عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
وتاری ستیفانۆس 
1
سەرۆکی کاهینان لێی پرسی: «ئایا ئەو تۆمەتانە ڕاستن؟»
2
ئەویش گوتی: «برایان و باوکان گوێ بگرن، خودای شکۆمەندی بۆ ئیبراهیمی باوکمان دەرکەوت کاتێک لە میسۆپۆتامیا بوو، پێش ئەوەی لە حاران نیشتەجێ بێت،
3
پێی فەرموو: ﴿خاک و کەسوکارت بەجێبهێڵە و بڕۆ بۆ ئەو خاکەی پیشانت دەدەم.﴾[a]
4
«خاکی کلدانییەکانی بەجێهێشت و لە حاران نیشتەجێ بوو. دوای مردنی باوکی، خودا لەوێوە گواستییەوە بۆ ئەم خاکەی ئێوە ئێستا تێیدا نیشتەجێن.
5
لێرەدا هیچ میراتێکی نەدایێ، تەنانەت شوێن پێیەکیش. بەڵام خودا بەڵێنی پێدا کە بە موڵک بیداتە خۆی و وەچەکەی لەدوای خۆی، هەرچەندە هێشتا منداڵی نەبوو.
6
خوداش ئاوای فەرموو: ﴿نەوەکانت لە خاکێک نامۆ دەبن کە هی خۆیان نییە، دەبنە کۆیلەیان و چوار سەد ساڵ دەیانچەوسێننەوە.
7
بەڵام ئەو نەتەوەیەش حوکم دەدەم، کە ئەوان وەک کۆیلە خزمەتیان دەکەن،﴾ خودا فەرموویەتی، ﴿دوای ئەوە دێنە دەرەوە و لەم شوێنە دەمپەرستن.﴾[b]
8
خوداش پەیمانی خەتەنەکردنی لەگەڵ ئیبراهیم بەست. ئاوا ئیسحاقی بوو، لە تەمەنی هەشت ڕۆژیدا خەتەنەی کرد. ئیسحاقیش یاقوبی بوو، یاقوبیش دوازدە باوکانی یەکەمینی[c] بوو.
9
«باوکانیش چاویان بە یوسف هەڵنەهات، فرۆشتیانە میسر. بەڵام خودای لەگەڵ بوو،
10
لە هەموو ناخۆشییەکانی ڕزگاری کرد، لەبەردەم فیرعەونی پاشای میسردا نیعمەت و دانایی پێدا. ئەویش کردی بە فەرمانڕەوای میسر و سەرپەرشتیاری هەموو ماڵەکەی خۆی.
11
«ئینجا قاتوقڕی و تەنگانە بەسەر هەموو میسر و کەنعاندا هات، باوباپیرانمان خواردنیان دەست نەدەکەوت.
12
یاقوب بیستی لە میسر دانەوێڵە هەیە، جاری یەکەم باوکانمانی نارد.
13
بۆ جاری دووەم یوسف بە برایانی ناسرا، بنەماڵەی یوسفیش بۆ فیرعەون دەرکەوت.
14
ئیتر یوسف ناردی یاقوبی باوکی بە هەموو کەسوکاریەوە بۆ میسر بانگکرد، کە حەفتا و پێنج کەس بوون.
15
جا یاقوب بۆ میسر دابەزی و مرد، خۆی و باوباپیرانمان.
16
ئینجا بۆ شەخەم گەڕاندیانەوە و لەو گۆڕە ناشتییان کە ئیبراهیم لە شەخەم بە بڕێک زیو لە کوڕەکانی حەمۆری کڕی.
17
«بەڵام ئەو کاتەی بەڵێنەکە نزیک دەبووەوە کە خودا بە ئیبراهیمی دا، گەل لە میسر پەرەیان دەسەند و زۆردەبوون،
18
تاکو ﴿لە میسر پاشایەکی نوێ هاتە سەر تەخت کە یوسفی نەدەناسی.﴾[d]
19
لەگەڵ گەلەکەمان بە فێڵ دەجوڵایەوە و خراپەی لەگەڵ باوباپیرانمان کرد، ناچاری دەکردن منداڵە ساواکانیان دووربخەنەوە تاکو بمرن.
20
«لەو کاتەدا موسا لەدایک بوو. لەبەرچاوی خودا جوان بوو، سێ مانگ لە ماڵی باوکی بەخێوکرا،
21
کاتێک دوورخرایەوە[e] ، کچی فیرعەون هەڵیگرتەوە و کردییە کوڕی خۆی و بەخێوی کرد.
22
موساش لەناو هەموو دانایی میسرییەکاندا پەروەردە کرا، بە توانا لە قسە و کرداردا.
23
«کاتێک تەمەنی بووە چل ساڵ، بڕیاری دا سەردانی برا ئیسرائیلییەکانی بکات.
24
یەکێکیانی بینی ستەمی لێ دەکرێت، بەرگری لێکرد و دادوەریی بۆ ستەملێکراو کرد، میسرییەکەی کوشت.
25
وایزانی برایانی تێدەگەن کە خودا لەسەر دەستی ئەو ڕزگاریان دەکات. بەڵام تێنەگەیشتن.
26
بۆ بەیانی دوو لە برا عیبرانییەکانی بینی کە شەڕیان دەکرد، هەوڵی دەدا ئاشتیان بکاتەوە، گوتی: ”ئێوە بران، بۆچی دەست بۆ یەکتری درێژ دەکەن؟“
27
«بەڵام ئەوەی ستەمی لە نزیکەکەی دەکرد، پاڵێکی پێوەنا و گوتی: ﴿کێ تۆی کردووە بە گەورە و دادوەر بەسەرمانەوە؟
28
ئایا دەتەوێ بمکوژیت هەروەک دوێنێ میسرییەکەت کوشت؟﴾[f]
29
موساش بەهۆی ئەم قسەیەوە هەڵهات، لە خاکی میدیان بووە بێگانە و لەوێ دوو کوڕی بوو.
30
«دوای ئەوەی چل ساڵ تەواوبوو، ﴿فریشتەیەک لە بیابانی شاخی سینا لەنێو دەوەنێکی داگیرساودا بۆی دەرکەوت.﴾[g]
31
موساش ئەمەی بینی و لە دیمەنەکە سەرسام بوو، دەچووە پێش تاکو لە نزیکەوە سەیر بکات، دەنگی یەزدان هات:
32
﴿من خودای باوکانت، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبم.﴾[h] بەڵام موسا لەرز گرتی و نەیوێرا سەیر بکات.
33
«﴿جا یەزدان پێی فەرموو: پێڵاوەکانت لە پێت دابکەنە، چونکە ئەو شوێنەی تۆ لەسەری وەستاویت خاکێکی پیرۆزە.
34
بەڕاستی من ئەزیەتی گەلەکەی خۆمم لە میسر بینی و گوێم لە ناڵەیان بوو، هاتمە خوارەوە تاکو دەربازیان بکەم. ئێستاش وەرە، دەتنێرمە میسر.﴾[i]
35
«ئەو موسایەی ڕەتیان کردەوە و گوتیان: ﴿کێ تۆی کردووە بە گەورە و دادوەر بەسەرمانەوە؟﴾[j] هەر ئەو بوو خودا وەک گەورە و ئازادکەر بە دەستی ئەو فریشتەیە ناردی کە لە دەوەنەکەدا بۆی دەرکەوت.
36
جا موسا گەلەکەی لە‏ میسر هێنایە‏ دەرەوە، پەرجوو و نیشانەی کرد لە خاکی میسر، لە دەریای سوور، هەروەها لە ماوەی چل ساڵدا لە چۆڵەوانی.
37
«ئەمە ئەو موسایەیە کە بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: ﴿خودا لەنێو براکانتان پێغەمبەرێکی وەک منتان بۆ دادەنێت.﴾[k]
38
هەر ئەویش بوو لە چۆڵەوانی لەناو کڵێساکەدا[l] بوو، لەگەڵ ئەو فریشتەیەی لە شاخی سینا قسەی لەگەڵی دەکرد، لەگەڵ باوباپیرانیشمان، ئەوەی وشە زیندووەکانی وەرگرت تاکو بمانداتێ.
39
«بەڵام باوباپیرانمان نەیانویست گوێڕایەڵی بن. ئەویان ڕەتکردەوە و دڵیان بۆ میسر لێی دەدا.
40
بە هارونیان گوت: ﴿چەند خوداوەندێکمان بۆ دروستبکە تاکو پێشڕەویمان بکەن، چونکە ئەم موسایە، ئەو پیاوەی ئێمەی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا نازانین چی لێهات.﴾[m]
41
لەو ڕۆژانەدا بتێکیان لە شێوەی گۆلک دروستکرد و قوربانییان بۆ کرد، بە دەستکردی خۆیان دڵشاد بوون.
42
بەڵام خودا ڕووی لێ وەرگێڕان و وازی لێ هێنان ئەستێرەکانی ئاسمان[n] بپەرستن، وەک لە پەڕتووکی پێغەمبەراندا نووسراوە:
«﴿ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا بۆ ماوەی چل ساڵ لە چۆڵەوانی
قوربانی سەربڕاو و پێشکەشکراوتان بۆ هێنام؟
43
نەخێر، بەڵکو نزرگەی بتی مۆلەختان[o]
لەگەڵ ئەستێرەی خوداوەندەکەتان هەڵگرت، ڕێفان[p] ،
ئەو پەیکەرانەی دروستتان کرد تاکو بیانپەرستن.
لەبەر ئەوە من بۆ شوێنێک ڕاپێچتان دەکەم کە لە بابل دوورترە.﴾[q]
44
«چادری پەرستنی شایەتیش لە چۆڵەوانیدا لەگەڵ باوباپیرانمان بوو، هەروەک ئەوەی خودا فەرمانی بە موسا کرد لەسەر ئەو نموونەیە دروستی بکات کە بینیویەتی.
45
جا باوباپیرانمان چادری پەرستنیان وەرگرت و لەگەڵ یەشوع بردیانە ناو موڵکی ئەو گەلانەی خودا لەبەردەمی باوکانمان دەریکردن هەتا ڕۆژانی داود،
46
ئەوەی لەلای خودا ڕەزامەندی بەدەستهێنا، ئەویش هەوڵی دا نشینگەیەک بۆ خودای یاقوب دروستبکات.
47
کەچی ئەوە سلێمان بوو کە ماڵێکی بۆ دروستکرد.
48
«بەڵام خودای هەرەبەرز لە ماڵی دەستکرد نیشتەجێ نابێت، هەروەک پێغەمبەر ئیشایا گوتوویەتی:
49
«﴿ئاسمان تەختی منە و زەویش تەختەپێمە،
چ ماڵێکم بۆ بنیاد دەنێن؟
یەزدان دەفەرموێ،
لەکوێیە شوێنی حەوانەوەم؟
50
ئایا دەستی من هەموو ئەم شتانەی دروستنەکردووە؟﴾[r]
51
«ئەی کەللەڕەقان، ئەی دڵ و گوێ خەتەنەنەکراوان! ئێوە وەک باوباپیرانتان هەمیشە بەربەرەکانێی ڕۆحی پیرۆز دەکەن!
52
باوباپیرانتان چ پێغەمبەرێکیان نەچەوساندووەتەوە؟ ئەوانەشیان کوشت کە زوو باسی هاتنی ڕاستودروستەکەیان[s] دەکرد، ئەوەی ئێستا ئێوە بە گرتنتان دا و کوشتتان.
53
ئێوە تەوراتتان بە ڕێنمایی فریشتەکان وەرگرت بەڵام پەیڕەوتان نەکرد.»
کوشتنی ستیفانۆس 
54
کاتێک ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا گوێیان لەم قسانەی ستیفانۆس بوو، دڵیان پڕبوو لە قین و ددانیان لێی جیڕکردەوە.
55
بەڵام ستیفانۆس پڕ ببوو لە ڕۆحی پیرۆز، چاوی بڕییە ئاسمان، شکۆی خودای بینی و عیساش لە دەستەڕاستی خودا وەستابوو.
56
گوتی: «دەبینم ئاسمان کراوەتەوە و کوڕی مرۆڤیش لە دەستەڕاستی خودا ڕاوەستاوە.»
57
بەمە گوێی خۆیان توند گرت و هەمووان بە دەنگێکی بەرز هاواریان کرد و تێکڕا پەلاماریان دا،
58
بردیانە دەرەوەی شار و بەردبارانیان کرد. شایەتەکانیش جلەکانیان داکەند و خستیانە بەرپێی گەنجێک کە ناوی شاول بوو.
59
کاتێک ستیفانۆسیان بەردباران دەکرد، نوێژی دەکرد: «عیسای خاوەن شکۆ، ڕۆحم وەربگرە!»
60
ئینجا چۆکی دادا و بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «ئەی مەسیحی خاوەن شکۆ، ئەم گوناهەیان لەسەر مەنووسە.» ئەمەی گوت و نوست[t] .
  1. a. 7‏:3 پەیدابوون 12‏:1‏‏
  2. b. 7‏:7 پەیدابوون 15‏:13،‏‏ 14‏
  3. c. 7‏:8 مەبەستی لە دوازدە سەرۆک هۆزەکەیە، یەهودا و لێڤی و یوسف و هتد.‏
  4. d. 7‏:18 دەرچوون 1‏:7‏-8‏‏
  5. e. 7‏:21 بۆ پاراستنی لە مردن لەناو سەبەتەیەک خرایە ناو ڕووباری نیل، بڕوانە دەرچوون 2‏:4‏‏.‏
  6. f. 7‏:28 دەرچوون 2‏:14‏‏
  7. g. 7‏:30 دەرچوون 3‏:2‏‏
  8. h. 7‏:32 دەرچوون 3‏:6‏‏
  9. i. 7‏:34 دەرچوون 3‏:5‏-10.‏‏
  10. j. 7‏:35 دەرچوون 2‏:14‏‏
  11. k. 7‏:37 دواوتار 18‏:15‏‏
  12. l. 7‏:38 یۆنانی: \+tl ئێکلێسیا‏\+tl*: بانگکراوان بۆ کۆبوونەوە. مەبەستی لەو ڕۆژەیە کە لە سەردەمی موسا لە شاخی سینا خودا گەلی خۆی کۆکردەوە بۆ ئەوەی قسەیان لەگەڵ بکات، بڕوانە دواوتار 4‏:10 و دەرچوون 19‏ و 20‏.‏
  13. m. 7‏:40 دەرچوون 32‏:1‏‏
  14. n. 7‏:42 یۆنانی: سوپای ئاسمان.‏
  15. o. 7‏:43 خوداوەندێکی کەنعانییە بتپەرستەکان بووە، خەڵکی بۆ پەرستنی هەستاون بە تێپەڕاندنی منداڵەکانیان بەناو ئاگردا. بڕوانە دووەم هەواڵی ڕۆژان 28: 3.‏
  16. p. 7‏:43 خوداوەندێکی میسرییەکان بوو.‏
  17. q. 7‏:43 ئامۆس 5‏:25‏-27.‏‏
  18. r. 7‏:50 ئیشایا 66‏:1‏-2.‏‏
  19. s. 7‏:52 مەبەستی عیسای مەسیحە.‏
  20. t. 7‏:60 مەبەستی لە مردنە. مەسیح بە مردن دەڵێت نوستن. بڕوانە مەتا 9‏:24 و یۆحەنا 11‏:11.‏‏‏