عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - وتاری ستیفانۆس
 - 1
 - سەرۆکی کاهینان لێی پرسی: «ئایا ئەو تۆمەتانە ڕاستن؟»
 - 2
 - ئەویش گوتی: «برایان و باوکان گوێ بگرن، خودای شکۆمەندی بۆ ئیبراهیمی باوکمان دەرکەوت کاتێک لە میسۆپۆتامیا بوو، پێش ئەوەی لە حاران نیشتەجێ بێت،
 - 3
 - پێی فەرموو: ﴿خاک و کەسوکارت بەجێبهێڵە و بڕۆ بۆ ئەو خاکەی پیشانت دەدەم.﴾[a] 
 - 4
 - «خاکی کلدانییەکانی بەجێهێشت و لە حاران نیشتەجێ بوو. دوای مردنی باوکی، خودا لەوێوە گواستییەوە بۆ ئەم خاکەی ئێوە ئێستا تێیدا نیشتەجێن.
 - 5
 - لێرەدا هیچ میراتێکی نەدایێ، تەنانەت شوێن پێیەکیش. بەڵام خودا بەڵێنی پێدا کە بە موڵک بیداتە خۆی و وەچەکەی لەدوای خۆی، هەرچەندە هێشتا منداڵی نەبوو.
 - 6
 - خوداش ئاوای فەرموو: ﴿نەوەکانت لە خاکێک نامۆ دەبن کە هی خۆیان نییە، دەبنە کۆیلەیان و چوار سەد ساڵ دەیانچەوسێننەوە.
 - 7
 - بەڵام ئەو نەتەوەیەش حوکم دەدەم، کە ئەوان وەک کۆیلە خزمەتیان دەکەن،﴾ خودا فەرموویەتی، ﴿دوای ئەوە دێنە دەرەوە و لەم شوێنە دەمپەرستن.﴾[b]
 - 8
 - خوداش پەیمانی خەتەنەکردنی لەگەڵ ئیبراهیم بەست. ئاوا ئیسحاقی بوو، لە تەمەنی هەشت ڕۆژیدا خەتەنەی کرد. ئیسحاقیش یاقوبی بوو، یاقوبیش دوازدە باوکانی یەکەمینی[c]  بوو.
 - 9
 - «باوکانیش چاویان بە یوسف هەڵنەهات، فرۆشتیانە میسر. بەڵام خودای لەگەڵ بوو،
 - 10
 - لە هەموو ناخۆشییەکانی ڕزگاری کرد، لەبەردەم فیرعەونی پاشای میسردا نیعمەت و دانایی پێدا. ئەویش کردی بە فەرمانڕەوای میسر و سەرپەرشتیاری هەموو ماڵەکەی خۆی.
 - 11
 - «ئینجا قاتوقڕی و تەنگانە بەسەر هەموو میسر و کەنعاندا هات، باوباپیرانمان خواردنیان دەست نەدەکەوت.
 - 12
 - یاقوب بیستی لە میسر دانەوێڵە هەیە، جاری یەکەم باوکانمانی نارد.
 - 13
 - بۆ جاری دووەم یوسف بە برایانی ناسرا، بنەماڵەی یوسفیش بۆ فیرعەون دەرکەوت.
 - 14
 - ئیتر یوسف ناردی یاقوبی باوکی بە هەموو کەسوکاریەوە بۆ میسر بانگکرد، کە حەفتا و پێنج کەس بوون.
 - 15
 - جا یاقوب بۆ میسر دابەزی و مرد، خۆی و باوباپیرانمان.
 - 16
 - ئینجا بۆ شەخەم گەڕاندیانەوە و لەو گۆڕە ناشتییان کە ئیبراهیم لە شەخەم بە بڕێک زیو لە کوڕەکانی حەمۆری کڕی.
 - 17
 - «بەڵام ئەو کاتەی بەڵێنەکە نزیک دەبووەوە کە خودا بە ئیبراهیمی دا، گەل لە میسر پەرەیان دەسەند و زۆردەبوون،
 - 18
 - تاکو ﴿لە میسر پاشایەکی نوێ هاتە سەر تەخت کە یوسفی نەدەناسی.﴾[d]
 - 19
 - لەگەڵ گەلەکەمان بە فێڵ دەجوڵایەوە و خراپەی لەگەڵ باوباپیرانمان کرد، ناچاری دەکردن منداڵە ساواکانیان دووربخەنەوە تاکو بمرن.
 - 20
 - «لەو کاتەدا موسا لەدایک بوو. لەبەرچاوی خودا جوان بوو، سێ مانگ لە ماڵی باوکی بەخێوکرا،
 - 21
 - کاتێک دوورخرایەوە[e] ، کچی فیرعەون هەڵیگرتەوە و کردییە کوڕی خۆی و بەخێوی کرد.
 - 22
 - موساش لەناو هەموو دانایی میسرییەکاندا پەروەردە کرا، بە توانا لە قسە و کرداردا.
 - 23
 - «کاتێک تەمەنی بووە چل ساڵ، بڕیاری دا سەردانی برا ئیسرائیلییەکانی بکات.
 - 24
 - یەکێکیانی بینی ستەمی لێ دەکرێت، بەرگری لێکرد و دادوەریی بۆ ستەملێکراو کرد، میسرییەکەی کوشت.
 - 25
 - وایزانی برایانی تێدەگەن کە خودا لەسەر دەستی ئەو ڕزگاریان دەکات. بەڵام تێنەگەیشتن.
 - 26
 - بۆ بەیانی دوو لە برا عیبرانییەکانی بینی کە شەڕیان دەکرد، هەوڵی دەدا ئاشتیان بکاتەوە، گوتی: ”ئێوە بران، بۆچی دەست بۆ یەکتری درێژ دەکەن؟“
 - 27
 - «بەڵام ئەوەی ستەمی لە نزیکەکەی دەکرد، پاڵێکی پێوەنا و گوتی: ﴿کێ تۆی کردووە بە گەورە و دادوەر بەسەرمانەوە؟
 - 28
 - ئایا دەتەوێ بمکوژیت هەروەک دوێنێ میسرییەکەت کوشت؟﴾[f]
 - 29
 - موساش بەهۆی ئەم قسەیەوە هەڵهات، لە خاکی میدیان بووە بێگانە و لەوێ دوو کوڕی بوو.
 - 30
 - «دوای ئەوەی چل ساڵ تەواوبوو، ﴿فریشتەیەک لە بیابانی شاخی سینا لەنێو دەوەنێکی داگیرساودا بۆی دەرکەوت.﴾[g]
 - 31
 - موساش ئەمەی بینی و لە دیمەنەکە سەرسام بوو، دەچووە پێش تاکو لە نزیکەوە سەیر بکات، دەنگی یەزدان هات:
 - 32
 - ﴿من خودای باوکانت، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبم.﴾[h]  بەڵام موسا لەرز گرتی و نەیوێرا سەیر بکات.
 - 33
 - «﴿جا یەزدان پێی فەرموو: پێڵاوەکانت لە پێت دابکەنە، چونکە ئەو شوێنەی تۆ لەسەری وەستاویت خاکێکی پیرۆزە.
 - 34
 - بەڕاستی من ئەزیەتی گەلەکەی خۆمم لە میسر بینی و گوێم لە ناڵەیان بوو، هاتمە خوارەوە تاکو دەربازیان بکەم. ئێستاش وەرە، دەتنێرمە میسر.﴾[i] 
 - 35
 - «ئەو موسایەی ڕەتیان کردەوە و گوتیان: ﴿کێ تۆی کردووە بە گەورە و دادوەر بەسەرمانەوە؟﴾[j] هەر ئەو بوو خودا وەک گەورە و ئازادکەر بە دەستی ئەو فریشتەیە ناردی کە لە دەوەنەکەدا بۆی دەرکەوت.
 - 36
 - جا موسا گەلەکەی لە میسر هێنایە دەرەوە، پەرجوو و نیشانەی کرد لە خاکی میسر، لە دەریای سوور، هەروەها لە ماوەی چل ساڵدا لە چۆڵەوانی.
 - 37
 - «ئەمە ئەو موسایەیە کە بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: ﴿خودا لەنێو براکانتان پێغەمبەرێکی وەک منتان بۆ دادەنێت.﴾[k]
 - 38
 - هەر ئەویش بوو لە چۆڵەوانی لەناو کڵێساکەدا[l]  بوو، لەگەڵ ئەو فریشتەیەی لە شاخی سینا قسەی لەگەڵی دەکرد، لەگەڵ باوباپیرانیشمان، ئەوەی وشە زیندووەکانی وەرگرت تاکو بمانداتێ.
 - 39
 - «بەڵام باوباپیرانمان نەیانویست گوێڕایەڵی بن. ئەویان ڕەتکردەوە و دڵیان بۆ میسر لێی دەدا.
 - 40
 - بە هارونیان گوت: ﴿چەند خوداوەندێکمان بۆ دروستبکە تاکو پێشڕەویمان بکەن، چونکە ئەم موسایە، ئەو پیاوەی ئێمەی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا نازانین چی لێهات.﴾[m]
 - 41
 - لەو ڕۆژانەدا بتێکیان لە شێوەی گۆلک دروستکرد و قوربانییان بۆ کرد، بە دەستکردی خۆیان دڵشاد بوون.
 - 42
 - بەڵام خودا ڕووی لێ وەرگێڕان و وازی لێ هێنان ئەستێرەکانی ئاسمان[n]  بپەرستن، وەک لە پەڕتووکی پێغەمبەراندا نووسراوە:
«﴿ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا بۆ ماوەی چل ساڵ لە چۆڵەوانی
قوربانی سەربڕاو و پێشکەشکراوتان بۆ هێنام؟ - 43
 - نەخێر، بەڵکو نزرگەی بتی مۆلەختان[o] 
لەگەڵ ئەستێرەی خوداوەندەکەتان هەڵگرت، ڕێفان[p] ،
ئەو پەیکەرانەی دروستتان کرد تاکو بیانپەرستن.
لەبەر ئەوە من بۆ شوێنێک ڕاپێچتان دەکەم کە لە بابل دوورترە.﴾[q] - 44
 - «چادری پەرستنی شایەتیش لە چۆڵەوانیدا لەگەڵ باوباپیرانمان بوو، هەروەک ئەوەی خودا فەرمانی بە موسا کرد لەسەر ئەو نموونەیە دروستی بکات کە بینیویەتی.
 - 45
 - جا باوباپیرانمان چادری پەرستنیان وەرگرت و لەگەڵ یەشوع بردیانە ناو موڵکی ئەو گەلانەی خودا لەبەردەمی باوکانمان دەریکردن هەتا ڕۆژانی داود،
 - 46
 - ئەوەی لەلای خودا ڕەزامەندی بەدەستهێنا، ئەویش هەوڵی دا نشینگەیەک بۆ خودای یاقوب دروستبکات.
 - 47
 - کەچی ئەوە سلێمان بوو کە ماڵێکی بۆ دروستکرد.
 - 48
 - «بەڵام خودای هەرەبەرز لە ماڵی دەستکرد نیشتەجێ نابێت، هەروەک پێغەمبەر ئیشایا گوتوویەتی:
 - 49
 - «﴿ئاسمان تەختی منە و زەویش تەختەپێمە،
چ ماڵێکم بۆ بنیاد دەنێن؟
یەزدان دەفەرموێ،
لەکوێیە شوێنی حەوانەوەم؟ - 50
 - ئایا دەستی من هەموو ئەم شتانەی دروستنەکردووە؟﴾[r] 
 - 51
 - «ئەی کەللەڕەقان، ئەی دڵ و گوێ خەتەنەنەکراوان! ئێوە وەک باوباپیرانتان هەمیشە بەربەرەکانێی ڕۆحی پیرۆز دەکەن!
 - 52
 - باوباپیرانتان چ پێغەمبەرێکیان نەچەوساندووەتەوە؟ ئەوانەشیان کوشت کە زوو باسی هاتنی ڕاستودروستەکەیان[s] دەکرد، ئەوەی ئێستا ئێوە بە گرتنتان دا و کوشتتان.
 - 53
 - ئێوە تەوراتتان بە ڕێنمایی فریشتەکان وەرگرت بەڵام پەیڕەوتان نەکرد.»
 - کوشتنی ستیفانۆس
 - 54
 - کاتێک ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا گوێیان لەم قسانەی ستیفانۆس بوو، دڵیان پڕبوو لە قین و ددانیان لێی جیڕکردەوە.
 - 55
 - بەڵام ستیفانۆس پڕ ببوو لە ڕۆحی پیرۆز، چاوی بڕییە ئاسمان، شکۆی خودای بینی و عیساش لە دەستەڕاستی خودا وەستابوو.
 - 56
 - گوتی: «دەبینم ئاسمان کراوەتەوە و کوڕی مرۆڤیش لە دەستەڕاستی خودا ڕاوەستاوە.»
 - 57
 - بەمە گوێی خۆیان توند گرت و هەمووان بە دەنگێکی بەرز هاواریان کرد و تێکڕا پەلاماریان دا،
 - 58
 - بردیانە دەرەوەی شار و بەردبارانیان کرد. شایەتەکانیش جلەکانیان داکەند و خستیانە بەرپێی گەنجێک کە ناوی شاول بوو.
 - 59
 - کاتێک ستیفانۆسیان بەردباران دەکرد، نوێژی دەکرد: «عیسای خاوەن شکۆ، ڕۆحم وەربگرە!»
 - 60
 - ئینجا چۆکی دادا و بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «ئەی مەسیحی خاوەن شکۆ، ئەم گوناهەیان لەسەر مەنووسە.» ئەمەی گوت و نوست[t] .
 
- a. 7:3 پەیدابوون 12:1
 - b. 7:7 پەیدابوون 15:13، 14
 - c. 7:8 مەبەستی لە دوازدە سەرۆک هۆزەکەیە، یەهودا و لێڤی و یوسف و هتد.
 - d. 7:18 دەرچوون 1:7-8
 - e. 7:21 بۆ پاراستنی لە مردن لەناو سەبەتەیەک خرایە ناو ڕووباری نیل، بڕوانە دەرچوون 2:4.
 - f. 7:28 دەرچوون 2:14
 - g. 7:30 دەرچوون 3:2
 - h. 7:32 دەرچوون 3:6
 - i. 7:34 دەرچوون 3:5-10.
 - j. 7:35 دەرچوون 2:14
 - k. 7:37 دواوتار 18:15
 - l. 7:38 یۆنانی: \+tl ئێکلێسیا\+tl*: بانگکراوان بۆ کۆبوونەوە. مەبەستی لەو ڕۆژەیە کە لە سەردەمی موسا لە شاخی سینا خودا گەلی خۆی کۆکردەوە بۆ ئەوەی قسەیان لەگەڵ بکات، بڕوانە دواوتار 4:10 و دەرچوون 19 و 20.
 - m. 7:40 دەرچوون 32:1
 - n. 7:42 یۆنانی: سوپای ئاسمان.
 - o. 7:43 خوداوەندێکی کەنعانییە بتپەرستەکان بووە، خەڵکی بۆ پەرستنی هەستاون بە تێپەڕاندنی منداڵەکانیان بەناو ئاگردا. بڕوانە دووەم هەواڵی ڕۆژان 28: 3.
 - p. 7:43 خوداوەندێکی میسرییەکان بوو.
 - q. 7:43 ئامۆس 5:25-27.
 - r. 7:50 ئیشایا 66:1-2.
 - s. 7:52 مەبەستی عیسای مەسیحە.
 - t. 7:60 مەبەستی لە مردنە. مەسیح بە مردن دەڵێت نوستن. بڕوانە مەتا 9:24 و یۆحەنا 11:11.
 

