عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
هەرچی هەیە بێ واتایە 
1
وتەکانی وتاربێژی ژیرمەند، کوڕی داود، پاشا لە ئۆرشەلیم:
2
وتاربێژی ژیرمەند دەڵێت:
«بێ واتایە! بێ واتایە!
بێ واتا، هەر بێ واتایە!
هەرچی هەیە بێ واتایە.»
3
مرۆڤ لە هەموو ماندووبوونەکەی چی بۆ دەمێنێتەوە،
کە لەسەر زەوی[a] پێوەی ماندوو دەبێت؟
4
نەوەیەک دێت و نەوەیەک دەڕوات،
بەڵام زەوی هەتاهەتایە هەر هەیە.
5
خۆر هەڵدێت و خۆرئاوا دەبێت،
بە پەلەیە بۆ شوێنەکەی لەوێوە هەڵدێت.
6
با هەڵدەکات بەرەو باشوور و
دەسووڕێتەوە بەرەو باکوور،
دەسووڕێتەوە و دەسووڕێتەوە،
هەمیشە بۆ خولگەکەی خۆی دەگەڕێتەوە.
7
هەرچەندە هەموو ڕووبارەکان بەرەو دەریا دەچن،
بەڵام دەریا هەر پڕ نابێت.
ڕووبارەکان بۆ شوێنەکەی خۆیان دەچنەوە،
بۆ ئەوێ دەڕۆن و دەگەڕێنەوە.
8
هەموو شتەکان ماندووکەرن،
مرۆڤ ناتوانێت دەریانببڕێت.
چاو لە سەیرکردن تێر نابێت و
گوێ لە بیستن پڕ نابێت.
9
ئەوەی بووە هەر ئەو دەبێت،
ئەوەی کراوە هەر ئەو دەکرێت،
هیچی نوێ لەسەر زەوی نییە.
10
هیچ شتێک نییە کە بگوترێت:
«سەیر بکە، ئەمە نوێیە!»
لە دێرزەمانەوە هەر بووە،
لە سەردەمانی پێش ئێمەوە.
11
کەس یادی نەوەکانی پێشوو ناکاتەوە،
تەنانەت نەوەکانی داهاتووش
نایەنەوە یادی
ئەوانەی کە لەپاش ئەوان دێن.
دانایی بێ واتایە 
12
من کە وتاربێژی ژیرمەندم، پاشای ئیسرائیل بووم لە ئۆرشەلیم.
13
لە ڕێگای داناییەوە خۆمم تەرخان کرد بۆ فێربوون و لێکۆڵینەوە سەبارەت بە هەموو ئەو کارانەی کە لەسەر زەوی کراون. بارێکی گرانە کە خودا لەسەر شانی مرۆڤی داناوە!
14
ڕوانیمە هەموو کردارەکان کە لەسەر زەویدا کراون و ئەوەتا هەمووی بێ واتایە و گڤەی بایە.
15
خوار ناتوانرێت ڕاست بکرێتەوە و
ونبوو ناتوانرێت بژمێردرێت.
16
لە دڵی خۆمدا گوتم: «ئەوەتا من مەزن بووم، داناییم زۆرتر بوو لە هەموو ئەوانەی پێش من لەسەر تەختی ئۆرشەلیم بوون و دڵم دانایی و زانینی زۆری بینی.»
17
ئینجا خۆمم تەرخان کرد بۆ تێگەیشتن لە دانایی، هەروەها شێتی و گێلی، ئەو کاتە بۆم دەرکەوت ئەمەش بە هەمان شێوە گڤەی بایە،
18
چونکە لە زۆری دانایی، پەستی زۆر دەبێت و
ئەوەی زانینی زیاتر بێت خەمی زیاد دەبێت.
  1. a. 1‏:3 لە عیبری نووسراوە لەژێر خۆردا، بەڵام مەبەست لەسەر زەوییە نەک لەبەر گەرمای هەتاو.‏