عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
چاکبوونەوەی ئیفلیجێک 
1
ڕۆژێکیان کاتژمێر سێی[a] پاش نیوەڕۆ، کە کاتی نوێژ بوو، پەترۆس و یۆحەنا سەرکەوتن بۆ پەرستگا.
2
لەبەردەم دەرگای پەرستگادا کە پێی دەگوترا دەرگای جوان، پیاوێک بە زگماک ئیفلیج دانیشتبوو، هەموو ڕۆژێک هەڵیاندەگرت‏ و لەوێ دایاندەنا تاکو سواڵ بکات لەوانەی دەهاتنە حەوشەکانی پەرستگاکەوە.
3
کاتێک ئەو پیاوە بینی کە پەترۆس و یۆحەنا بە نیازن بێنە ناو حەوشەکانی پەرستگا، داوای خێری لێکردن.
4
پەترۆس و یۆحەنا بە وردی تێیانڕوانی، ئینجا پەترۆس گوتی: «سەیرمان بکە!»
5
ئەویش چاوی تێبڕین و چاوەڕێی دەکرد شتێکیان لێ وەربگرێت.
6
پەترۆس گوتی: «زێڕ و زیوم نییە، بەڵام ئەوەی هەمە دەتدەمێ. بە ناوی عیسای مەسیحی ناسیرەییەوە، هەستە و بڕۆ!»
7
ئینجا بە دەستی ڕاستی گرتی و هەڵیستاند، دەستبەجێ هێز کەوتە پێ و پاژنەکانی.
8
ئیتر هەڵبەزییەوە و ڕاوەستا و دەستی بە ڕۆیشتن کرد، لەگەڵیان چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا، دەڕۆیشت و هەڵدەبەزییەوە و ستایشی خودای دەکرد.
9
هەموو خەڵک بینییان دەڕوات و ستایشی خودا دەکات.
10
جا کاتێک خەڵکەکە زانییان ئەمە ئەو کەسەیە کە بۆ سواڵکردن لەلای دەرگای پەرستگا دادەنیشت، ئەوەی پێی دەگوترا جوان، سەرسامی و حەپەساوی دایگرتن لەوەی بەسەری هاتووە.
وتاری پەترۆس لە پەرستگا 
11
کاتێک پیاوەکە خۆی بە پەترۆس و یۆحەناوە هەڵواسیبوو، هەموو خەڵکەکە بە سەرسامییەوە ڕایانکردە لایان بۆ ئەو ڕێڕەوەی کە پێی دەگوترا ڕێڕەوی سلێمان، کە هەردوو لای بە کۆڵەکە گیرابوو.
12
پەترۆس ئەمەی بینی، پێی گوتن: «پیاوانی ئیسرائیل، بۆچی لەمە سەرسامن؟ بۆچی چاوتان تێبڕیوین وەک ئەوەی بە توانا یان بە لەخواترسیمان وامان کردووە بڕوات؟
13
خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب، خودای باوکانمان، عیسای خزمەتکاری خۆی شکۆدار کرد، ئەوەی بە گرتنتان دا و لەبەردەم پیلاتۆس نکۆڵیتان لێکرد، کە بڕیاری دابوو بەریبدات.
14
ئێوە نکۆڵیتان لە پیرۆز و ڕاستودروستەکە[b] کرد و داوای ئازادکردنی بکوژێکتان کرد.
15
سەرۆکی ژیانتان کوشت، بەڵام خودا لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە و ئێمە شایەتین بۆ ئەمە.
16
ئەم پیاوەی ئێوە دەیبینن ‏و دەیناسن،‏ باوەڕی بەناوی عیسا هەبوو، بۆیە هێز و توانای بۆ گەڕایەوە. بە ناوی عیسا و ئەو باوەڕەی بەهۆیەوە دێت، لە‏بەرچاوی هەمووتان ئەم تەندروستییە تەواوەی پێ بەخشی.
17
«ئێستاش برایان دەزانم بە نەزانی ئەوەتان کرد، هەروەک ڕابەرەکانیشتان.
18
بەڵام خودا ئەوەی هێنایە دی کە پێشتر لەسەر زمانی هەموو پێغەمبەرانەوە ڕایگەیاندبوو، کە مەسیحەکەی خۆی ئازار دەچێژێت.
19
کەواتە تۆبە بکەن و بگەڕێنەوە بۆ لای خودا تاکو گوناهەکانتان بسڕێنەوە، بۆ ئەوەی لەلای یەزدانەوە کاتی حەسانەوەتان بێت و
20
مەسیحتان بۆ بنێرێتەوە، ئەو عیسایەی کە پێشتر بۆتانی دیاری کردبوو.
21
ئەوەی دەبێت لە ئاسمان بیهێڵێتەوە، هەتا کاتی چاککردنەوەی هەموو شتێک[c] ، ئەوەی لە کۆنەوە خودا لەسەر زاری پێغەمبەرە پیرۆزەکانییەوە باسی کردووە.
22
موساش گوتی: ﴿یەزدانی پەروەردگارتان لەنێو برایانتاندا پێغەمبەرێکی وەک منتان بۆ دادەنێت، دەبێت گوێ لە هەموو ئەو شتانە بگرن کە پێتانی دەڵێت.
23
جا هەرکەسێک گوێ لەم پێغەمبەرە نەگرێت لەنێو گەل دادەبڕدرێت.﴾[d]
24
«هەموو پێغەمبەرانیش، لە ساموئێل بەدواوە، هەموو ئەوانەی قسەیان کردووە، باسی ئەم ڕۆژانەیان کردووە.
25
ئێوەش کوڕی پێغەمبەران و ئەو پەیمانەن کە خودا لەگەڵ باوکانتاندا بەستی، کاتێک بە ئیبراهیمی فەرموو: ﴿لە ڕێگەی نەوەی تۆوە هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی بەرەکەتدار دەبن.﴾[e]
26
کاتێک خودا خزمەتکاری خۆی هەستاندەوە، یەکەم جار بۆ ئێوەی نارد، بۆ ئەوەی بەرەکەتدارتان بکات بە گەڕانەوەی هەریەکەتان لە خراپەکانی.»
  1. a. 3‏:1 یۆنانی: کاتژمێری نۆیەم.‏
  2. b. 3‏:14 مەبەست لە مەسیحە.‏
  3. c. 3‏:21 گەڕانەوەی مەسیح، بڕوانە ئاشکراکردن 21‏‏.‏
  4. d. 3‏:23 دواوتار 18‏:15‏،18‏،19.‏‏
  5. e. 3‏:25 پەیدابوون 22‏:18؛ 26‏:4.‏‏