عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
قسه‌ی له‌موئێلی پاشا 
1
قسه‌ی له‌موئێلی پاشا، ئه‌و سروشه‌ی كه‌ دایكی فێری كرد:
2
چی ڕۆڵه‌؟ چی ڕۆڵه‌ی هه‌ناوم؟
چی ڕۆڵه‌ی نه‌زره‌كانم؟
3
هێزت مه‌ده‌ ژنان،
ڕێگاكانیشت مه‌ده‌ ژنانی له‌ناوبه‌ری پاشایان.
4
ئه‌ی له‌موئێل، بۆ پاشایان نییه‌،
بۆ پاشایان نییه‌ شه‌راب بنۆشن،
بۆ میرانیش نییه‌ ئاره‌زووی ئاره‌ق بكه‌ن،
5
نه‌وه‌ك بخۆنه‌وه‌ و یاسا له‌بیر بكه‌ن،
مافی سته‌ملێكراوان زه‌وت بكه‌ن.
6
ئاره‌ق بده‌ به‌وه‌ی له‌ناوده‌چێت،
شه‌رابیش به‌وانه‌ی ده‌روونیان تاڵه‌.
7
با بخواته‌وه‌ و هه‌ژارییه‌كه‌ی له‌بیر بكات،
ئیتر ماندووبوونه‌كه‌ی نایه‌ته‌وه‌ یاد.
8
ده‌مت بكه‌ره‌وه‌ بۆ لاڵ[a] ،
بۆ مافی هه‌موو ده‌ربه‌ده‌ران.
9
ده‌مت بكه‌ره‌وه‌ و به‌ ڕاستودروستی دادوه‌ری بكه‌،
پارێزگاری له‌ مافی كڵۆڵان و نه‌داران بكه‌.
به‌شی كۆتایی[b] : ژنی خانه‌دان 
10
كێ ژنی خانه‌دانی ده‌ست ده‌كه‌وێت؟
نرخی له‌ یاقووت[c] گرانتره‌.
11
مێرده‌كه‌ی به‌ ته‌واوی پشتی پێ ده‌به‌ستێت و
له‌ هیچی كه‌م نابێت.
12
چاكه‌ی بۆ ده‌كات نه‌ك خراپه‌
به‌ درێژایی ژیانی.
13
خوری و كه‌تان هه‌ڵده‌بژێرێت،
به‌ دوو ده‌ستی په‌رۆشه‌وه‌ ئیش ده‌كات.
14
وه‌ك كه‌شتی بازرگان وایه‌،
خۆراكی خۆی له‌ دووره‌وه‌ ده‌هێنێت.
15
هێشتا شه‌وه‌ له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستێت،
خواردن بۆ ماڵه‌وه‌ ئاماده‌ ده‌كات و
ئه‌رك بۆ كاره‌كه‌ره‌كان دیاری ده‌كات.
16
له‌ كێڵگه‌یه‌ك ورد ده‌بێته‌وه‌ و ده‌یكڕێت،
به‌ قازانجی ده‌ستی ڕه‌زه‌مێوێك ده‌چێنێت.
17
ناوقه‌دی توند ده‌به‌ستێت و
بازووی لێ هه‌ڵده‌كات.
18
ده‌بینێت بازرگانییه‌كه‌ی چاكه‌،
به‌ شه‌و چرای ناكوژێته‌وه‌.
19
خوری به‌ بازوویه‌وه‌ ده‌ئاڵێنێت و
ته‌شی له‌ناو له‌پیدایه‌.
20
ده‌سته‌كانی بۆ كڵۆڵ ده‌كاته‌وه‌ و
ده‌ست درێژ ده‌كات بۆ نه‌داران.
21
ترسی ماڵه‌كه‌ی نییه‌ له‌ به‌فر،
چونكه‌ هه‌موو ماڵه‌كه‌ی به‌رگی ئاڵیان[d] له‌به‌ردایه‌.
22
چه‌رچه‌ف بۆ نوێنه‌كه‌ی دروستده‌كات،
كه‌تانی ناسك و ڕیسی ئه‌رخه‌وانی له‌به‌ر ده‌كات.
23
مێردی له‌ ده‌روازه‌كانی شاردا ناسراوه‌،
له‌وێ له‌گه‌ڵ پیرانی شاره‌كه‌ داده‌نیشێت.
24
كراسی كه‌تان دروستده‌كات و ده‌یفرۆشێت،
پشتێن بۆ بازرگانان[e] دابین ده‌كات.
25
هێز و ڕێز به‌رگی ئه‌ون،
پێده‌كه‌نێت بۆ ڕۆژانی ئاینده‌.
26
ده‌می به‌ دانایی ده‌كاته‌وه‌ و
فێركردنه‌كانی میهره‌بانی له‌سه‌ر زمانییه‌تی.
27
چاودێری هاتوچۆی ماڵومنداڵه‌كه‌ی ده‌كات،
نانی ته‌مبه‌ڵی ناخوات.
28
منداڵه‌كانی هه‌ڵده‌ستن و خۆزگه‌ی پێ ده‌خوازن،
مێرده‌كه‌شی ستایشی ده‌كات:
29
«زۆر ژن خانه‌دان بوونه‌،
به‌ڵام تۆ له‌ سه‌رووی هه‌موویانی.»
30
شۆخ و شه‌نگی فریوده‌ره‌ و جوانی پووچه‌،
به‌ڵام ئه‌و ئافره‌ته‌ی له‌ یه‌زدان بترسێت، ستایش ده‌كرێت.
31
به‌ری ده‌ستی خۆی بده‌نێ و
با له‌ ده‌روازه‌كانی شاردا كرده‌وه‌كانی ستایشی بكه‌ن.
  1. a. 31‏:8 مه‌به‌ست ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ ناوێرن و ناتوانن داوای مافه‌كانیان بكه‌ن.
  2. b. 31‏:9 هه‌ر دێڕه‌ هه‌ڵبه‌ستێك له‌ به‌شی كۆتاییدا به‌ پیتێك ده‌ستپێده‌كات، به‌پێی ڕیزبه‌ندی ئه‌لفبێی عیبری.
  3. c. 31‏:10 یاقووت: گه‌وهه‌ری سووری تۆخ.
  4. d. 31‏:21 به‌رگی گه‌رم و ڕه‌نگ ئاڵ بووه‌، هه‌روه‌ك له‌ كوردی پێی ده‌گوترێ قه‌ستۆر یان په‌سته‌ك.
  5. e. 31‏:24 عیبری: كه‌نعانییه‌كان، به‌ مه‌به‌ستی بازرگانی گه‌ڕۆك.