عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
شادی بێ واتایە 
1
من لە دڵی خۆمدا گوتم: «ئێستا وەرە با بە شادی تاقیت بکەمەوە، جا چاکە دەبینیت!» بەڵام ئەمیش بووە شتێکی بێ واتا.
2
لەبارەی پێکەنینەوە گوتم: «گێلایەتییە! ئەی شادی دەتگەیەنێتە چی؟»
3
هەوڵم دا ڕۆحی خۆم بە شەراب شاد و گێل بکەم، لەو کاتەی کە هێشتا بیرم بە دانایی ڕێنمایی دەکردم. ویستم ببینم چی بۆ مرۆڤ باشە کە بە درێژایی ڕۆژانی ژیانی لەژێر ئاسماندا بیکات.
4
کاری مەزنم ئەنجام دا، چەندین ماڵم بۆ خۆم بنیاد نا، چەندین ڕەزم بۆ خۆم چاند،
5
باخ و بێستانم دروستکرد، لەناویاندا هەموو جۆرە دارێکی بەردارم چاند.
6
حەوزی ئاوم دروستکرد هەتا لەوێوە دارستانە سەوزەکان ئاو بدەم.
7
کۆیلە و کەنیزەم کڕی و چەند کۆیلەیەکی دیکەشم هەبوو کە لە ماڵەکەم لەدایک ببوون. هەروەها سەرمایەی مەڕ و مانگام زۆرتر بوو لە هەموو ئەوانەی پێش من لە ئۆرشەلیم بوون.
8
زێڕ و زیو و گەنجینەی پاشاکان و هەرێمەکانم بۆ خۆم کۆکردەوە، چەندین ژن و پیاوی گۆرانیبێژ و کەنیزەم بۆ خۆم دانا. ئەوەی چێژ بداتە مرۆڤ بۆ خۆم دامنا.
9
مەزن و پایەدارتر بووم لە هەموو ئەوانەی پێش من لە ئۆرشەلیم بوون، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هەر بە دانایی مامەوە.
10
هەرچی چاوم خواستی ڕێم لێ نەگرت،
ئەوەی دڵم پێی خۆش بوو کردم.
دڵم بە هەموو ماندووبوونەکەم خۆش بوو،
ئەمەش پاداشتی هەموو ماندووبوونەکەم بوو.
11
بەڵام کاتێک سەیری هەموو کارەکانی دەستی خۆمم کرد،
لەوانەی کە پێیانەوە ماندوو ببووم،
بینیم هەمووی بێ واتا بوون وەک گڤەی با.
لەسەر زەوی هیچت بۆ نامێنێتەوە.
دانایی و گێلایەتی بێ واتان 
12
پاشان ئاوڕم دایەوە بۆ ئەوەی دانایی و
شێتی و گێلایەتی ببینم،
چونکە ئەو کەسەی کە دوای پاشا دێت
چی زیاتر دەکات، لەوەی پێشتر کراوە؟
13
جا بینیم دانایی لە گێلی بەسوودترە،
وەک چۆن ڕووناکی بەسوودترە لە تاریکی.
14
دانا چاوی لە سەریدایە،
بەڵام گێل بە تاریکیدا دەڕوات،
پاشان بۆم دەرکەوت
کە هەردووکیان یەک چارەنووسیان هەیە.
15
ئینجا لە دڵی خۆمدا گوتم:
«ئەوەی لە گێل ڕوودەدات لە منیش ڕوودەدات،
ئیتر قازانجی چییە کە من داناتربم؟»
لەبەر ئەوە لە دڵی خۆمدا گوتم:
«ئەمەش هەر بێ واتایە.»
16
نە دانا و نە گێل، هەتاهەتایە یاد ناکرێنەوە،
لە ڕۆژانی داهاتوودا هەردووکیان لەبیر دەچنەوە.
هەروەک گێل، داناش دەمرێت.
ماندووبوون بێ واتایە 
17
ئیتر ڕقم لە ژیان هەستا، چونکە ئەوەی لەسەر زەویدا دەکرێت، لەلام خراپە، هەمووی بێ واتایە و گڤەی بایە.
18
ڕقم لە هەموو ماندووبوونەکەم هەستا کە لەسەر زەویدا ڕەنجم بۆی کێشا، لەبەر ئەوەی بە ناچاری بۆ ئەو کەسەی بەجێدەهێڵم کە لەپاش خۆم دێت.
19
کێ دەزانێت ئەو کەسە دانا دەبێت یان گێل؟ لەگەڵ ئەوەشدا دەست بەسەر هەموو ماندووبوونەکەم دەگرێت کە لەسەر زەویدا ڕەنجم بۆی کێشا. ئەمەش هەر بێ واتایە.
20
ئیتر دڵی خۆم بێ ئومێد بووە لە هەموو ئەو ماندووبوونە کە لەسەر زەویدا پێوەی ماندوو بووم.
21
لەوانەیە کەسێک بە دانایی و زانین و کارامەییەوە خۆی ماندوو بکات، بەڵام بۆ کەسێک کە پێوەی ماندوو نەبووبێت وەک میرات بەجێی بهێڵێت. هەروەها ئەمەش بێ واتایە و نەهامەتییەکی گەورەیە.
22
چی تێدایە بۆ مرۆڤ لە هەموو ئەو ماندووبوون و کۆششەی کە بە دڵەڕاوکێ لەسەر زەویدا ڕەنجی بۆ دەکێشێت؟
23
بە درێژایی ژیانی کارەکەی پڕ لە خەم و ئازارە، بگرە لە شەویشدا بیری ئاسوودە نابێت. ئەمەش هەر بێ واتایە.
24
لەوە باشتر نییە بۆ مرۆڤ کە بخوات و بخواتەوە و چێژ لە ماندووبوونەکەی ببینێت. هەروەها ئەمەشم بینی کە لە خوداوەیە،
25
چونکە بەبێ خودا کێ دەتوانێت بخوات و کێ دەتوانێت خۆشی ببینێت؟
26
خودا ئەوەی چاکە لەبەردەمی، دانایی و زانین و دڵخۆشی دەداتێ، گوناهباریش خەریک دەکات بە کۆکردنەوەی ماڵ و سامان و ئەمبارکردنی، هەتا بیداتە ئەو کەسەی کە خودا پەسەندی دەکات. ئەمەش بێ واتایە و گڤەی بایە.