عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
هه‌ڵبژاردنی حه‌وت خزمه‌تكار 
1
له‌و ڕۆژانه‌دا كه‌ قوتابییه‌كان زیادیان ده‌كرد، جوله‌كه‌ یۆنانییه‌كان[a] بۆڵه‌بۆڵیان له‌سه‌ر عیبرانییه‌كان[b] كرد كه‌ له‌ دابه‌شكردنی نانی ڕۆژانه‌ی بێوه‌ژنه‌كانیان پشتگوێ ده‌خرێن.
2
بۆیه‌ دوازده‌ نێردراوه‌كه‌ هه‌موو قوتابییه‌كانیان بانگكرد و گوتیان: «باش نییه‌ بۆمان ڕاگه‌یاندنی په‌یامی خودا پشتگوێ بخه‌ین و خه‌ریكی ئازووقه‌ دابه‌شكردن بین.
3
خوشك و برایان، له‌نێو خۆتاندا حه‌وت پیاو هه‌ڵبژێرن كه‌ ناوبانگیان باش بێت و پڕبن له‌ ڕۆحی پیرۆز و دانایی، تاكو له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌ركه‌ دایانبنێین.
4
ئێمه‌ش خۆمان ته‌رخان ده‌كه‌ین بۆ نوێژكردن و بۆ خزمه‌تی ڕاگه‌یاندنی په‌یامی خودا.»
5
هه‌موو كۆمه‌ڵه‌كه‌ ئه‌م پێشنیاره‌یان به‌دڵ بوو، جا ستیفانۆسیان هه‌ڵبژارد، كه‌ پیاوێكی پڕ له‌ باوه‌ڕ و ڕۆحی پیرۆز بوو، له‌گه‌ڵ فیلیپۆس و پروخۆرۆس و نیكانۆر و تیمۆن و په‌رمیناس و نیكۆلاوسی ئه‌نتاكی كه‌ ببووه‌ جوله‌كه‌.
6
له‌پێش نێردراوانیان ڕاگرتن، ئه‌وانیش نوێژیان كرد و ده‌ستیان له‌سه‌ر دانان.
7
ئیتر په‌یامی خودا له‌ گه‌شه‌كردندا بوو، ژماره‌ی قوتابییه‌كانیش له‌ ئۆرشه‌لیم زۆر زیاتر ببوون، ژماره‌یه‌كی زۆریش له‌ كاهینان باوه‌ڕیان به‌ مه‌سیح هێنا و گوێڕایه‌ڵی بوون.
گرتنی ستیفانۆس 
8
ستیفانۆس پڕبوو له‌ نیعمه‌ت و هێزی خودا، په‌رجوو و نیشانه‌ی گه‌وره‌ی له‌نێو گه‌لدا ده‌كرد.
9
جا هه‌ندێك له‌وانه‌ی له‌و كه‌نیشته‌ن كه‌ پێی ده‌گوترا كه‌نیشتی ئازادكراوان، له‌گه‌ڵ كورێنییه‌كان و ئه‌سكه‌نده‌رییه‌كان و ئه‌وانه‌ی له‌ ناوچه‌كانی كیلیكیا و ئاسیان، هه‌ستان و ده‌مه‌قاڵێیان له‌گه‌ڵ ستیفانۆس كرد.
10
به‌ڵام نه‌یانتوانی به‌ربه‌ره‌كانێی ئه‌و داناییه‌ بكه‌ن كه‌ ڕۆحی پیرۆز له‌ قسه‌كردندا پێیدابوو.
11
بۆیه‌ به‌دزییه‌وه‌ خه‌ڵكیان هاندا تاكو بڵێن: «گوێمان لێی بوو سه‌باره‌ت به‌ موسا و خودا كفری ده‌كرد.»
12
ئینجا گه‌ل و پیران و مامۆستایانی ته‌وراتیان جۆشدا، هاتنه‌ سه‌ری و گرتییان، بۆ سه‌نهه‌درینیان هێنا.
13
شایه‌تی درۆزنیان دانا، ده‌یانگوت: «ئه‌م پیاوه‌ وه‌ستانی نییه‌ له‌ قسه‌كردن له‌ دژی ئه‌م شوێنه‌ پیرۆزه‌[c] و ته‌ورات،
14
ئێمه‌ش گوێمان لێی بوو ده‌یگوت كه‌ عیسای ناسیره‌یی ئه‌م شوێنه‌ تێكده‌دات و ئه‌و نه‌ریتانه‌ ده‌گۆڕێت كه‌ له‌ موساوه‌ وه‌رمانگرتووه‌.»
15
جا هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ سه‌نهه‌درین دانیشتبوون چاویان تێبڕی و بینییان ڕووی وه‌ك ڕووی فریشته‌ وایه‌.
  1. a. 6‏:1 ئه‌و جوله‌كانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی فه‌له‌ستین به‌ زمانی یۆنانی قسه‌ ده‌كه‌ن.
  2. b. 6‏:1 ئه‌و جوله‌كانه‌ی له‌ناو فه‌له‌ستین به‌ زمانی عیبری قسه‌ ده‌كه‌ن.
  3. c. 6‏:13 په‌رستگا