عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- شادی بێ واتایە
- 1
- من لە دڵی خۆمدا گوتم: «ئێستا وەرە با بە شادی تاقیت بکەمەوە، جا چاکە دەبینیت!» بەڵام ئەمیش بووە شتێکی بێ واتا.
- 2
- لەبارەی پێکەنینەوە گوتم: «گێلایەتییە! ئەی شادی دەتگەیەنێتە چی؟»
- 3
- هەوڵم دا ڕۆحی خۆم بە شەراب شاد و گێل بکەم، لەو کاتەی کە هێشتا بیرم بە دانایی ڕێنمایی دەکردم. ویستم ببینم چی بۆ مرۆڤ باشە کە بە درێژایی ڕۆژانی ژیانی لەژێر ئاسماندا بیکات.
- 4
- کاری مەزنم ئەنجام دا، چەندین ماڵم بۆ خۆم بنیاد نا، چەندین ڕەزم بۆ خۆم چاند،
- 5
- باخ و بێستانم دروستکرد، لەناویاندا هەموو جۆرە دارێکی بەردارم چاند.
- 6
- حەوزی ئاوم دروستکرد هەتا لەوێوە دارستانە سەوزەکان ئاو بدەم.
- 7
- کۆیلە و کەنیزەم کڕی و چەند کۆیلەیەکی دیکەشم هەبوو کە لە ماڵەکەم لەدایک ببوون. هەروەها سەرمایەی مەڕ و مانگام زۆرتر بوو لە هەموو ئەوانەی پێش من لە ئۆرشەلیم بوون.
- 8
- زێڕ و زیو و گەنجینەی پاشاکان و هەرێمەکانم بۆ خۆم کۆکردەوە، چەندین ژن و پیاوی گۆرانیبێژ و کەنیزەم بۆ خۆم دانا. ئەوەی چێژ بداتە مرۆڤ بۆ خۆم دامنا.
- 9
- مەزن و پایەدارتر بووم لە هەموو ئەوانەی پێش من لە ئۆرشەلیم بوون، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هەر بە دانایی مامەوە.
- 10
- هەرچی چاوم خواستی ڕێم لێ نەگرت،
ئەوەی دڵم پێی خۆش بوو کردم.
دڵم بە هەموو ماندووبوونەکەم خۆش بوو،
ئەمەش پاداشتی هەموو ماندووبوونەکەم بوو. - 11
- بەڵام کاتێک سەیری هەموو کارەکانی دەستی خۆمم کرد،
لەوانەی کە پێیانەوە ماندوو ببووم،
بینیم هەمووی بێ واتا بوون وەک گڤەی با.
لەسەر زەوی هیچت بۆ نامێنێتەوە. - دانایی و گێلایەتی بێ واتان
- 12
- پاشان ئاوڕم دایەوە بۆ ئەوەی دانایی و
شێتی و گێلایەتی ببینم،
چونکە ئەو کەسەی کە دوای پاشا دێت
چی زیاتر دەکات، لەوەی پێشتر کراوە؟ - 13
- جا بینیم دانایی لە گێلی بەسوودترە،
وەک چۆن ڕووناکی بەسوودترە لە تاریکی. - 14
- دانا چاوی لە سەریدایە،
بەڵام گێل بە تاریکیدا دەڕوات،
پاشان بۆم دەرکەوت
کە هەردووکیان یەک چارەنووسیان هەیە. - 15
- ئینجا لە دڵی خۆمدا گوتم:
«ئەوەی لە گێل ڕوودەدات لە منیش ڕوودەدات،
ئیتر قازانجی چییە کە من داناتربم؟»
لەبەر ئەوە لە دڵی خۆمدا گوتم:
«ئەمەش هەر بێ واتایە.» - 16
- نە دانا و نە گێل، هەتاهەتایە یاد ناکرێنەوە،
لە ڕۆژانی داهاتوودا هەردووکیان لەبیر دەچنەوە.
هەروەک گێل، داناش دەمرێت. - ماندووبوون بێ واتایە
- 17
- ئیتر ڕقم لە ژیان هەستا، چونکە ئەوەی لەسەر زەویدا دەکرێت، لەلام خراپە، هەمووی بێ واتایە و گڤەی بایە.
- 18
- ڕقم لە هەموو ماندووبوونەکەم هەستا کە لەسەر زەویدا ڕەنجم بۆی کێشا، لەبەر ئەوەی بە ناچاری بۆ ئەو کەسەی بەجێدەهێڵم کە لەپاش خۆم دێت.
- 19
- کێ دەزانێت ئەو کەسە دانا دەبێت یان گێل؟ لەگەڵ ئەوەشدا دەست بەسەر هەموو ماندووبوونەکەم دەگرێت کە لەسەر زەویدا ڕەنجم بۆی کێشا. ئەمەش هەر بێ واتایە.
- 20
- ئیتر دڵی خۆم بێ ئومێد بووە لە هەموو ئەو ماندووبوونە کە لەسەر زەویدا پێوەی ماندوو بووم.
- 21
- لەوانەیە کەسێک بە دانایی و زانین و کارامەییەوە خۆی ماندوو بکات، بەڵام بۆ کەسێک کە پێوەی ماندوو نەبووبێت وەک میرات بەجێی بهێڵێت. هەروەها ئەمەش بێ واتایە و نەهامەتییەکی گەورەیە.
- 22
- چی تێدایە بۆ مرۆڤ لە هەموو ئەو ماندووبوون و کۆششەی کە بە دڵەڕاوکێ لەسەر زەویدا ڕەنجی بۆ دەکێشێت؟
- 23
- بە درێژایی ژیانی کارەکەی پڕ لە خەم و ئازارە، بگرە لە شەویشدا بیری ئاسوودە نابێت. ئەمەش هەر بێ واتایە.
- 24
- لەوە باشتر نییە بۆ مرۆڤ کە بخوات و بخواتەوە و چێژ لە ماندووبوونەکەی ببینێت. هەروەها ئەمەشم بینی کە لە خوداوەیە،
- 25
- چونکە بەبێ خودا کێ دەتوانێت بخوات و کێ دەتوانێت خۆشی ببینێت؟
- 26
- خودا ئەوەی چاکە لەبەردەمی، دانایی و زانین و دڵخۆشی دەداتێ، گوناهباریش خەریک دەکات بە کۆکردنەوەی ماڵ و سامان و ئەمبارکردنی، هەتا بیداتە ئەو کەسەی کە خودا پەسەندی دەکات. ئەمەش بێ واتایە و گڤەی بایە.