عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
گوێره‌كه‌ی زێڕین 
1
كاتێك گه‌ل بینی موسا دواكه‌وت له‌ هاتنه‌ خواره‌وه‌ له‌ كێوه‌كه‌، له‌سه‌ر هارون كۆبوونه‌وه‌ و پێیان گوت: «وه‌ره‌! چه‌ند خوداوه‌ندێكمان بۆ دروستبكه‌ له‌پێشمانه‌وه‌ بڕۆن، چونكه‌ ئه‌م موسایه‌، ئه‌و پیاوه‌ی ئێمه‌ی له‌ خاكی میسره‌وه‌ ده‌رهێنا نازانین چی لێهات.»
2
هارونیش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: «ئه‌و گواره‌ زێڕانه‌ی له‌ گوێی ژن و كوڕ و كچه‌كانتانه‌ لێی بكه‌نه‌وه‌ و بۆ منی بهێنن.»
3
جا هه‌موو گه‌ل ئه‌و گوارانه‌ی له‌ گوێیان بوون لێیان كردنه‌وه‌ و بۆ هارونیان هێنا.
4
ئه‌ویش له‌ ده‌ستیانی وه‌رگرت و به‌ قاڵب شێوه‌ی گوێره‌كه‌یه‌كی داڕشت و به‌ قه‌ڵه‌م و چه‌كوش ڕێكیخست، ئینجا گوتیان: «ئه‌ی ئیسرائیل، ئه‌مه‌ خوداوه‌نده‌كه‌مانه‌، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی له‌ خاكی میسره‌وه‌ ده‌رهێنا.»
5
كاتێك هارون ئه‌مه‌ی بینی، قوربانگایه‌كی له‌پێش گوێره‌كه‌كه‌ دروستكرد، بانگه‌وازی دا و گوتی: «به‌یانی جه‌ژنه‌ بۆ یه‌زدان.»
6
ئینجا به‌یانی زوو هه‌ستان و قوربانی سووتاندنیان سه‌رخست و قوربانی هاوبه‌شییان پێشكه‌ش كرد، ئینجا گه‌ل بۆ خواردن و خواردنه‌وه‌ دانیشتن، پاشان بۆ ڕابواردن هه‌ستانه‌وه‌.
7
جا یه‌زدان به‌ موسای فه‌رموو: «بڕۆ خواره‌وه‌، چونكه‌ گه‌له‌كه‌ت گه‌نده‌ڵ بوو، ئه‌وه‌ی له‌ خاكی میسره‌وه‌ هێناته‌ ده‌ره‌وه‌.
8
زوو لایاندا له‌و ڕێگایه‌ی كه‌ فه‌رمانم پێكردن، گوێره‌كه‌یه‌كی له‌قاڵبدراویان بۆ خۆیان دروستكردووه‌ و كڕنۆشی بۆ ده‌به‌ن و قوربانی بۆ سه‌ر ده‌بڕن، ده‌ڵێن: ”ئه‌ی ئیسرائیل، ئه‌مه‌ خوداوه‌نده‌كه‌مانه‌، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی له‌ خاكی میسره‌وه‌ ده‌رهێنا.“»
9
هه‌روه‌ها یه‌زدان به‌ موسای فه‌رموو: «ته‌ماشای ئه‌م گه‌له‌م كرد، ئه‌وان گه‌لێكی كه‌لله‌ڕه‌قن.
10
ئێستاش لێمگه‌ڕێ با تووڕه‌ییم به‌سه‌ریاندا بێته‌ جۆش و كۆتاییان پێ بهێنم، تۆش ده‌كه‌مه‌ گه‌لێكی مه‌زن.»
11
به‌ڵام موساش له‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری خۆی پاڕایه‌وه‌، گوتی: «یه‌زدان، بۆچی تووڕه‌ییت به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌تدا دێته‌ جۆش، كه‌ له‌ خاكی میسره‌وه‌ به‌ توانایه‌كی مه‌زن و ده‌ستێكی به‌هێزه‌وه‌ ده‌رتهێنا؟
12
بۆچی میسرییه‌كان بڵێن: ”به‌ نیازخراپی ده‌ریهێنان هه‌تا له‌ كێوه‌كان بیانكوژێت و له‌سه‌ر ڕووی زه‌وی نه‌یانهێڵێت؟“ جۆشی تووڕه‌ییت دابمركێنه‌وه‌ و ئه‌و سزایه‌ ڕه‌ت بكه‌ره‌وه‌ كه‌ فه‌رمووت به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌تدا ده‌یسه‌پێنیت.
13
ئیبراهیم و ئیسحاق و ئیسرائیلی خزمه‌تكارانت به‌بیر بێته‌وه‌ كه‌ به‌ گیانی خۆت سوێندت بۆیان خوارد و پێت فه‌رموون، ”نه‌وه‌كانتان زۆر ده‌كه‌م وه‌ك ئه‌ستێره‌كانی ئاسمان و هه‌موو ئه‌م خاكه‌ش كه‌ باسم كرد، ده‌یده‌مه‌ نه‌وه‌كانتان و ده‌بێته‌ موڵكیان بۆ هه‌تاهه‌تایه‌.“»
14
ئینجا یه‌زدان پاشگه‌ز بووه‌وه‌ له‌و كاره‌ساته‌ی فه‌رمووی، كه‌ ویستی به‌ گه‌له‌كه‌ی بكات.
15
موسا ڕووی وه‌رگێڕا و له‌ كێوه‌كه‌ هاته‌ خواره‌وه‌، دوو ته‌خته‌كه‌ی په‌یمانیشی له‌ ده‌ست بوو، ئه‌و ته‌ختانه‌ی له‌ هه‌ردوو ڕووه‌كه‌ی نووسرابوون، له‌م لاو له‌و لاوه‌ نووسرابوون.
16
ته‌خته‌كان ده‌ستكردی خودان و نووسینه‌كه‌ش نووسینی خودایه‌ له‌سه‌ر ته‌خته‌كان نه‌خشێنراوه‌.
17
كاتێك یه‌شوع گوێی له‌ ده‌نگی گه‌ل بوو كه‌ هاواریان ده‌كرد، به‌ موسای گوت: «ده‌نگی جه‌نگه‌ له‌ ئۆردوگاكه‌!»
18
ئه‌ویش گوتی:
«نه‌ ده‌نگی هاواری سه‌ركه‌وتنه‌،
نه‌ ده‌نگی هاواری دۆڕاندنه‌،
به‌ڵكو ده‌نگی گۆرانییه‌، ئه‌وه‌ی گوێم لێیه‌.»
19
ئه‌وه‌ بوو كاتێك له‌ ئۆردوگاكه‌ نزیك كه‌وته‌وه‌، چاوی به‌ گوێره‌كه‌ و سه‌ما كه‌وت، تووڕه‌یی موسا جۆشا و هه‌ردوو ته‌خته‌كه‌ی له‌ ده‌ستیه‌وه‌ فڕێدا و له‌ خوار كێوه‌كه‌ شكاندنی.
20
هه‌روه‌ها ئه‌و گوێره‌كه‌یه‌ی دروستیان كردبوو بردی و سووتاندی، هاڕی هه‌تا بووه‌ تۆز، به‌سه‌ر ئاوه‌كه‌دا به‌بای كرد و ئاوه‌كه‌ی به‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیل خوارده‌وه‌.
21
موسا به‌ هارونی گوت: «ئه‌م گه‌له‌ چییان لێكردوویت هه‌تا ئه‌و گوناهه‌ گه‌وره‌یه‌یان به‌سه‌ربهێنیت؟»
22
هارونیش گوتی: «با تووڕه‌یی گه‌وره‌م نه‌جۆشێت، خۆت ده‌زانیت چۆن دڵی ئه‌م گه‌له‌ مه‌یلی خراپه‌كاری هه‌یه‌.
23
پێیان گوتم: ”چه‌ند خوداوه‌ندێكمان بۆ دروستبكه‌ له‌پێشمانه‌وه‌ بڕۆن، چونكه‌ ئه‌م موسایه‌، ئه‌و پیاوه‌ی ئێمه‌ی له‌ خاكی میسره‌وه‌ ده‌رهێنا، نازانین چی لێهات.“
24
منیش پێم گوتن: ”كێ زێڕی پێوه‌یه‌ با لێی بكاته‌وه‌ و بمداتێ.“ ئینجا فڕێمدایه‌ ناو ئاگر و ئه‌م گوێره‌كه‌یه‌ی لێ ده‌رچوو!»
25
موسا بینی گه‌ل به‌ڕه‌ڵا كراوه‌، چونكه‌ هارون به‌ڕه‌ڵای كردبوون هه‌تا ببنه‌ گاڵته‌جاڕ له‌نێو به‌رهه‌ڵستكارانیان.
26
ئینجا موسا له‌ ده‌روازه‌ی ئۆردوگاكه‌ وه‌ستا و گوتی: «كێ بۆ یه‌زدانه‌ با بێته‌ لام.» ئیتر هه‌موو نه‌وه‌ی لێڤی لێی كۆبوونه‌وه‌.
27
ئه‌ویش پێی گوتن: «یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ”با هه‌ریه‌كه‌ شمشێره‌كه‌ی له‌ لاڕانییه‌وه‌ ببه‌ستێت، ده‌روازه‌ به‌ ده‌روازه‌ به‌ ئۆردوگاكه‌دا تێبپه‌ڕن و بگه‌ڕێنه‌وه‌، با هه‌ریه‌كه‌ بكوژێت، جا برای بێت یان هاوڕێ یان دراوسێ.“»
28
نه‌وه‌ی لێڤیش به‌م جۆره‌یان كرد، هه‌روه‌ك موسا گوتی، ئه‌و ڕۆژه‌ نزیكه‌ی سێ هه‌زار پیاو له‌ گه‌ل كه‌وتن.
29
موسا گوتی: «ئه‌مڕۆ ئێوه‌ ته‌رخان كراون بۆ یه‌زدان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێوه‌ له‌ دژی كوڕ و براكانتان بوون، ئیتر ئه‌مڕۆ به‌ره‌كه‌تداری كردن.»
30
ئه‌وه‌ بوو بۆ به‌یانی موسا به‌ گه‌لی گوت: «ئێوه‌ گوناهێكی گه‌وره‌تان كردووه‌، به‌ڵام ئێستا سه‌رده‌كه‌وم بۆ لای یه‌زدان، به‌ڵكو كه‌فاره‌تی گوناهه‌كه‌تان بكه‌م.»
31
ئیتر موسا گه‌ڕایه‌وه‌ لای یه‌زدان و گوتی: «ئای كه‌ ئه‌م گه‌له‌ گوناهێكی گه‌وره‌ی كرد و خوداوه‌ندی زێڕینیان بۆ خۆیان دروستكرد،
32
به‌ڵام ئێستا له‌ گوناهیان خۆشبه‌، ئه‌گه‌ر نا، له‌ په‌ڕتووكه‌كه‌ی خۆت بمسڕه‌وه‌ كه‌ نووسیوته‌.»
33
یه‌زدانیش به‌ موسای فه‌رموو: «ئه‌وه‌ی گوناهی سه‌باره‌ت به‌ من كردبێت له‌ په‌ڕتووكی خۆم ده‌یسڕمه‌وه‌.
34
ئێستاش بڕۆ پێشڕه‌وی گه‌ل بكه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌ی پێم گوتیت، فریشته‌كه‌م وا له‌پێشت ده‌ڕوات، به‌ڵام كاتێك ڕۆژی سزادان هات، له‌سه‌ر گوناهه‌كانیان سزایان ده‌ده‌م.»
35
ئیتر یه‌زدان گه‌لی تووشی ده‌رد كرد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ گوێره‌كه‌كه‌ كردیان كه‌ هارون دروستی كردبوو.