عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ڕووخاندنی ئیسرائیل 
1
پەروەردگارم بینی لەلای قوربانگاکەوە ڕاوەستابوو و فەرمووی:
«لە سەری کۆڵەکەکان بدە
هەتا بەردەرگاکان بلەرنەوە،
بیانشکێنە بەسەر سەری هەموویاندا و
ئەوانەی لێیان ماونەتەوە بە شمشێر دەیانکوژم.
کەسیان لێ هەڵنایەت و
کەسیشیان لێ دەرباز نابێت.
2
ئەگەر بەرەو جیهانی مردووان هەڵبکۆڵن،
لەوێوە دەستم دەیانگرێت؛
ئەگەر بۆ ئاسمانیش سەربکەون،
لەوێوە دایاندەگرمە خوارەوە؛
3
ئەگەر لە لووتکەی کارمەل خۆیان بشارنەوە،
لەوێ بە شوێنیاندا دەگەڕێم و دەیانگرم؛
ئەگەر لە بنی دەریا خۆیان لەبەرچاوم بشارنەوە،
لەوێ فەرمان بە مار دەدەم و پێیانەوە دەدات.
4
ئەگەر لەپێش دوژمنەکانیانەوە ڕاپێچ کران،
لەوێ فەرمان بە شمشێر دەدەم و دەیانکوژێت.
«چاوەکانم دەبڕمە سەریان
بۆ خراپە نەک بۆ چاکە.»
5
یەزدانیش، پەروەردگاری سوپاسالار،
ئەوەی دەست لە زەوی دەدات، زەوی دەتوێتەوە و
هەموو دانیشتووانەکەی شیوەن دەگێڕن،
هەموو خاکەکە وەک ڕووباری نیل هەڵدەکشێت،
وەک ڕووباری میسر دادەکشێت.
6
ئەوەی لە ئاسمان کۆشکی خۆی بنیاد دەنێت و
لە زەویش بناغەی خۆی دادەمەزرێنێت،
ئەوەی بانگی ئاوی دەریا دەکات و
بەسەر ڕووی زەویدا دەیڕژێنێت،
ناوی یەزدانە.
7
«ئەی نەوەی ئیسرائیل،
ئایا ئێوە بۆ من وەک نەوەی کوشییەکان[a] نین؟»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
«ئایا ئیسرائیلم لە خاکی میسرەوە نەهێنایە دەرەوە و
فەلەستییەکان لە کریتەوە و
ئارامییەکان لە قییرەوە؟
8
«بە دڵنیاییەوە چاوەکانی یەزدانی باڵادەست
لەسەر پاشایەتییە گوناهبارەکەن.
لەناوی دەبەم لەسەر ڕووی زەوی،
بەڵام بنەماڵەی یاقوب بە تەواوی لەناو نابەم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
9
«من فەرمان دەدەم و
لەنێو هەموو نەتەوەکان بنەماڵەی ئیسرائیل لە بێژنگ دەدەم،
وەک چۆن بە بێژنگ لە بێژنگ دەدرێت
بێ ئەوەی دەنکێک بکەوێتە سەر زەوی.
10
هەموو گوناهبارانی گەلەکەم
بە شمشێر دەکوژرێن،
هەموو ئەوانەی دەڵێن:
”بەڵا نزیک نابێتەوە و نایەتە ناومان.“
بنیادنانەوەی ئیسرائیل 
11
«لەو ڕۆژەدا چادرە ڕووخاوەکەی داود
هەڵدەدەمەوە.
شوورابەندە شکێنراوەکانی بنیاد دەنێمەوە،
ڕووخاوییەکانی دروستدەکەمەوە،
وەک ڕۆژانی ڕابردوو بنیادی دەنێمەوە،
12
تاکو ئەوەی دەبنە خاوەنی پاشماوەی نەتەوەی ئەدۆم و
هەموو ئەو نەتەوانەی ناوی منیان هەڵگرتووە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی ئەم کردارانە ئەنجام دەدات.
13
یەزدان دەفەرموێت:
«سەردەمێک دێت جوتیار بە سەپان دەگاتەوە و
شێلەری ترێش بە چێنەری تۆو.
چیاکان خۆشاوی ترێیان لێ دەتکێت و
هەموو گردەکانیش لێیان دەچۆڕێتەوە.
14
ڕاپێچکراوانی ئیسرائیلی گەلەکەم دەگەڕێنمەوە.
«شارە کاولکراوەکان بنیاد دەنێنەوە و تێیدا نیشتەجێ دەبن.
ڕەزەمێو دەچێنن و شەرابەکەی دەخۆنەوە،
باخ دەچێنن و لە بەرەکەی دەخۆن.
15
لە خاکەکەیاندا دەیانچێنم،
هەرگیز لەو خاکەی کە پێم داون هەڵناکەنرێن.»
یەزدانی پەروەردگارت دەفەرموێت.

  1. a. 9‏:7 کووش وڵاتێک بووە لە سەرووی ڕووباری نیل.‏