عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
هه‌رچی هه‌یه‌ بێ واتایه‌ 
1
وته‌كانی وتاربێژی ژیرمه‌ند، كوڕی داود، پاشا له‌ ئۆرشه‌لیم:
2
وتاربێژی ژیرمه‌ند ده‌ڵێت:
«بێ واتای بێ واتایان!
بێ واتا هه‌ر بێ واتایه‌!
هه‌رچی هه‌یه‌ بێ واتایه‌.»
3
مرۆڤ له‌ هه‌موو ماندووبوونه‌كه‌ی چی بۆ ده‌مێنێته‌وه‌،
كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی[a] پێوه‌ی ماندوو ده‌بێت؟
4
نه‌وه‌یه‌ك دێت و نه‌وه‌یه‌ك ده‌ڕوات،
به‌ڵام زه‌وی هه‌تاهه‌تایه‌ هه‌ر هه‌یه‌.
5
خۆر هه‌ڵدێت و خۆرئاوا ده‌بێت،
به‌ په‌له‌یه‌ بۆ شوێنه‌كه‌ی له‌وێوه‌ هه‌ڵدێت.
6
با هه‌ڵده‌كات به‌ره‌و باشوور و
ده‌سووڕێته‌وه‌ به‌ره‌و باكوور،
ده‌سووڕێته‌وه‌ و ده‌سووڕێته‌وه‌،
هه‌میشه‌ بۆ خولگه‌كه‌ی خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
7
هه‌رچه‌نده‌ هه‌موو ڕووباره‌كان به‌ره‌و ده‌ریا ده‌چن،
به‌ڵام ده‌ریا هه‌ر پڕ نابێت.
ڕووباره‌كان بۆ شوێنه‌كه‌ی خۆیان ده‌چنه‌وه‌،
بۆ ئه‌وێ ده‌ڕۆن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌.
8
هه‌موو شته‌كان ماندووكه‌رن،
مرۆڤ ناتوانێت ده‌ریانببڕێت.
چاو له‌ سه‌یركردن تێر نابێت و
گوێ له‌ بیستن پڕ نابێت.
9
ئه‌وه‌ی بووه‌ هه‌ر ئه‌و ده‌بێت،
ئه‌وه‌ی كراوه‌ هه‌ر ئه‌و ده‌كرێت،
هیچی نوێ له‌سه‌ر زه‌وی نییه‌.
10
هیچ شتێك نییه‌ كه‌ بگوترێت:
«سه‌یر بكه‌، ئه‌مه‌ نوێیه‌!»
له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌ هه‌ر بووه‌،
له‌ سه‌رده‌مانی پێش ئێمه‌وه‌.
11
كه‌س یادی نه‌وه‌كانی پێشوو ناكاته‌وه‌،
ته‌نانه‌ت نه‌وه‌كانی داهاتووش
نایه‌نه‌وه‌ یادی
ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌پاش ئه‌وان دێن.
دانایی بێ واتایه‌ 
12
من كه‌ وتاربێژی ژیرمه‌ندم، پاشای ئیسرائیل بووم له‌ ئۆرشه‌لیم.
13
له‌ ڕێگای داناییه‌وه‌ خۆمم ته‌رخان كرد بۆ فێربوون و لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌موو ئه‌و كارانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی كراون. بارێكی گرانه‌ كه‌ خودا له‌سه‌ر شانی مرۆڤی داناوه‌!
14
ڕوانیمه‌ هه‌موو كرداره‌كان كه‌ له‌سه‌ر زه‌ویدا كراون و ئه‌وه‌تا هه‌مووی بێ واتایه‌ و گڤه‌ی بایه‌.
15
خوار ناتوانرێت ڕاست بكرێته‌وه‌ و
ونبوو ناتوانرێت بژمێردرێت.
16
له‌ دڵی خۆمدا گوتم: «ئه‌وه‌تا من مه‌زن بووم، داناییم زۆرتر بوو له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێش من له‌سه‌ر ته‌ختی ئۆرشه‌لیم بوون و دڵم دانایی و زانینی زۆری بینی.»
17
ئینجا خۆمم ته‌رخان كرد بۆ تێگه‌یشتن له‌ دانایی، هه‌روه‌ها شێتی و گێلی، ئه‌و كاته‌ بۆم ده‌ركه‌وت ئه‌مه‌ش به‌ هه‌مان شێوه‌ گڤه‌ی بایه‌.
18
چونكه‌ له‌ زۆری دانایی، په‌ستی زۆر ده‌بێت و
ئه‌وه‌ی زانینی زیاتر بێت خه‌می زیاد ده‌بێت.
  1. a. 1‏:3 له‌ عیبری نووسراوه‌ له‌ژێر خۆردا، به‌ڵام مه‌به‌ست له‌سه‌ر زه‌وییه‌ نه‌ك له‌به‌ر گه‌رمای هه‌تاو.