عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - چاکبوونەوەی ئیفلیجێک
 - 1
 - ڕۆژێکیان کاتژمێر سێی[a] پاش نیوەڕۆ، کە کاتی نوێژ بوو، پەترۆس و یۆحەنا سەرکەوتن بۆ پەرستگا.
 - 2
 - لەبەردەم دەرگای پەرستگادا کە پێی دەگوترا دەرگای جوان، پیاوێک بە زگماک ئیفلیج دانیشتبوو، هەموو ڕۆژێک هەڵیاندەگرت و لەوێ دایاندەنا تاکو سواڵ بکات لەوانەی دەهاتنە حەوشەکانی پەرستگاکەوە.
 - 3
 - کاتێک ئەو پیاوە بینی کە پەترۆس و یۆحەنا بە نیازن بێنە ناو حەوشەکانی پەرستگا، داوای خێری لێکردن.
 - 4
 - پەترۆس و یۆحەنا بە وردی تێیانڕوانی، ئینجا پەترۆس گوتی: «سەیرمان بکە!»
 - 5
 - ئەویش چاوی تێبڕین و چاوەڕێی دەکرد شتێکیان لێ وەربگرێت.
 - 6
 - پەترۆس گوتی: «زێڕ و زیوم نییە، بەڵام ئەوەی هەمە دەتدەمێ. بە ناوی عیسای مەسیحی ناسیرەییەوە، هەستە و بڕۆ!»
 - 7
 - ئینجا بە دەستی ڕاستی گرتی و هەڵیستاند، دەستبەجێ هێز کەوتە پێ و پاژنەکانی.
 - 8
 - ئیتر هەڵبەزییەوە و ڕاوەستا و دەستی بە ڕۆیشتن کرد، لەگەڵیان چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا، دەڕۆیشت و هەڵدەبەزییەوە و ستایشی خودای دەکرد.
 - 9
 - هەموو خەڵک بینییان دەڕوات و ستایشی خودا دەکات.
 - 10
 - جا کاتێک خەڵکەکە زانییان ئەمە ئەو کەسەیە کە بۆ سواڵکردن لەلای دەرگای پەرستگا دادەنیشت، ئەوەی پێی دەگوترا جوان، سەرسامی و حەپەساوی دایگرتن لەوەی بەسەری هاتووە.
 - وتاری پەترۆس لە پەرستگا
 - 11
 - کاتێک پیاوەکە خۆی بە پەترۆس و یۆحەناوە هەڵواسیبوو، هەموو خەڵکەکە بە سەرسامییەوە ڕایانکردە لایان بۆ ئەو ڕێڕەوەی کە پێی دەگوترا ڕێڕەوی سلێمان، کە هەردوو لای بە کۆڵەکە گیرابوو.
 - 12
 - پەترۆس ئەمەی بینی، پێی گوتن: «پیاوانی ئیسرائیل، بۆچی لەمە سەرسامن؟ بۆچی چاوتان تێبڕیوین وەک ئەوەی بە توانا یان بە لەخواترسیمان وامان کردووە بڕوات؟
 - 13
 - خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب، خودای باوکانمان، عیسای خزمەتکاری خۆی شکۆدار کرد، ئەوەی بە گرتنتان دا و لەبەردەم پیلاتۆس نکۆڵیتان لێکرد، کە بڕیاری دابوو بەریبدات.
 - 14
 - ئێوە نکۆڵیتان لە پیرۆز و ڕاستودروستەکە[b] کرد و داوای ئازادکردنی بکوژێکتان کرد.
 - 15
 - سەرۆکی ژیانتان کوشت، بەڵام خودا لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە و ئێمە شایەتین بۆ ئەمە.
 - 16
 - ئەم پیاوەی ئێوە دەیبینن و دەیناسن، باوەڕی بەناوی عیسا هەبوو، بۆیە هێز و توانای بۆ گەڕایەوە. بە ناوی عیسا و ئەو باوەڕەی بەهۆیەوە دێت، لەبەرچاوی هەمووتان ئەم تەندروستییە تەواوەی پێ بەخشی.
 - 17
 - «ئێستاش برایان دەزانم بە نەزانی ئەوەتان کرد، هەروەک ڕابەرەکانیشتان.
 - 18
 - بەڵام خودا ئەوەی هێنایە دی کە پێشتر لەسەر زمانی هەموو پێغەمبەرانەوە ڕایگەیاندبوو، کە مەسیحەکەی خۆی ئازار دەچێژێت.
 - 19
 - کەواتە تۆبە بکەن و بگەڕێنەوە بۆ لای خودا تاکو گوناهەکانتان بسڕێنەوە، بۆ ئەوەی لەلای یەزدانەوە کاتی حەسانەوەتان بێت و
 - 20
 - مەسیحتان بۆ بنێرێتەوە، ئەو عیسایەی کە پێشتر بۆتانی دیاری کردبوو.
 - 21
 - ئەوەی دەبێت لە ئاسمان بیهێڵێتەوە، هەتا کاتی چاککردنەوەی هەموو شتێک[c] ، ئەوەی لە کۆنەوە خودا لەسەر زاری پێغەمبەرە پیرۆزەکانییەوە باسی کردووە.
 - 22
 - موساش گوتی: ﴿یەزدانی پەروەردگارتان لەنێو برایانتاندا پێغەمبەرێکی وەک منتان بۆ دادەنێت، دەبێت گوێ لە هەموو ئەو شتانە بگرن کە پێتانی دەڵێت.
 - 23
 - جا هەرکەسێک گوێ لەم پێغەمبەرە نەگرێت لەنێو گەل دادەبڕدرێت.﴾[d] 
 - 24
 - «هەموو پێغەمبەرانیش، لە ساموئێل بەدواوە، هەموو ئەوانەی قسەیان کردووە، باسی ئەم ڕۆژانەیان کردووە.
 - 25
 - ئێوەش کوڕی پێغەمبەران و ئەو پەیمانەن کە خودا لەگەڵ باوکانتاندا بەستی، کاتێک بە ئیبراهیمی فەرموو: ﴿لە ڕێگەی نەوەی تۆوە هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی بەرەکەتدار دەبن.﴾[e]
 - 26
 - کاتێک خودا خزمەتکاری خۆی هەستاندەوە، یەکەم جار بۆ ئێوەی نارد، بۆ ئەوەی بەرەکەتدارتان بکات بە گەڕانەوەی هەریەکەتان لە خراپەکانی.»
 
- a. 3:1 یۆنانی: کاتژمێری نۆیەم.
 - b. 3:14 مەبەست لە مەسیحە.
 - c. 3:21 گەڕانەوەی مەسیح، بڕوانە ئاشکراکردن 21.
 - d. 3:23 دواوتار 18:15،18،19.
 - e. 3:25 پەیدابوون 22:18؛ 26:4.
 

