عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - ڕووخاندنی ئیسرائیل
- 1
- پەروەردگارم بینی لەلای قوربانگاکەوە ڕاوەستابوو و فەرمووی:
 «لە سەری کۆڵەکەکان بدە
 هەتا بەردەرگاکان بلەرنەوە،
 بیانشکێنە بەسەر سەری هەموویاندا و
 ئەوانەی لێیان ماونەتەوە بە شمشێر دەیانکوژم.
 کەسیان لێ هەڵنایەت و
 کەسیشیان لێ دەرباز نابێت.
- 2
- ئەگەر بەرەو جیهانی مردووان هەڵبکۆڵن،
 لەوێوە دەستم دەیانگرێت؛
 ئەگەر بۆ ئاسمانیش سەربکەون،
 لەوێوە دایاندەگرمە خوارەوە؛
- 3
- ئەگەر لە لووتکەی کارمەل خۆیان بشارنەوە،
 لەوێ بە شوێنیاندا دەگەڕێم و دەیانگرم؛
 ئەگەر لە بنی دەریا خۆیان لەبەرچاوم بشارنەوە،
 لەوێ فەرمان بە مار دەدەم و پێیانەوە دەدات.
- 4
- ئەگەر لەپێش دوژمنەکانیانەوە ڕاپێچ کران،
 لەوێ فەرمان بە شمشێر دەدەم و دەیانکوژێت.
 «چاوەکانم دەبڕمە سەریان
 بۆ خراپە نەک بۆ چاکە.»
- 5
- یەزدانیش، پەروەردگاری سوپاسالار،
 ئەوەی دەست لە زەوی دەدات، زەوی دەتوێتەوە و
 هەموو دانیشتووانەکەی شیوەن دەگێڕن،
 هەموو خاکەکە وەک ڕووباری نیل هەڵدەکشێت،
 وەک ڕووباری میسر دادەکشێت.
- 6
- ئەوەی لە ئاسمان کۆشکی خۆی بنیاد دەنێت و
 لە زەویش بناغەی خۆی دادەمەزرێنێت،
 ئەوەی بانگی ئاوی دەریا دەکات و
 بەسەر ڕووی زەویدا دەیڕژێنێت،
 ناوی یەزدانە.
- 7
- «ئەی نەوەی ئیسرائیل،
 ئایا ئێوە بۆ من وەک نەوەی کوشییەکان[a] نین؟»
 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
 «ئایا ئیسرائیلم لە خاکی میسرەوە نەهێنایە دەرەوە و
 فەلەستییەکان لە کریتەوە و
 ئارامییەکان لە قییرەوە؟
- 8
- «بە دڵنیاییەوە چاوەکانی یەزدانی باڵادەست
 لەسەر پاشایەتییە گوناهبارەکەن.
 لەناوی دەبەم لەسەر ڕووی زەوی،
 بەڵام بنەماڵەی یاقوب بە تەواوی لەناو نابەم.»
 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 9
- «من فەرمان دەدەم و
 لەنێو هەموو نەتەوەکان بنەماڵەی ئیسرائیل لە بێژنگ دەدەم،
 وەک چۆن بە بێژنگ لە بێژنگ دەدرێت
 بێ ئەوەی دەنکێک بکەوێتە سەر زەوی.
- 10
- هەموو گوناهبارانی گەلەکەم
 بە شمشێر دەکوژرێن،
 هەموو ئەوانەی دەڵێن:
 ”بەڵا نزیک نابێتەوە و نایەتە ناومان.“
- بنیادنانەوەی ئیسرائیل
- 11
- «لەو ڕۆژەدا چادرە ڕووخاوەکەی داود
 هەڵدەدەمەوە.
 شوورابەندە شکێنراوەکانی بنیاد دەنێمەوە،
 ڕووخاوییەکانی دروستدەکەمەوە،
 وەک ڕۆژانی ڕابردوو بنیادی دەنێمەوە،
- 12
- تاکو ئەوەی دەبنە خاوەنی پاشماوەی نەتەوەی ئەدۆم و
 هەموو ئەو نەتەوانەی ناوی منیان هەڵگرتووە.»
 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی ئەم کردارانە ئەنجام دەدات.
- 13
- یەزدان دەفەرموێت:
 «سەردەمێک دێت جوتیار بە سەپان دەگاتەوە و
 شێلەری ترێش بە چێنەری تۆو.
 چیاکان خۆشاوی ترێیان لێ دەتکێت و
 هەموو گردەکانیش لێیان دەچۆڕێتەوە.
- 14
- ڕاپێچکراوانی ئیسرائیلی گەلەکەم دەگەڕێنمەوە.
 «شارە کاولکراوەکان بنیاد دەنێنەوە و تێیدا نیشتەجێ دەبن.
 ڕەزەمێو دەچێنن و شەرابەکەی دەخۆنەوە،
 باخ دەچێنن و لە بەرەکەی دەخۆن.
- 15
- لە خاکەکەیاندا دەیانچێنم،
 هەرگیز لەو خاکەی کە پێم داون هەڵناکەنرێن.»
 یەزدانی پەروەردگارت دەفەرموێت.
- a. 9:7 کووش وڵاتێک بووە لە سەرووی ڕووباری نیل.

