عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سروودی موسا و مریه‌م 
1
ئینجا موسا و نه‌وه‌ی ئیسرائیل ئه‌م سرووده‌یان بۆ یه‌زدان گوت:
«سروود بۆ یه‌زدان ده‌ڵێم،
چونكه‌ شكۆمه‌ندانه‌ سه‌ركه‌وت،
ئه‌سپ و سواره‌كه‌ی
فڕێدایه‌ ناو ده‌ریا.
2
«هێز و سروودم یه‌زدانه‌،
بووه‌ به‌ ڕزگاری بۆم.
ئه‌مه‌ خودامه‌ و شكۆداری ده‌كه‌م،
خودای باوكمه‌ و به‌ گه‌وره‌ی ده‌زانم.
3
یه‌زدان پیاوی جه‌نگه‌،
ناوی یه‌زدانه‌.
4
گالیسكه‌كانی فیرعه‌ون و سوپاكه‌ی
فڕێدایه‌ ناو ده‌ریا،
هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌فسه‌ره‌كانی
له‌ ده‌ریای سوور نوقوم بوون،
5
قووڵایی دایپۆشین،
كه‌وتنه‌ بنه‌وه‌ وه‌ك به‌رد.
6
ده‌ستی ڕاستت، ئه‌ی یه‌زدان،
به‌توانایه‌ بۆ شكۆمه‌ندیت.
ده‌ستی ڕاستت، ئه‌ی یه‌زدان،
دوژمن تێكده‌شكێنێت.
7
«به‌ مه‌زنی و پایه‌به‌رزیت
به‌رهه‌ڵسته‌كانت پێشێل ده‌كه‌یت،
جۆشی تووڕه‌ییت ده‌بارێنیت
وه‌ك پووش ده‌یانخوات.
8
به‌ بای لووتت
ئاوه‌كان گرد بوونه‌وه‌،
ئاوه‌ڕۆكان وه‌ك گرد وه‌ستان،
قووڵاییه‌كان له‌ناو ده‌ریا به‌ستیان.
9
دوژمن گوتی:
”دوایان ده‌كه‌وم، پێیان ده‌گه‌م،
تاڵان دابه‌ش ده‌كه‌م،
گیانم لێیان تێر ده‌بێت،
شمشێره‌كه‌م ڕاده‌كێشم،
ده‌ستم له‌ناویان ده‌بات.“
10
به‌ڵام به‌ بای خۆت فووت كرد،
ده‌ریا دایپۆشین،
ڕۆچوون وه‌ك قورقوشم،
له‌ ئاوێكی مه‌زن.
11
ئه‌ی یه‌زدان، كێ له‌نێو خوداوه‌نده‌كان وه‌ك تۆیه‌؟
كێ وه‌ك تۆ
پایه‌به‌رزه‌ له‌ پیرۆزی،
سامناك له‌ شكۆمه‌ندی،
دروستكه‌ری كاری سه‌رسوڕهێنه‌ر؟
12
«ده‌ستی ڕاستت درێژكرد،
زه‌وی قووتی دان.
13
ئه‌و گه‌له‌ی كڕیته‌وه‌،
به‌ خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ت ڕابه‌رایه‌تی ده‌كه‌یت،
به‌ هێزی خۆت ڕێنمایی ده‌كه‌یت،
بۆ نشینگه‌ی پیرۆزت.
14
گه‌لان گوێیان لێ ده‌بێت و ده‌له‌رزن،
دانیشتووانی فه‌له‌ستیه‌ ژان ده‌یانگرێت.
15
سه‌ركرده‌كانی ئه‌دۆم سه‌رسام ده‌بن،
ڕابه‌ره‌كانی مۆئاب له‌رز ده‌یانگرێت،
هه‌موو دانیشتووانی كه‌نعان ده‌توێنه‌وه‌.
16
سامناكی و تۆقین دێته‌ سه‌ریان.
ئه‌ی یه‌زدان، به‌ هێزی بازووت
وه‌ك به‌رد له‌ شوێنی خۆیان ده‌چه‌قن،
هه‌تا ئه‌وه‌ی گه‌له‌كه‌ت ده‌په‌ڕێته‌وه‌،
هه‌تا ئه‌و گه‌له‌ی كڕیوته‌ ده‌په‌ڕێته‌وه‌.
17
ده‌یانهێنیت و ده‌یانچێنیت
له‌ كێوی میراتت،
ئه‌و شوێنه‌ی بۆ نیشته‌جێی خۆت دروستت كرد ئه‌ی یه‌زدان،
ئه‌ی په‌روه‌ردگار، ئه‌و پیرۆزگایه‌ی كه‌ ده‌سته‌كانت دایمه‌زراند.
18
«یه‌زدان پاشایه‌تی ده‌كات
بۆ هه‌تاهه‌تایه‌.»
19
كاتێك ئه‌سپی فیرعه‌ون به‌ گالیسكه‌ و سواره‌كانیه‌وه‌ بۆ ناو ده‌ریا هات، یه‌زدانیش ئاوی ده‌ریای هێنایه‌وه‌ سه‌ریان، به‌ڵام نه‌وه‌ی ئیسرائیل به‌سه‌ر وشكانیدا به‌ ناوه‌ندی ده‌ریادا ڕۆیشتن.
20
ئینجا مریه‌می پێغه‌مبه‌ر كه‌ خوشكی هارون بوو، ده‌ستی دایه‌ ده‌ف و هه‌موو ئافره‌ته‌كانیش به‌ ده‌ف و سه‌ماوه‌ به‌دوایه‌وه‌ ڕۆیشتن.
21
مریه‌میش سروودی بۆ گوتن:
«سروود بۆ یه‌زدان بڵێ،
چونكه‌ شكۆمه‌ندانه‌ سه‌ركه‌وت،
ئه‌سپ و سواره‌كانی
فڕێدایه‌ ناو ده‌ریا.»
مێرگه‌كانی مارا و ئێلیم 
22
ئینجا موسا كۆچی به‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیل كرد و له‌ ده‌ریای سووره‌وه‌ په‌ڕینه‌وه‌ بۆ چۆڵه‌وانی شوور، سێ ڕۆژ به‌ چۆڵه‌وانیدا ڕۆیشتن و ئاویان نه‌دۆزییه‌وه‌.
23
كاتێك هاتنه‌ مارا، نه‌یانتوانی ئاوه‌كه‌ی ئه‌وێ بخۆنه‌وه‌، چونكه‌ تاڵ بوو، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌شه‌ ناونراوه‌ مارا.[a]
24
جا گه‌ل بۆڵه‌بۆڵیان له‌سه‌ر موسا كرد و گوتیان: «چی بخۆینه‌وه‌؟»
25
موساش هاواری بۆ یه‌زدان كرد، یه‌زدانیش دارێكی پیشان دا و ئه‌ویش فڕێیدایه‌ ناو ئاوه‌كه‌، ئیتر ئاوه‌كه‌ سازگار بوو.
له‌وێ یه‌زدان فه‌رز و یاسای بۆ دانان و له‌وێش تاقی كردنه‌وه‌.
26
فه‌رمووی: «ئه‌گه‌ر به‌ باشی گوێ له‌ ده‌نگی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارت بگریت و ئه‌وه‌ی ڕاسته‌ له‌به‌رچاوی بیكه‌یت و گوێ بۆ فه‌رمانه‌كانی شل بكه‌یت و هه‌موو فه‌رزه‌كانی به‌جێبهێنیت، هیچ نه‌خۆشییه‌ك له‌وانه‌ی خستمه‌ سه‌ر میسرییه‌كان نایخه‌مه‌ سه‌ر تۆ، چونكه‌ من یه‌زدانم، ئه‌وه‌ی چاكت ده‌كاته‌وه‌.»
27
ئینجا هاتنه‌ ئێلیم، له‌وێ دوازده‌ كانیاو و حه‌فتا دار خورمای لێبوو، ئیتر له‌وێ له‌لای ئاوه‌كان لایاندا.
  1. a. 15‏:23 مارا: مه‌به‌ستی تاڵه‌.