عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ئه‌نجومه‌نی ئۆرشه‌لیم 
1
هه‌ندێك كه‌س له‌ یه‌هودیاوه‌ بۆ ئه‌نتاكیا هاتن و برایانیان فێرده‌كرد: «ئه‌گه‌ر به‌پێی ئه‌و نه‌ریته‌ی كه‌ موسا فێری كردن خه‌ته‌نه‌ نه‌كرێن، ناتوانن ڕزگاربن.»
2
كاتێك ده‌مه‌قاڵه‌ و مشتومڕێكی زۆر له‌لایه‌ن پۆڵس و به‌رناباس له‌گه‌ڵ ئه‌وان ڕوویدا، پۆڵس و به‌رناباس له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ دیاری كران، تاكو سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ بۆ لای نێردراوان و پیران به‌ره‌و ئۆرشه‌لیم به‌ڕێ بكه‌ون.
3
پاش ئه‌وه‌ی كڵێسا ماڵئاواییان لێكردن، به‌ ناو فینیكیا و سامیره‌دا تێپه‌ڕین، باسی ئه‌وه‌یان ده‌كرد كه‌ نه‌ته‌وه‌كانیش باوه‌ڕیان به‌ عیسا هێناوه‌، جا خۆشییه‌كی زۆریان له‌نێو هه‌موو باوه‌ڕداراندا بڵاوكرده‌وه‌.
4
كاتێك گه‌یشتنه‌ ئۆرشه‌لیم، كڵێسا و نێردراوان و پیران پێشوازییان لێكردن، ئه‌وانیش هه‌واڵی هه‌موو ئه‌و شتانه‌یان پێدان كه‌ خودا له‌ ڕێگه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ كردبووی.
5
به‌ڵام هه‌ندێك له‌وانه‌ی سه‌ر به‌ ڕێبازی فه‌ریسییه‌كان بوون و باوه‌ڕیان هێنابوو، هه‌ستان و گوتیان: «ده‌بێت ئه‌و باوه‌ڕدارانه‌ی كه‌ جوله‌كه‌ نین خه‌ته‌نه‌ بكرێن و فه‌رمانیان پێ بكرێت كه‌ كار به‌ ته‌وراتی موسا بكه‌ن.»
په‌ترۆس و پیرانی ئۆرشه‌لیم 
6
جا نێردراوان و پیران بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ كۆبوونه‌وه‌.
7
پاش مشتومڕێكی زۆر، په‌ترۆس هه‌ستا و پێی گوتن: «ئه‌ی برایان، ئێوه‌ ده‌زانن پێش ماوه‌یه‌ك، خودا له‌نێو ئێوه‌دا هه‌ڵیبژارد كه‌ له‌ ده‌می منه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌كان مزگێنی مه‌سیح ببیستن و باوه‌ڕ بهێنن.
8
خودای دڵناس، شایه‌تی بۆیان دا به‌ به‌خشینی ڕۆحی پیرۆز به‌وانیش هه‌روه‌ك به‌ ئێمه‌.
9
به‌ هیچ شتێك جیاوازی له‌نێوان ئێمه‌ و ئه‌واندا نه‌كردووه‌، به‌ باوه‌ڕ دڵی ئه‌وانیشی پاك كردووه‌ته‌وه‌.
10
ئیتر بۆچی ئێوه‌ خودا تاقی ده‌كه‌نه‌وه‌، نیرێك ده‌خه‌نه‌ سه‌ر شانی ئه‌و قوتابییانه‌ی كه‌ جوله‌كه‌ نین، ئه‌وه‌ی نه‌ باوباپیرانمان و نه‌ خۆمان توانیمان هه‌ڵیبگرین؟
11
به‌ڵام باوه‌ڕمان هه‌یه‌ كه‌ به‌ نیعمه‌تی عیسای خاوه‌ن شكۆ ڕزگار ده‌بین، هه‌روه‌ك ئه‌وان.»
12
ئیتر هه‌موو ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ بێده‌نگ بوون و گوێیان له‌ به‌رناباس و پۆڵس گرت، باسی ئه‌و نیشانه‌ و په‌رجووانه‌یان ده‌كرد كه‌ خودا له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان له‌ناو نه‌ته‌وه‌كان ئه‌نجامی داوه‌.
13
دوای ئه‌وه‌ی ته‌واوبوون، یاقوب گوتی: «ئه‌ی برایان گوێم لێ بگرن:
14
شیمۆن[a] ڕوونی كرده‌وه‌ چۆن خودا یه‌كه‌م جاره‌ بایه‌خی خۆی بۆ نه‌ته‌وه‌كان نیشان داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناو ئه‌واندا گه‌لێك ناوی ئه‌و هه‌ڵبگرن[b] .
15
وته‌ی پێغه‌مبه‌رانیش له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ ڕێك ده‌كه‌وێت، هه‌روه‌ك نووسراوه‌:
16
«{دوای ئه‌مه‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ و
چادره‌ ڕووخاوه‌كه‌ی داود هه‌ڵده‌ده‌مه‌وه‌،
ڕووخاوییه‌كانی دروستده‌كه‌مه‌وه‌،
سه‌رله‌نوێ بنیادی ده‌نێمه‌وه‌،
17
تاكو ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه‌ ماونه‌ته‌وه‌ ڕوو له‌ یه‌زدان بكه‌ن،
هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی ناوی منیان هه‌ڵگرتووه‌.
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌، ئه‌وه‌ی ئه‌م كارانه‌ ئه‌نجام ده‌دات
18
كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ش زانراون.}[c]
19
«له‌به‌ر ئه‌وه‌ وای به‌ باش ده‌زانم قورسایی نه‌خه‌ینه‌ سه‌ر شانی ئه‌وانه‌ی له‌ نه‌ته‌وه‌كانن كه‌ بۆ لای خودا گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌،
20
به‌ڵكو بۆیان بنووسین، خۆیان دووربخه‌نه‌وه‌ له‌ گڵاوی بته‌كان و له‌ داوێنپیسی و له‌ گۆشتی ئاژه‌ڵی خنكێنراو و خوێن،
21
چونكه‌ هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ فێركردنی موسا له‌ هه‌موو شارێك ڕاگه‌یه‌نرابوو و هه‌موو شه‌ممه‌یه‌ك له‌ كه‌نیشته‌كان ده‌خوێنرایه‌وه‌.»
بڕیاری كۆبوونه‌وه‌ی كڵێسا 
22
ئینجا نێردراوان و پیران و هه‌موو كڵێسا به‌ باشیان زانی دوو پیاو له‌ناو خۆیاندا هه‌ڵبژێرن و له‌گه‌ڵ پۆڵس و به‌رناباس بۆ ئه‌نتاكیا بیاننێرن، یه‌هوزا كه‌ نازناوی به‌رساباس بوو له‌گه‌ڵ سیلا، دوو پیاو كه‌ له‌نێو باوه‌ڕداراندا پێشه‌وا بوون.
23
به‌ ده‌ستی خۆیان ئاوایان نووسی[d] :
له‌ نێردراوان و پیرانه‌وه‌، برایانتان،
بۆ ئه‌و باوه‌ڕدارانه‌ی جوله‌كه‌ نین له‌ ناوچه‌كانی ئه‌نتاكیا و سوریا و كیلیكیا:
سڵاو.
24
بیستمان كه‌ هه‌ندێك كه‌س بێ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ڕایانبسپێرین له‌لای ئێمه‌وه‌ هاتوون و به‌ قسه‌كانیان بێزار و دڵگرانیان كردوون.
25
بۆیه‌ به‌ باشمان زانی به‌ یه‌ك بیروڕاوه‌ چه‌ند پیاوێك هه‌ڵبژێرین و له‌گه‌ڵ برایانی خۆشه‌ویستمان به‌رناباس و پۆڵس بۆ لاتان بنێرین،
26
پیاوانێك گیان له‌سه‌ر ده‌ستن له‌ پێناوی ناوی عیسای مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆمان.
27
جا یه‌هوزا و سیلامان بۆ ناردن تاكو هه‌مان شتتان به‌ ده‌م پێ ڕابگه‌یه‌نن،
28
چونكه‌ ڕۆحی پیرۆز و ئێمه‌ش وامان به‌ باش زانی هیچ قورساییه‌ك نه‌خه‌ینه‌ سه‌ر شانتان، جگه‌ له‌مانه‌ كه‌ پێویستن:
29
خۆتان دووربخه‌نه‌وه‌ له‌و قوربانییانه‌ی بۆ بت پێشكه‌ش كراون، هه‌روه‌ها له‌ خواردنی ئاژه‌ڵی خنكێنراو و خوێن و له‌ داوێنپیسی. ئه‌گه‌ر خۆتان له‌مانه‌ پاراست، شتی چاك ده‌كه‌ن.
ماڵ ئاوا.
30
ئه‌مانیش كه‌ به‌ڕێكران و بۆ ئه‌نتاكیا هاتن، هه‌موو كۆمه‌ڵه‌ی باوه‌ڕدارانیان كۆكرده‌وه‌ و نامه‌كه‌یان پێشكه‌ش كرد.
31
كاتێك خوێندیانه‌وه‌ به‌و هاندانه‌ی تێیدا بوو زۆر دڵشاد بوون.
32
یه‌هودا و سیلاش كه‌ خۆیان پێغه‌مبه‌ر بوون، به‌ زۆر وشه‌ هانی برایانیان دا و وره‌یان به‌رزكردنه‌وه‌.
33
پاش ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كیان به‌سه‌ربرد، له‌لایه‌ن برایانه‌وه‌ به‌ ئاشتییه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ كرانه‌وه‌ بۆ لای ئه‌وانه‌ی ناردبوویانن، ⌟
34
به‌ڵام سیلا به‌لایه‌وه‌ باشتر بوو له‌وێ بمێنێته‌وه‌.⌞
35
پۆڵس و به‌رناباسیش هه‌ر له‌ ئه‌نتاكیا مانه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ زۆر كه‌سی دیكه‌دا به‌شدارییان كرد له‌ مزگێنیدان و فێركردنی په‌یامی مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆ.
لێك جیابوونه‌وه‌ی پۆڵس و به‌رناباس 
36
پاش چه‌ند ڕۆژێك پۆڵس به‌ به‌رناباسی گوت: «با بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر له‌ برایان بده‌ین، له‌ هه‌موو ئه‌و شارانه‌ی كه‌ په‌یامی مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆمان تێیدا ڕاگه‌یاندووه‌ و هه‌واڵیان بزانین.»
37
به‌رناباسیش پێشنیاری كرد یۆحه‌نا كه‌ نازناوی مه‌رقۆسه‌ له‌گه‌ڵ خۆیاندا بیبه‌ن.
38
به‌ڵام پۆڵس پێی باش بوو ئه‌وه‌ی له‌ پامفیلیا لێیان جیا بووه‌وه‌ و له‌گه‌ڵیان بۆ كاره‌كه‌ نه‌ڕۆیشت، ئه‌و له‌گه‌ڵ خۆیاندا نه‌به‌ن.
39
له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌مه‌قاڵه‌ كه‌وته‌ نێوانیان، تاكو وای لێهات له‌ یه‌كتری جیا بوونه‌وه‌. ئه‌وسا به‌رناباس مه‌رقۆسی له‌گه‌ڵ خۆی برد و به‌ ده‌ریادا بۆ قوبرس چوو.
40
به‌ڵام پۆڵس سیلای هه‌ڵبژارد و ڕۆیشتن، دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن باوه‌ڕدارانه‌وه‌ به‌ نیعمه‌تی مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆ سپێردران.
41
ئینجا چوونه‌ ناوچه‌كانی سوریا و كیلیكیا و كڵێساكانیان به‌هێز ده‌كرد.
  1. a. 15‏:14 مه‌به‌ستی له‌ په‌ترۆسه‌.
  2. b. 15‏:14 مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گه‌لێك به‌ ناوی خودا بناسرێن.
  3. c. 15‏:18 \+xt ئامۆس 9‏:11‏-12‏\+xt*‏
  4. d. 15‏:23 به‌ واتای نامه‌یه‌كیان نووسی به‌واندا ناردیان.