عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سروودی موسا و مریەم 
1
ئینجا موسا و نەوەی ئیسرائیل ئەم سروودەیان بۆ یەزدان گوت:
«سروود بۆ یەزدان دەڵێم،
چونکە شکۆمەندانە سەرکەوت،
ئەسپ و سوارەکەی
فڕێدایە ناو دەریا.
2
«هێز و سروودم یەزدانە،
بووە بە ڕزگاری بۆم.
ئەمە خودامە و شکۆداری دەکەم،
خودای باوکمە و بە گەورەی دەزانم.
3
یەزدان پاڵەوانە،
ناوی یەزدانە.
4
گالیسکەکانی فیرعەون و سوپاکەی
فڕێدایە ناو دەریا،
هەڵبژاردەی ئەفسەرەکانی
لە دەریای سوور نوقوم بوون،
5
قووڵایی دایپۆشین،
کەوتنە بنەوە وەک بەرد.
6
دەستی ڕاستت، ئەی یەزدان،
بەتوانایە بۆ شکۆمەندیت.
دەستی ڕاستت، ئەی یەزدان،
دوژمن تێکدەشکێنێت.
7
«بە مەزنی و پایەبەرزیت
بەرهەڵستەکانت پێشێل دەکەیت،
جۆشی تووڕەییت دەبارێنیت
وەک پووش دەیانخوات.
8
بە بای لووتت
ئاوەکان گرد بوونەوە،
ئاوەڕۆکان وەک گرد وەستان،
قووڵاییەکان لەناو دەریا بەستیان.
9
دوژمن گوتی:
”دوایان دەکەوم، پێیان دەگەم،
تاڵان دابەش دەکەم،
گیانم لێیان تێر دەبێت،
شمشێرەکەم ڕادەکێشم،
دەستم لەناویان دەبات.“
10
بەڵام بە بای خۆت فووت کرد،
دەریا دایپۆشین،
ڕۆچوون وەک قورقوشم،
لە ئاوێکی مەزن.
11
ئەی یەزدان، کێ لەنێو خوداوەندەکان وەک تۆیە؟
کێ وەک تۆ
پایەبەرزە لە پیرۆزی،
سامناک لە شکۆمەندی،
دروستکەری کاری سەرسوڕهێنەر؟
12
«دەستی ڕاستت درێژکرد،
زەوی قووتی دان.
13
ئەو گەلەی کڕیتەوە،
بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت ڕابەرایەتی دەکەیت،
بە هێزی خۆت ڕێنمایی دەکەیت،
بۆ نشینگەی پیرۆزت.
14
گەلان گوێیان لێ دەبێت و دەلەرزن،
دانیشتووانی فەلەستیە ژان دەیانگرێت.
15
سەرکردەکانی ئەدۆم سەرسام دەبن،
ڕابەرەکانی مۆئاب لەرز دەیانگرێت،
هەموو دانیشتووانی کەنعان دەتوێنەوە.
16
سامناکی و تۆقین دێتە سەریان.
ئەی یەزدان، بە هێزی بازووت
وەک بەرد لە شوێنی خۆیان دەچەقن،
هەتا ئەوەی گەلەکەت دەپەڕێتەوە،
هەتا ئەو گەلەی کڕیوتە دەپەڕێتەوە.
17
ئەی یەزدان، دەیانهێنیت و
دەیانچێنیت لە کێوی میراتت،
ئەو شوێنەی بۆ نیشتەجێی خۆت دروستت کرد،
ئەی پەروەردگار، ئەو پیرۆزگایەی کە دەستەکانت دایمەزراند.
18
«یەزدان پاشایەتی دەکات
بۆ هەتاهەتایە.»
19
کاتێک ئەسپی فیرعەون بە گالیسکە و سوارەکانیەوە بۆ ناو دەریا هات، یەزدانیش ئاوی دەریای هێنایەوە سەریان، بەڵام نەوەی ئیسرائیل بەسەر وشکانیدا بە ناوەندی دەریادا ڕۆیشتن.
20
ئینجا مریەمی پێغەمبەر کە خوشکی هارون بوو، دەستی دایە دەف و هەموو ئافرەتەکانیش بە دەف و سەماوە بەدوایەوە ڕۆیشتن.
21
مریەمیش سروودی بۆ گوتن:
«سروود بۆ یەزدان بڵێ،
چونکە شکۆمەندانە سەرکەوت،
ئەسپ و سوارەکانی
فڕێدایە ناو دەریا.»
مێرگەکانی مارا و ئێلیم 
22
ئینجا موسا کۆچی بە نەوەی ئیسرائیل کرد و لە دەریای سوورەوە پەڕینەوە بۆ چۆڵەوانی شوور، سێ ڕۆژ بە چۆڵەوانیدا ڕۆیشتن و ئاویان نەدۆزییەوە.
23
کاتێک هاتنە مارا، نەیانتوانی ئاوەکەی ئەوێ بخۆنەوە، چونکە تاڵ بوو، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە ناونراوە مارا.[a]
24
جا گەل بۆڵەبۆڵیان لەسەر موسا کرد و گوتیان: «چی بخۆینەوە؟»
25
موساش هاواری بۆ یەزدان کرد، یەزدانیش دارێکی پیشان دا و ئەویش فڕێیدایە ناو ئاوەکە، ئیتر ئاوەکە سازگار بوو.
لەوێ یەزدان فەرز و یاسای بۆ دانان و لەوێش تاقی کردنەوە.
26
فەرمووی: «ئەگەر بە باشی گوێ لە دەنگی یەزدانی پەروەردگارت بگریت و ئەوەی ڕاستە لەبەرچاوی بیکەیت و گوێ بۆ فەرمانەکانی شل بکەیت و هەموو فەرزەکانی بەجێبهێنیت، هیچ نەخۆشییەک لەوانەی خستمە سەر میسرییەکان نایخەمە سەر تۆ، چونکە من یەزدانم، ئەوەی چاکت دەکاتەوە.»
27
ئینجا هاتنە ئێلیم، لەوێ دوازدە کانیاو و حەفتا دار خورمای لێبوو، ئیتر لەوێ لەلای ئاوەکان لایاندا.
  1. a. 15‏:23 مارا: مەبەستی تاڵە.‏