بزن، پێستی بەران کە بە ڕەنگی سوور ڕەنگکرابوو، یان پێستی مانگای دەریای هەبوو هێنای.
24
کەسانێک هەبوون پیتاکی زیو و بڕۆنزیان پێشکەشی یەزدان کرد، کەسانێکیش هەبوون داری ئەکاسیایان هێنا بۆ بەکارهێنانی لە هەر خزمەتێکدا.
25
هەموو ژنێکی بەهرەمەندیش ڕیسی بەدەست ڕست و ڕیسەکەی هێنا، ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ناسک.
26
هەموو ئەو ئافرەتانەش کە لەسەر دڵیان بوو بە داناییەوە مووی بزنیان ڕست.
27
سەرکردەکانیش بەردی عاشقبەند و بەردەکانی ڕازاندنەوەی ئێفۆد و بەرسینەکەیان هێنا.
28
هەروەها بۆن و زەیت بۆ ڕووناکی و بۆ زەیتی دەستنیشانکردن و بخووری بۆنخۆش.
29
هەموو ئەو پیاو و ئافرەتانەی ئیسرائیلیش کە لەسەر دڵیان بوو دیارییەک پێشکەش بکەن، هاتن و بەخشینیان هێنا بۆ ڕاپەڕاندنی هەموو ئەو کارانەی یەزدان کە لە ڕێگەی موسا فەرمانی پێکردبوون.
بەسەلئێل و ئۆهۆلیئاب 
30
موساش بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: «بڕوانن، یەزدان بەسەلئێلی کوڕی ئوری کوڕی حووری لە هۆزی یەهودا هەڵبژاردووە،
31
لە ڕۆحی خوداشەوە پڕی کردووە لە دانایی و تێگەیشتن و زانیاری لە هەموو جۆرە پیشەگەرییەک،
32
بۆ داهێنانی داهێنانەکان، بۆ کارکردن لە زێڕ و زیو و بڕۆنز،
33
بۆ تاشین و ڕازاندنەوەی بەرد، بۆ دارتاشی و بۆ کارکردن لە هەموو جۆرە پیشە و داهێنانێک.
34
فێرکردنیشی لە دڵی داناوە، ئەو و ئۆهۆلیئابی کوڕی ئەحیساماک کە لە هۆزی دانە.
35
پڕی کردوون لە بەهرەمەندی بۆ ئەنجامدانی هەموو جۆرە کارێک، تاشین و داهێنان، چنین لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ، کەتانی ناسک و هەموو کارێکی ڕستن، وەستای هەموو کارێک و داهێنەری داهێنانەکان.