عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
په‌ترۆس و كۆرنیلیۆس 
1
له‌ شاری قه‌یسه‌رییه‌ پیاوێك به‌ ناوی كۆرنیلیۆس هه‌بوو، سه‌رپه‌ل[a] بوو له‌و لیوایه‌ی پێی ده‌گوترا ئیتالی.
2
خۆی و هه‌موو ماڵه‌كه‌ی خواپه‌رست و له‌خواترس بوون، زۆر هاوكاری خه‌ڵكی هه‌ژاری ده‌كرد و هه‌موو كاتێك نوێژی بۆ خودا ده‌كرد.
3
نزیكه‌ی كاتژمێر سێی[b] دوای نیوه‌ڕۆ، به‌ ڕوونی فریشته‌یه‌كی خودا له‌ بینینێكدا هاته‌ لای و پێی گوت: «كۆرنیلیۆس!»
4
به‌ ترسه‌وه‌ سه‌یری كرد و گوتی: «به‌ڵێ گه‌وره‌م؟»
پێی گوت: «نوێژه‌كانت و چاكه‌كانت وه‌ك یاده‌وه‌ری به‌رز بوونه‌ته‌وه‌ به‌رده‌م خودا.
5
ئێستا چه‌ند پیاوێك بۆ یافا بنێره‌، ئه‌و شیمۆنه‌ی پێی ده‌گوترێ په‌ترۆس بیهێنن.
6
له‌ ماڵی شیمۆنی پێسته‌خۆشكه‌ره‌، ماڵه‌كه‌ی له‌سه‌ر ده‌ریایه‌.»
7
كاتێك فریشته‌كه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵی كرد، ڕۆیشت، دووان له‌ خزمه‌تكاره‌كانی و سه‌ربازێكی خواپه‌رست بانگكرد كه‌ یه‌كێك بوو له‌ داروده‌سته‌ تایبه‌ته‌كه‌ی،
8
هه‌موو شتێكی بۆ گێڕانه‌وه‌ و ناردیانی بۆ یافا.
بینینی په‌ترۆس 
9
بۆ به‌یانی، كاتێك به‌ ڕێگاوه‌ بوون و له‌ شاره‌كه‌ نزیك ده‌بوونه‌وه‌، نزیكه‌ی كاتژمێر دوازده‌[c] ، په‌ترۆس بۆ نوێژكردن چووه‌ سه‌ربان.
10
ئه‌وه‌ بوو برسی بوو، ئاره‌زووی نانخواردنی ده‌كرد، كاتێك ئاماده‌یان ده‌كرد، له‌هۆش خۆی چوو.
11
ئاسمانی به‌ كراوه‌یی بینی، شتێك له‌ شێوه‌ی چه‌رچه‌فێكی گه‌وره‌ ده‌هاته‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ر زه‌وی كه‌ له‌ هه‌ر چوار لاوه‌ گرێدرا بوو.
12
هه‌موو جۆره‌ ئاژه‌ڵی چوارپێ و خشۆكی سه‌ر زه‌وی و باڵنده‌ی ئاسمانی تێدابوو.
13
ئینجا ده‌نگێك بانگی كرد: «په‌ترۆس هه‌سته‌، سه‌ربڕه‌ و بخۆ!»
14
په‌ترۆس گوتی: «نه‌خێر، ئه‌ی خاوه‌ن شكۆ، چونكه‌ هه‌رگیز شتی گڵاو یان حه‌رامم نه‌خواردووه‌.»
15
دیسان ده‌نگه‌كه‌ له‌گه‌ڵی دوا: «ئه‌وه‌ی خودا پاكی كردووه‌ته‌وه‌ تۆ به‌ گڵاوی دامه‌نێ.»
16
ئه‌مه‌ش سێباره‌ بووه‌وه‌ و ده‌ستبه‌جێ چه‌رچه‌فه‌كه‌ بۆ ئاسمان به‌رزكرایه‌وه‌.
17
كه‌ په‌ترۆس سه‌رسام بوو ئاخۆ ده‌بێت ئه‌و بینینه‌ چی بێت، ئه‌و پیاوانه‌ی كه‌ كۆرنیلیۆس ناردبوونی، به‌ پرسیار ماڵی شیمۆنیان دۆزییه‌وه‌ و له‌ به‌رده‌رگا وه‌ستان.
18
بانگیان كرد و پرسییان، ئاخۆ ئه‌و شیمۆنه‌ی نازناوی په‌ترۆسه‌ لێره‌یه‌.
19
له‌ كاتێكدا په‌ترۆس هه‌ر بیری له‌ بینینه‌كه‌ ده‌كرده‌وه‌، ڕۆحی پیرۆز پێی فه‌رموو: «سێ پیاو له‌ به‌رده‌رگا لێت ده‌پرسن.
20
هه‌سته‌ بڕۆ خواره‌وه‌ و بێ دوودڵی له‌گه‌ڵیان بڕۆ، چونكه‌ من ئه‌وانم ناردووه‌.»
21
په‌ترۆسیش بۆ لای پیاوه‌كان هاته‌ خواره‌وه‌ و گوتی: «ئه‌وه‌ی ده‌تانه‌وێ منم. بۆچی هاتوون؟»
22
گوتیان: «كۆرنیلیۆسی سه‌رپه‌ل، پیاوێكی ڕاستودروست و له‌خواترسه‌، هه‌موو گه‌لی جوله‌كه‌ش شایه‌تی بۆ ده‌ده‌ن. به‌هۆی فریشته‌یه‌كی پیرۆز ڕێنمایی كرا كه‌ بۆ ماڵه‌كه‌ی خۆی بانگت بكات و گوێ له‌ قسه‌كانت بگرێت.»
23
جا په‌ترۆس بۆ ژووره‌وه‌ بانگهێشتی كردن و میوانداری كردن.
بۆ به‌یانی په‌ترۆس هه‌ستا و له‌گه‌ڵیان ڕۆیشت، هه‌روه‌ها هه‌ندێك له‌ باوه‌ڕدارانی خه‌ڵكی یافاش یاوه‌ری بوون.
په‌ترۆس له‌ ماڵی كۆرنیلیۆس 
24
بۆ ڕۆژی دووه‌م چوو بۆ قه‌یسه‌رییه‌. كۆرنیلیۆس چاوه‌ڕێی ده‌كردن، خزم و دۆستانی نزیكی خۆی كۆكردبووه‌وه‌.
25
كاتێك په‌ترۆس هاته‌ ژووره‌وه‌، كۆرنیلیۆس پێشوازی لێكرد و له‌به‌رپێی كه‌وت و كڕنۆشی برد.
26
په‌ترۆس هه‌ڵیستانده‌وه‌ و گوتی: «هه‌سته‌! منیش مرۆڤم!»
27
كاتێك په‌ترۆس قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرد چووه‌ ژووره‌وه‌ و خه‌ڵكێكی زۆری بینی كۆبوونه‌ته‌وه‌،
28
پێی گوتن: «ده‌زانن بۆ جوله‌كه‌ ڕێپێنه‌دراوه‌ تێكه‌ڵاوی ناجوله‌كه‌ بێت یان بچێته‌ لای. به‌ڵام خودا پیشانی دام به‌ كه‌س نه‌ڵێم گڵاو یان پیس[d] .
29
بۆیه‌ كه‌ بانگكرام بێ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین هاتم. پرسیاریش ده‌كه‌م، بۆچی منتان بانگكرد؟»
30
كۆرنیلیۆس گوتی: «چوار ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر، له‌م كاته‌دا كه‌ كاتژمێر سێی[e] پاش نیوه‌ڕۆ بوو، له‌ ماڵی خۆم نوێژم ده‌كرد. له‌پڕ پیاوێك به‌ جلی بریسكه‌داره‌وه‌ له‌به‌رده‌مم ڕاوه‌ستا،
31
گوتی: ”كۆرنیلیۆس نوێژه‌كانت بیستران و خێره‌كانت له‌به‌رده‌م خودا یادكرانه‌وه‌.
32
بۆیه‌ بۆ یافا به‌دوای شیمۆندا بنێره‌ كه‌ نازناوی په‌ترۆسه‌. له‌ ماڵی شیمۆنی پێسته‌خۆشكه‌ره‌، له‌سه‌ر ده‌ریا.“
33
منیش ده‌ستبه‌جێ به‌دوای تۆدا ناردم، تۆش چاكت كرد كه‌ هاتی. ئێستا هه‌موو له‌به‌رده‌م خودا ئاماده‌ین، تاكو گوێ بگرین له‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی په‌روه‌ردگار فه‌رمانی پێكردووی.»
وتاری په‌ترۆس 
34
په‌ترۆس ده‌می كرده‌وه‌ و گوتی: «له‌ڕاستیدا تێگه‌یشتم خودا لایه‌نگری كه‌س ناكات،
35
به‌ڵكو له‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك ئه‌وه‌ی ترسی ئه‌وی له‌ دڵدا بێت و كاری ڕاستودروست بكات، له‌لای په‌سه‌نده‌.
36
ئه‌و په‌یامه‌ ده‌زانن كه‌ خودا بۆ گه‌لی ئیسرائیلی نارد، مزگێنیی ئاشتی له‌ ڕێگه‌ی عیسای مه‌سیحه‌وه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ په‌روه‌ردگاری هه‌مووانه‌.
37
ئه‌و شتانه‌ ده‌زانن كه‌ له‌ هه‌موو یه‌هودیا ڕوویدا، به‌ ده‌ستپێكردن له‌ جه‌لیله‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی یه‌حیا له‌ئاوهه‌ڵكێشانه‌كه‌ی ڕاگه‌یاند،
38
چۆن خودا به‌ ڕۆحی پیرۆز و هێز عیسای ناسیره‌یی ده‌ستنیشان كرد[f] ، ئه‌وه‌ی ده‌گه‌ڕا و چاكه‌ی ده‌كرد و هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئیبلیس ده‌ستی به‌سه‌ریاندا گرتبوو چاكی ده‌كردنه‌وه‌، چونكه‌ خودا له‌گه‌ڵی بوو.
39
«ئێمه‌ شایه‌تی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ین كه‌ له‌ ناوچه‌ی یه‌هودیا و ئۆرشه‌لیم كردی. ئه‌وه‌ی به‌ هه‌ڵواسینی به‌ داره‌وه‌ كوشتیان،
40
به‌ڵام خودا له‌ ڕۆژی سێیه‌مدا له‌نێو مردوواندا هه‌ڵیستانده‌وه‌ وای كرد ده‌ربكه‌وێت،
41
نه‌ك بۆ هه‌موو گه‌ل، به‌ڵكو بۆ ئه‌و شایه‌تانه‌ی كه‌ خودا پێشتر هه‌ڵیبژاردن، بۆ ئێمه‌ كه‌ پاش هه‌ستانه‌وه‌ی له‌نێو مردووان، له‌گه‌ڵیدا خواردمان و خواردمانه‌وه‌.
42
ئینجا فه‌رمانی پێداین جاڕبده‌ین بۆ گه‌ل و شایه‌تی بده‌ین كه‌ خودا ئه‌وی به‌ دادوه‌ری زیندووان و مردووان داناوه‌.
43
هه‌موو پێغه‌مبه‌ران شایه‌تی بۆ ده‌ده‌ن كه‌ هه‌ركه‌سێك باوه‌ڕی پێ بهێنێت، به‌خشینی گوناهه‌كانی به‌ ناوی ئه‌و ده‌ست ده‌كه‌وێت.»
وه‌رگرتنی ڕۆحی پیرۆز 
44
كاتێك په‌ترۆس باسی ئه‌م شتانه‌ی ده‌كرد، ڕۆحی پیرۆز ڕژایه‌ سه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی گوێیان له‌ وشه‌كه‌ گرتبوو.
45
ئه‌و باوه‌ڕدارانه‌ی له‌ خه‌ته‌نه‌كراوان بوون سه‌ریان سوڕما، هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ په‌ترۆس بوون، چونكه‌ وه‌ك دیارییه‌ك ڕۆحی پیرۆز به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كانیشدا ڕژا،
46
چونكه‌ گوێیان لێیان بوو به‌ زمانه‌ ڕۆحییه‌كان ده‌دوێن و ستایشی خودا ده‌كه‌ن.
ئینجا په‌ترۆس گوتی:
47
«كه‌س هه‌یه‌ ڕێگا بگرێت له‌ ئه‌مانه‌ی وه‌ك ئێمه‌ ڕۆحی پیرۆزیان وه‌رگرتووه‌ له‌ ئاو هه‌ڵنه‌كێشرێن؟»
48
بۆیه‌ فه‌رمانی پێدان به‌ ناوی عیسای مه‌سیح له‌ ئاو هه‌ڵبكێشرێن. ئینجا داوایان له‌ په‌ترۆس كرد چه‌ند ڕۆژێك بمێنێته‌وه‌.
  1. a. 10‏:1 وشه‌ یۆنانییه‌كه‌ مه‌به‌ست له‌ سه‌ركرده‌ی سه‌د سه‌ربازه‌ له‌ سوپای ڕۆم.
  2. b. 10‏:3 یۆنانی: كاتژمێری نۆیه‌م.
  3. c. 10‏:9 یۆنانی: كاتژمێری شه‌شه‌م.
  4. d. 10‏:28 \+xt بڕوانه‌ 10‏:14‏\+xt*.
  5. e. 10‏:30 یۆنانی: كاتژمێری نۆیه‌م.
  6. f. 10‏:38 له‌ په‌یمانی كۆن داود له‌لایه‌ن ساموئێله‌وه‌ چه‌وركرا كه‌ هه‌ڵبژارده‌ی خودایه‌، ئه‌م چه‌وركردنه‌ش وه‌كو نه‌ریتێك به‌رده‌وام بوو بۆ ڕزگاریی خودا.