عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - ئەنجومەنی ئۆرشەلیم
 - 1
 - هەندێک کەس لە یەهودیاوە بۆ ئەنتاکیا هاتن و برایانیان فێردەکرد و دەیانگوت: «ئەگەر بەپێی ئەو نەریتەی کە موسا فێری کردن خەتەنە نەکرێن، ناتوانن ڕزگاربن.»
 - 2
 - کاتێک دەمەقاڵە و مشتومڕێکی زۆر لەلایەن پۆڵس و بەرناباس لەگەڵ ئەوان ڕوویدا، پۆڵس و بەرناباس لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە دیاری کران، تاکو سەبارەت بەم بابەتە بۆ لای نێردراوان و پیران بەرەو ئۆرشەلیم بەڕێ بکەون.
 - 3
 - پاش ئەوەی کڵێسا ماڵئاواییان لێکردن، بە ناو فینیکیا و سامیرەدا تێپەڕین، باسی ئەوەیان دەکرد کە ناجولەکەکانیش باوەڕیان بە عیسا هێناوە، جا خۆشییەکی زۆریان لەنێو هەموو باوەڕداراندا بڵاوکردەوە.
 - 4
 - کاتێک گەیشتنە ئۆرشەلیم، کڵێسا و نێردراوان و پیران پێشوازییان لێکردن، ئەوانیش هەواڵی هەموو ئەو شتانەیان پێدان کە خودا لە ڕێگەی ئەوانەوە کردبووی.
 - 5
 - بەڵام هەندێک لەوانەی سەر بە ڕێبازی فەریسییەکان بوون و باوەڕیان هێنابوو، هەستان و گوتیان: «دەبێت ئەو باوەڕدارانەی کە جولەکە نین خەتەنە بکرێن و فەرمانیان پێ بکرێت کە کار بە تەوراتی موسا بکەن.»
 - پەترۆس و پیرانی ئۆرشەلیم
 - 6
 - جا نێردراوان و پیران بۆ لێکۆڵینەوەی ئەم بابەتە کۆبوونەوە.
 - 7
 - پاش مشتومڕێکی زۆر، پەترۆس هەستا و پێی گوتن: «ئەی برایان، ئێوە دەزانن پێش ماوەیەک، خودا لەنێو ئێوەدا هەڵیبژارد کە لە دەمی منەوە ناجولەکەکان مزگێنیی مەسیح ببیستن و باوەڕ بهێنن.
 - 8
 - ئەو خودایەی کە دەزانێت چی لە دڵدایە، شایەتی بۆیان دا بە بەخشینی ڕۆحی پیرۆز بەوانیش هەروەک بە ئێمە.
 - 9
 - بە هیچ شتێک جیاوازی لەنێوان ئێمە و ئەواندا نەکردووە، بە باوەڕ دڵی ئەوانیشی پاک کردووەتەوە.
 - 10
 - ئیتر بۆچی ئێوە خودا تاقی دەکەنەوە، نیرێک[a] دەخەنە سەر شانی ئەو قوتابییانەی کە جولەکە نین، ئەوەی نە باوباپیرانمان و نە خۆمان توانیمان هەڵیبگرین؟
 - 11
 - بەڵام باوەڕمان هەیە کە بە نیعمەتی عیسای خاوەن شکۆ ڕزگار دەبین، هەروەک ئەوان.»
 - 12
 - ئیتر هەموو ئەندامانی ئەنجومەنەکە بێدەنگ بوون و گوێیان لە بەرناباس و پۆڵس گرت، باسی ئەو نیشانە و پەرجووانەیان دەکرد کە خودا لەسەر دەستی ئەوان لەناو ناجولەکەکان ئەنجامی داوە.
 - 13
 - دوای ئەوەی تەواوبوون، یاقوب گوتی: «ئەی برایان گوێم لێ بگرن.
 - 14
 - شیمۆن[b] ڕوونی کردەوە چۆن خودا یەکەم جارە بایەخی خۆی بۆ ناجولەکەکان نیشان داوە بۆ ئەوەی لەناو ئەواندا گەلێک ناوی ئەو هەڵبگرن[c] .
 - 15
 - وتەی پێغەمبەرانیش لەگەڵ ئەمە ڕێک دەکەوێت، هەروەک نووسراوە:
 - 16
 - «﴿دوای ئەمە دەگەڕێمەوە و
چادرە ڕووخاوەکەی داود هەڵدەدەمەوە،
ڕووخاوییەکانی دروستدەکەمەوە،
سەرلەنوێ بنیادی دەنێمەوە، - 17
 - تاکو ئەو خەڵکانەی کە ماونەتەوە ڕوو لە یەزدان بکەن،
هەموو ئەو ناجولەکانەی ناوی منیان هەڵگرتووە.
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی ئەم کارانە ئەنجام دەدات - 18
 - کە هەر لە سەرەتاوەش زانراون.﴾[d] 
 - 19
 - «لەبەر ئەوە وای بە باش دەزانم قورسایی نەخەینە سەر شانی ئەو ناجولەکانەی کە بۆ لای خودا گەڕاونەتەوە،
 - 20
 - بەڵکو بۆیان بنووسین، خۆیان دووربخەنەوە لە گڵاوی بتەکان و لە داوێنپیسی و لە گۆشتی ئاژەڵی خنکێنراو و خوێن،
 - 21
 - چونکە هەر لە کۆنەوە فێرکردنی موسا لە هەموو شارێک ڕاگەیەنرابوو و هەموو شەممەیەک لە کەنیشتەکان دەخوێنرایەوە.»
 - بڕیاری کۆبوونەوەی کڵێسا
 - 22
 - ئینجا نێردراوان و پیران و هەموو کڵێسا بە باشیان زانی دوو پیاو لەناو خۆیاندا هەڵبژێرن و لەگەڵ پۆڵس و بەرناباسدا بیاننێرن بۆ ئەنتاکیا. یەهوزای ناسراو بە بەرساباس و سیلایان هەڵبژارد، کە پێشەوای نێو باوەڕداران بوون.
 - 23
 - بە دەستی خۆیان ئاوایان نووسی[e] :
لە نێردراوان و پیرانەوە، برایانتان،
بۆ ئەو باوەڕدارانەی جولەکە نین لە ناوچەکانی ئەنتاکیا و سوریا و کیلیکیا:
سڵاو. - 24
 - بیستمان کە هەندێک کەس بێ ئەوەی ئێمە ڕایانبسپێرین لەلای ئێمەوە هاتوون و بە قسەکانیان بێزار و دڵگرانیان کردوون.
 - 25
 - بۆیە بە باشمان زانی بە یەک بیروڕاوە چەند پیاوێک هەڵبژێرین و لەگەڵ برایانی خۆشەویستمان بەرناباس و پۆڵس بیاننێرن بۆ لاتان،
 - 26
 - پیاوانێک گیان لەسەر دەستن لە پێناوی ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان.
 - 27
 - جا یەهوزا و سیلامان نارد بۆ لاتان تاکو هەمان شتتان بە دەم پێ ڕابگەیەنن،
 - 28
 - چونکە ڕۆحی پیرۆز و ئێمەش وامان بە باش زانی هیچ قورساییەک نەخەینە سەر شانتان، جگە لەمانە کە پێویستن:
 - 29
 - خۆتان دووربخەنەوە لەو قوربانییانەی بۆ بت پێشکەش کراون، هەروەها لە خواردنی ئاژەڵی خنکێنراو و خوێن و لە داوێنپیسی. ئەگەر خۆتان لەمانە پاراست، شتی چاک دەکەن.
ماڵ ئاوا. - 30
 - ئەمانیش کە بەڕێکران و بۆ ئەنتاکیا هاتن، هەموو کۆمەڵەی باوەڕدارانیان کۆکردەوە و نامەکەیان پێشکەش کرد.
 - 31
 - کاتێک خوێندیانەوە بەو هاندانەی تێیدا بوو زۆر دڵشاد بوون.
 - 32
 - یەهودا و سیلاش کە خۆیان پێغەمبەر بوون، بە زۆر وشە هانی برایانیان دا و ورەیان بەرزکردنەوە.
 - 33
 - پاش ئەوەی ماوەیەکیان بەسەربرد، لەلایەن برایانەوە بە ئاشتییەوە ڕەوانە کرانەوە بۆ لای ئەوانەی ناردبوویانن، {
 - 34
 - بەڵام سیلا بەلایەوە باشتر بوو لەوێ بمێنێتەوە.}
 - 35
 - پۆڵس و بەرناباسیش هەر لە ئەنتاکیا مانەوە و لەگەڵ زۆر کەسی دیکەدا بەشدارییان کرد لە مزگێنیدان و فێرکردنی پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ.
 - جیابوونەوەی پۆڵس و بەرناباس
 - 36
 - پاش چەند ڕۆژێک پۆڵس بە بەرناباسی گوت: «با بگەڕێینەوە بۆ هەموو ئەو شارانەی کە پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆمان تێیدا ڕاگەیاندووە و سەر لە برایان بدەین و هەواڵیان بزانین.»
 - 37
 - بەرناباسیش پێشنیاری کرد کە یۆحەنا لەگەڵ خۆیاندا بیبەن، ئەوەی بە مەرقۆس ناسراوە.
 - 38
 - بەڵام پۆڵس پێی باش بوو ئەو کەسە لەگەڵ خۆیاندا نەبەن کە لە پامفیلیادا لێیان جیا بووەوە و لەگەڵیان بۆ کارەکە نەڕۆیشت.
 - 39
 - لەبەر ئەوە دەمەقاڵە کەوتە نێوانیان، تاکو وای لێهات لە یەکتری جیا بوونەوە. ئەوسا بەرناباس مەرقۆسی لەگەڵ خۆی برد و بە دەریادا بۆ قوبرس چوو.
 - 40
 - بەڵام پۆڵس سیلای هەڵبژارد و ڕۆیشتن، دوای ئەوەی لەلایەن باوەڕدارانەوە بە نیعمەتی مەسیحی خاوەن شکۆ سپێردران.
 - 41
 - ئینجا چوونە ناوچەکانی سوریا و کیلیکیا و کڵێساکانیان بەهێز دەکرد.
 
- a.  15:10 
q نیر: دارێکە دەخرێتە سەر شانی گا یان ڕەشەوڵاخ بۆ ڕاکێشانی عەرەبانە یان ئامێری جووت. - b. 15:14 مەبەستی لە پەترۆسە.
 - c. 15:14 مەبەستی ئەوەیە کە گەلێک بە ناوی خودا بناسرێن.
 - d. 15:18 ئامۆس 9:11-12
 - e. 15:23 بە واتای نامەیەکیان نووسی و بەواندا ناردیان.
 

