عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
شادی بێ واتایه‌ 
1
من له‌ دڵی خۆمدا گوتم: «ئێستا وه‌ره‌ با به‌ شادی تاقیت بكه‌مه‌وه‌، جا چاكه‌ ده‌بینیت!» به‌ڵام ئه‌میش بووه‌ شتێكی بێ واتا.
2
له‌باره‌ی پێكه‌نینه‌وه‌ گوتم: «گێلایه‌تییه‌، ئه‌ی شادی ده‌تگه‌یه‌نێته‌ چی؟»
3
هه‌وڵم دا ڕۆحی خۆم به‌ شه‌راب شاد و گێل بكه‌م، له‌و كاته‌ی كه‌ هێشتا بیرم به‌ دانایی ڕێنمایی ده‌كردم. ویستم ببینم چی بۆ مرۆڤ باشه‌ كه‌ به‌ درێژایی ڕۆژانی ژیانی له‌ژێر ئاسماندا بیكات.
4
كاری مه‌زنم ئه‌نجام دا، چه‌ندین ماڵم بۆ خۆم بنیاد نا، چه‌ندین ڕه‌زم بۆ خۆم چاند،
5
باخ و بێستانم دروستكرد، له‌ناویاندا هه‌موو جۆره‌ دارێكی به‌ردارم چاند.
6
حه‌وزی ئاوم دروستكرد هه‌تا له‌وێوه‌ دارستانه‌ سه‌وزه‌كان ئاو بده‌م.
7
كۆیله‌ و كه‌نیزه‌م كڕی و چه‌ند كۆیله‌یه‌كی دیكه‌شم هه‌بوو كه‌ له‌ ماڵه‌كه‌م له‌دایك ببوون. هه‌روه‌ها سه‌رمایه‌ی مه‌ڕ و مانگام زۆرتر بوو له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێش من له‌ ئۆرشه‌لیم بوون.
8
زێڕ و زیو و گه‌نجینه‌ی پاشاكان و هه‌رێمه‌كانم بۆ خۆم كۆكرده‌وه‌، چه‌ندین ژن و پیاوی گۆرانیبێژ و كه‌نیزه‌م بۆ خۆم دانا. ئه‌وه‌ی چێژ بداته‌ مرۆڤ بۆ خۆم دامنا.
9
مه‌زن و پایه‌دارتر بووم له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێش من له‌ ئۆرشه‌لیم بوون، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا هه‌ر به‌ دانایی مامه‌وه‌.
10
هه‌رچی چاوم خواستی ڕێم لێ نه‌گرت،
ئه‌وه‌ی دڵم پێی خۆش بوو كردم.
دڵم به‌ هه‌موو ماندووبوونه‌كه‌م خۆش بوو،
ئه‌مه‌ش پاداشتی هه‌موو ماندووبوونه‌كه‌م بوو.
11
به‌ڵام كاتێك سه‌یری هه‌موو كاره‌كانی ده‌ستی خۆمم كرد،
له‌وانه‌ی كه‌ پێیانه‌وه‌ ماندوو ببووم،
بینیم هه‌مووی بێ واتا بوون وه‌ك گڤه‌ی با.
له‌سه‌ر زه‌وی هیچت بۆ نامێنێته‌وه‌.
دانایی و گێلایه‌تی بێ واتان 
12
پاشان ئاوڕم دایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دانایی و
شێتی و گێلایه‌تی ببینم،
چونكه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ دوای پاشا دێت
چی زیاتر ده‌كات، له‌وه‌ی پێشتر كراوه‌؟
13
جا بینیم دانایی له‌ گێلی به‌سوودتره‌،
وه‌ك چۆن ڕووناكی به‌سوودتره‌ له‌ تاریكی.
14
دانا چاوی له‌ سه‌ریدایه‌،
به‌ڵام گێل به‌ تاریكیدا ده‌ڕوات،
پاشان بۆم ده‌ركه‌وت
كه‌ هه‌ردووكیان یه‌ك چاره‌نووسیان هه‌یه‌.
15
ئینجا له‌ دڵی خۆمدا گوتم:
«ئه‌وه‌ی له‌ گێل ڕووده‌دات له‌ منیش ڕووده‌دات،
ئیتر قازانجی چییه‌ كه‌ من داناتربم؟»
له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌ دڵی خۆمدا گوتم:
«ئه‌مه‌ش هه‌ر بێ واتایه‌.»
16
چونكه‌ نه‌ دانا و نه‌ گێل، هه‌تاهه‌تایه‌ یاد ناكرێنه‌وه‌.
وه‌ك چۆن له‌ كۆنه‌وه‌ ئاواش له‌ ڕۆژانی داهاتوو هه‌موو له‌بیر ده‌چنه‌وه‌.
هه‌روه‌ك گێل، داناش ده‌مرێت.
ماندووبوون بێ واتایه‌ 
17
ئیتر ڕقم له‌ ژیان هه‌ستا، چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌ویدا ده‌كرێت، له‌لام خراپه‌، هه‌مووی بێ واتایه‌ و گڤه‌ی بایه‌.
18
ڕقم له‌ هه‌موو ماندووبوونه‌كه‌م هه‌ستا كه‌ له‌سه‌ر زه‌ویدا ڕه‌نجم بۆی كێشا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ ناچاری بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی به‌جێده‌هێڵم كه‌ له‌پاش خۆم دێت.
19
كێ ده‌زانێت ئه‌و كه‌سه‌ دانا ده‌بێت یان گێل؟ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو ماندووبوونه‌كه‌م ده‌گرێت كه‌ له‌سه‌ر زه‌ویدا ڕه‌نجم بۆی كێشا. ئه‌مه‌ش هه‌ر بێ واتایه‌.
20
ئیتر دڵی خۆم بێ ئومێد بووه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و ماندووبوونه‌ كه‌ له‌سه‌ر زه‌ویدا پێوه‌ی ماندوو بووم.
21
له‌وانه‌یه‌ كه‌سێك به‌ دانایی و زانین و كارامه‌ییه‌وه‌ خۆی ماندوو بكات، به‌ڵام بۆ كه‌سێك كه‌ پێوه‌ی ماندوو نه‌بووبێت وه‌ك میرات به‌جێی بهێڵێت. هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ش بێ واتایه‌ و نه‌هامه‌تییه‌كی گه‌وره‌یه‌.
22
چی تێدایه‌ بۆ مرۆڤ له‌ هه‌موو ئه‌و ماندووبوون و كۆششه‌ی كه‌ به‌ دڵه‌ڕاوكێ له‌سه‌ر زه‌ویدا ڕه‌نجی بۆ ده‌كێشێت؟
23
چونكه‌ به‌ درێژایی ژیانی كاره‌كه‌ی پڕ له‌ خه‌م و ئازاره‌، بگره‌ له‌ شه‌ویشدا بیری ئاسووده‌ نابێت. ئه‌مه‌ش هه‌ر بێ واتایه‌.
24
له‌وه‌ باشتر نییه‌ بۆ مرۆڤ كه‌ بخوات و بخواته‌وه‌ و چێژ له‌ ماندووبوونه‌كه‌ی ببینێت. هه‌روه‌ها ئه‌مه‌شم بینی كه‌ له‌ خوداوه‌یه‌،
25
چونكه‌ به‌بێ خودا كێ ده‌توانێت بخوات و كێ ده‌توانێت خۆشی ببینێت؟
26
خودا ئه‌وه‌ی چاكه‌ له‌به‌رده‌می، دانایی و زانین و دڵخۆشی ده‌داتێ، گوناهباریش خه‌ریك ده‌كات به‌ كۆكردنه‌وه‌ی ماڵ و سامان و ئه‌مباركردنی، هه‌تا بیداته‌ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ خودا په‌سه‌ندی ده‌كات. ئه‌مه‌ش بێ واتایه‌ و گڤه‌ی بایه‌.