عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
وه‌رزێك بۆ هه‌ر شتێك 
1
هه‌ر شتێك وه‌رزی خۆی هه‌یه‌،
هه‌ر چالاكییه‌ك له‌سه‌ر زه‌وی كاتی خۆی هه‌یه‌:
2
له‌دایكبوون كاتی خۆی هه‌یه‌ و مردنیش كاتی خۆی.
چاندن كاتی خۆی هه‌یه‌ و هه‌ڵكێشانی چێنراویش كاتی خۆی.
3
كوشتن كاتی خۆی هه‌یه‌ و چاكبوونه‌وه‌ش كاتی خۆی،
ڕووخاندن كاتی خۆی هه‌یه‌ و بنیادنانیش كاتی خۆی.
4
گریان كاتی خۆی هه‌یه‌ و پێكه‌نینیش كاتی خۆی.
شیوه‌ن گێڕان كاتی خۆی هه‌یه‌ و سه‌ماكردن كاتی خۆی،
5
به‌رد بڵاوكردنه‌وه‌ كاتی خۆی هه‌یه‌ و به‌رد كۆكردنه‌وه‌ كاتی خۆی،
له‌ئامێزگرتن كاتی خۆی هه‌یه‌ و له‌ئامێزنه‌گرتنیش كاتی خۆی،
6
كۆڵدان كاتی خۆی هه‌یه‌ و كۆڵنه‌دان كاتی خۆی،
پارێزگاریكردن كاتی خۆی هه‌یه‌ و فڕێدان كاتی خۆی،
7
دڕاندن كاتی خۆی هه‌یه‌ و دوورینه‌وه‌ كاتی خۆی،
بێده‌نگی كاتی خۆی هه‌یه‌ و قسه‌كردن كاتی خۆی،
8
خۆشویستن كاتی خۆی هه‌یه‌ و ڕق كاتی خۆی،
جه‌نگ كاتی خۆی هه‌یه‌ و ئاشتی كاتی خۆی.
9
كرێكار چی بۆ ده‌مێنێته‌وه‌ له‌وه‌ی خۆی پێوه‌ ماندوو ده‌كات؟
10
ئه‌و باره‌م بینی كه‌ خودا داویه‌تی به‌ ئاده‌میزاد هه‌تا هه‌ڵیبگرن.
11
خودا هه‌موو شتێكی دروستكرد كه‌ له‌ كاتی خۆیدا جوان بێت، هه‌روه‌ها وای كرد مرۆڤ هه‌ستی ژیانی هه‌تاهه‌تایی هه‌بێت؛ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌س ناتوانێت له‌ بنجوبنه‌وانی كاری خودا بگات، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هه‌تا كۆتایی.
12
جا زانیم كه‌ له‌وه‌ باشتر نییه‌ بۆ مرۆڤ كه‌ پێی دڵخۆش بێت و چاكه‌ بكات له‌ ژیانیدا.
13
هه‌روه‌ها كه‌ هه‌موو مرۆڤێك بخوات و بخواته‌وه‌ و چێژ له‌ هه‌موو ماندووبوونه‌كه‌ی ببینێت، ئه‌وه‌ دیاری خودایه‌.
14
زانیم كه‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی خودا ئه‌نجامی ده‌دات بۆ هه‌تاهه‌تایه‌، هیچی بۆ زیاد ناكرێت و هیچیشی كه‌م ناكرێته‌وه‌. خودا كردوویه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك لێی بترسن.
15
ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ پێشتر هه‌بووه‌،
ئه‌وه‌ش كه‌ ده‌بێت پێشتر بووه‌،
خوداش لێپرسینه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕابردوو ده‌كات.
16
هه‌روه‌ها له‌سه‌ر زه‌وی بینیم:
خراپه‌كاری له‌ جێی دادپه‌روه‌ری،
به‌دكاریش له‌ جێگای ڕاستودروستی.
17
جا له‌ دڵی خۆمدا گوتم:
«كه‌سی ڕاستودروست و خراپه‌كاریش
خودا دادگایی هه‌ردووكیان ده‌كات،
چونكه‌ بۆ هه‌ر چالاكییه‌ك كاتی خۆی ده‌بێت،
بۆ بڕیاردانیش له‌سه‌ر هه‌ر كارێك كاتی خۆی.»
18
من له‌ دڵی خۆمدا گوتم: «سه‌باره‌ت به‌ ئاده‌میزاد، خودا تاقییان ده‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تێیانبگه‌یه‌نێت كه‌ ئاژه‌ڵ چۆنه‌ ئه‌وانیش به‌و شێوه‌یه‌ن.
19
بێگومان چاره‌نووسی مرۆڤ هه‌روه‌ك چاره‌نووسی ئاژه‌ڵه‌، چونكه‌ مردنی ئه‌میان وه‌ك مردنی ئه‌ویانه‌ و یه‌ك هه‌ناسه‌ بۆ هه‌ردووكیانه‌، مرۆڤ هیچی له‌ ئاژه‌ڵ زیاتر نییه‌. بێگومان هه‌رچی هه‌یه‌ بێ واتایه‌.
20
هه‌موو بۆ یه‌ك شوێن ده‌ڕۆن: هه‌ردووكیان له‌ خۆڵه‌وه‌ هاتن و ده‌شگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ خۆڵ.
21
كێ ده‌زانێت: ئایا ڕۆحی ئاده‌میزاد به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ هه‌ڵده‌كشێت یان ڕۆحی ئاژه‌ڵ به‌ره‌و خواره‌وه‌ بۆ زه‌وی داده‌به‌زێت؟»
22
ئیتر بینیم له‌وه‌ باشتر نییه‌ كه‌ مرۆڤ به‌ كاره‌كه‌ی دڵخۆش بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ به‌شی ئه‌وه‌، چونكه‌ كێ ده‌یبینێت بۆ ئه‌وه‌ی بیگێڕێته‌وه‌ كه‌ له‌دوای ئه‌و چی ده‌بێت؟