عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سته‌مكاری، ماندووبوون، ته‌نهایی 
1
پاشان ئاوڕم دایه‌وه‌ و بینیم هه‌موو ئه‌و سته‌مه‌ی كه‌ له‌سه‌ر زه‌ویدا ده‌كرێت و ئه‌وه‌تا:
فرمێسكی سته‌ملێكراوانم بینی،
كه‌س نه‌بوو دڵنه‌واییان بكات،
سته‌مكارانیشیان زه‌بریان به‌ده‌ست بوو،
كه‌س نه‌بوو دڵنه‌واییان بكات.
2
خۆزگه‌ به‌ مردووان ده‌خوازرێت
كه‌ ده‌مێكه‌ مردوون،
ئه‌وان خۆشحاڵترن له‌وانه‌ی
كه‌ له‌ ژیاندا ماون.
3
به‌ڵام له‌ هه‌ردووكیان باشتر ئه‌وه‌یه‌
كه‌ هێشتا له‌دایك نه‌بووه‌،
ئه‌وه‌ی ئه‌و خراپه‌كارییه‌ی نه‌دیوه‌
كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی ئه‌نجام ده‌درێت.
4
من بینیم كه‌ هه‌موو ماندووبوون و هه‌موو ئه‌وه‌ی مرۆڤ به‌رهه‌می ده‌هێنێت له‌ ئه‌نجامی ئه‌و كێشمه‌كێشه‌ی كه‌ مرۆڤ به‌رامبه‌ر به‌ نزیكه‌كه‌ی ده‌یكات، ئه‌مه‌ش بێ واتایه‌ و گڤه‌ی بایه‌.
5
كه‌سی گێل ده‌ست ده‌خاته‌ سه‌ر ده‌ست و
گۆشتی خۆی ده‌خوات.
6
مشتێك حه‌سانه‌وه‌ باشتره‌
له‌ دوو مشتی پڕ ماندووبوون و گڤه‌ی با.
7
دیسان شتێكی بێ واتام له‌سه‌ر زه‌وی بینی:
8
یه‌كێكی تاك و ته‌نها،
نه‌ كوڕی هه‌بوو، نه‌ برا،
هه‌موو ماندووبوونه‌كه‌ی بێ كۆتایی بوو،
هه‌روه‌ها چاوی له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی تێر نه‌ده‌بوو.
گوتی: «ئیتر بۆ كێ خۆم ماندوو بكه‌م و
گیانی خۆم بۆچی له‌ خۆشی بێبه‌ش بكه‌م؟»
ئه‌مه‌ش بێ واتایه‌ و بارێكی قورسه‌.
9
دوو كه‌س له‌ یه‌ك كه‌س باشتره‌،
چونكه‌ له‌ ماندووبوونه‌كه‌یان قازانجێكی باشتریان ده‌بێت.
10
ئه‌گه‌ر یه‌كێكیان بكه‌وێت،
هاوڕێكه‌ی هه‌ڵیده‌ستێنێته‌وه‌.
به‌ڵام قوڕبه‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ته‌نهایه‌،
ده‌كه‌وێت و كه‌س نییه‌ هه‌ڵیبستێنێته‌وه‌.
11
هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر دوو كه‌س پێكه‌وه‌ ڕابكشێن، گه‌رم ده‌بنه‌وه‌،
به‌ڵام یه‌كێك ته‌نها بێت، چۆن گه‌رم ده‌بێته‌وه‌؟
12
ئه‌گه‌ر یه‌كێك یه‌ك كه‌س ببه‌زێنێت،
دووان ده‌توانن به‌رامبه‌ری بوه‌ستن،
داوی سێ ته‌لیش زوو ناپسێت.
پله‌ به‌رزبوونه‌وه‌ بێ واتایه‌ 
13
گه‌نجێكی هه‌ژار و دانا باشتره‌ له‌ پاشایه‌كی پیر و گێل، كه‌ ئیتر ناتوانێت گوێ له‌ هۆشداری بگرێت.
14
ده‌شێت گه‌نجه‌كه‌ له‌ به‌ندیخانه‌وه‌ هاتبێته‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌تا ببێت به‌ پاشا، یاخود به‌ هه‌ژاری له‌و شانشینه‌دا له‌دایك بووبێت.
15
ڕوانیمه‌ هه‌موو ئه‌و مرۆڤانه‌ی كه‌ به‌سه‌ر زه‌ویدا هاتوچۆیان ده‌كرد پشتگیری گه‌نجه‌كه‌یان ده‌كرد كه‌ جێگه‌ی پاشاكه‌ی گرته‌وه‌.
16
ئه‌و مرۆڤانه‌ی كه‌ هاتنه‌ به‌رده‌می پاشا بێشومار بوون، به‌ڵام گه‌ل دڵیان به‌و پاشایه‌ خۆش نه‌بوو. ئه‌مه‌ش بێ واتایه‌ و گڤه‌ی بایه‌.