عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
مەسیح شاول دەگۆڕێت 
1
شاول هێشتا هەڕەشەی لە قوتابییەکانی عیسای خاوەن شکۆ دەکرد و هەوڵی کوشتنی دەدان. چوو بۆ لای سەرۆکی کاهینان،
2
داوای نامەی لێکرد بۆ کەنیشتەکانی دیمەشق، تاکو ئەگەر یەکێک ببینێت و سەر بە ڕێگاکە[a] بێت، چ ژن و چ پیاو، بە بەندکراوی بۆ ئۆرشەلیمیان ببات.
3
کە دەڕۆیشت و لە دیمەشق نزیک بووەوە، لەپڕ ڕووناکییەک لە ئاسمانەوە لە دەوروبەری بریسکەی دایەوە،
4
کەوتە سەر زەوی و گوێی لە دەنگێک بوو، پێی فەرموو: «شاول! شاول! بۆچی دەمچەوسێنیتەوە؟»
5
شاول پرسیاری کرد: «گەورەم، تۆ کێیت؟»
فەرمووی: «من عیسام، ئەوەی تۆ دەیچەوسێنیتەوە. {بۆت زەحمەتە لوشکە لە نەقیزەی من باوێی.}
6
بەڵام هەستە، بڕۆ ناو شار، لەوێ پێت دەگوترێ دەبێ چی بکەیت.»
7
ئەو پیاوانەی لە گەشتەکەدا لەگەڵی بوون بە بێدەنگی وەستان، دەنگەکەیان بیست بەڵام کەسیان نەبینی.
8
شاول لەسەر زەوییەکە هەستایەوە، بەڵام کاتێک چاوی کردەوە هیچی نەبینی، بۆیە دەستیان گرت و هێنایانە ناو دیمەشق.
9
سێ ڕۆژ هیچی نەبینی، هەروەها هیچی نەخوارد و هیچی نەخواردەوە.
10
لە دیمەشق قوتابییەک هەبوو ناوی حەنانیا بوو، مەسیحی خاوەن شکۆ لە بینیندا پێی فەرموو: «حەنانیا!»
گوتی: «ئەوەتام گەورەم!»
11
مەسیح پێی فەرموو: «هەستە و بڕۆ ئەو شەقامەی پێی دەگوترێ ڕاست، لە ماڵی یەهوزا پرسیار لە پیاوێکی تەرسۆسی بکە ناوی شاولە، وا نوێژ دەکات.
12
لە بینیندا پیاوێکی بۆ دەرکەوت بە ناوی حەنانیا کە دێتە لای و دەستی لە سەری دادەنێت تاکو بینایی بۆ بگەڕێتەوە.»
13
حەنانیا وەڵامی دایەوە: «گەورەم، لە زۆر کەس ئەو خراپانەم بیستووەتەوە کە ئەم پیاوە لە ئۆرشەلیم بە گەلە پیرۆزەکەی تۆی کردووە.
14
هەروەها لە کاهینانی باڵاوە دەسەڵاتی پێدراوە و هاتووە بۆ ئەوەی هەموو ئەوانە بگرێت کە بە ناوی تۆوە دەپاڕێنەوە.»
15
بەڵام مەسیح پێی فەرموو: «بڕۆ! ئەم پیاوە بۆ من ئامێرێکی هەڵبژێردراوە بۆ هەڵگرتنی ناوی من لەبەردەم ناجولەکەکان و پاشایان و نەوەی ئیسرائیل.
16
پیشانی دەدەم دەبێت لەبەر ناوی من چەند ئازار بچێژێت.»
17
حەنانیاش ڕۆیشت و چووە ماڵەکە، دەستی لەسەری دانا و گوتی: «شاولی برام، عیسای خاوەن شکۆ منی ناردووە، ئەوەی لەو ڕێگایەی پێیدا هاتی بۆت دەرکەوت، تاکو دیسان ببینیت و پڕبیت لە ڕۆحی پیرۆز.»
18
دەستبەجێ شتێکی وەک توێکڵ لە چاوەکانی کەوتە خوارەوە، ئینجا بینی، هەستا و لە ئاو هەڵکێشرا.
19
نانی خوارد، هێزی هاتەوە بەر و چەند ڕۆژێکی لەگەڵ قوتابییەکان لە دیمەشق بەسەر برد.
مژدەدانی شاول لە دیمەشق 
20
شاول یەکسەر لە کەنیشتەکاندا دەستی کرد بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە عیسا کوڕی خودایە.
21
هەموو ئەوانەی گوێیان دەگرت سەرسام ببوون و دەیانگوت: «ئەمە هەمان ئەو کەسە نییە ئەوانەی لەناودەبرد کە لە ئۆرشەلیم بەم ناوەوە دەپاڕانەوە؟ بۆ ئەمەش نەهاتە ئێرە، تاکو بە بەندکراوی بۆ کاهینانی باڵا بیانبات؟»
22
بەڵام شاول توانادارتر دەبوو، جولەکەی دانیشتووی دیمەشقی دەمکوت دەکرد و دەریدەخست کە عیسا مەسیحەکەیە.
23
پاش ماوەیەکی زۆر، جولەکە پیلانیان دانا بیکوژن،
24
بەڵام شاول بە پیلانەکەیانی زانی. ئەوان شەو و ڕۆژ چاودێری دەروازەکانیان دەکرد تاکو بیکوژن.
25
بۆیە قوتابییەکان بە شەو بردیان و لەناو سەبەتەیەکدا لە شوورای شارەکەوە شۆڕیان کردەوە.
شاول لە ئۆرشەلیم 
26
کاتێک شاول گەیشتە ئۆرشەلیم، هەوڵی دا بچێتە پاڵ قوتابییەکان، بەڵام هەموو لێی ترسان و باوەڕیان نەدەکرد کە بووبێتە قوتابی.
27
بەڵام بەرناباس بردی و هێنایە لای نێردراوان، بۆی گێڕانەوە چۆن لە ڕێگادا عیسای خاوەن شکۆی بینیوە و قسەی لەگەڵ کردووە، هەروەها چۆن لە دیمەشق ئازایانە بە ناوی عیساوە مزگێنیی ڕاگەیاندووە.
28
ئیتر لەگەڵیان لە ئۆرشەلیم دەهات و دەچوو، بە چاونەترسییەوە بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە مزگێنیی ڕادەگەیاند.
29
هەروەها قسە و مشتومڕی لەگەڵ جولەکە یۆنانییەکان دەکرد، ئەوانیش هەوڵیان دا بیکوژن.
30
کاتێک باوەڕداران بەمەیان زانی بردیانە قەیسەرییە و بۆ تەرسۆسیان نارد.
31
کڵێساش لە هەموو یەهودیا و جەلیل و سامیرەدا لە ئارامیدا بوو، بنیاد دەنرا و لە سایەی ترسی مەسیحی خاوەن شکۆ و دڵنەوایی ڕۆحی پیرۆزدا لە زیادبووندا بوو.
پەترۆس لە شاری لودە و یافا 
32
کاتێک کە پەترۆس بە هەموو ناوچەکاندا تێدەپەڕی، بۆ لای گەلی پیرۆزی خودا لە شاری لودە دابەزی.
33
لەوێ پیاوێکی ئیفلیجی بینی کە ناوی ئینیاس بوو، هەشت ساڵ بوو لەناو جێگادا کەوتبوو.
34
پەترۆس پێی گوت: «ئینیاس، عیسای مەسیح چاکت دەکاتەوە. هەستە و جێگاکەت کۆبکەوە!» دەستبەجێ هەستا.
35
هەموو دانیشتووانی لودە و شارون بینییان، ئیتر بەرەو لای مەسیحی خاوەن شکۆ گەڕانەوە.
36
قوتابییەک لە یافا هەبوو ناوی تابیسا بوو، واتا ئاسک[b] ، کە هەمیشە خەریکی کاری چاکە و یارمەتیدانی هەژاران بوو.
37
ئەوە بوو لەو ڕۆژانەدا نەخۆش کەوت و مرد، جا شوشتیان و لە ژوورێکی سەرەوە دایاننا.
38
لودە لە یافاوە نزیک بوو، ئیتر کە قوتابییەکان بیستیان پەترۆس لەوێیە، دوو پیاویان نارد بۆ لای و تکایان لێکرد و گوتیان: «لە هاتن بۆ لامان دوامەکەوە.»
39
پەترۆس هەستا و لەگەڵیان ڕۆیشت، کاتێک گەیشت، بردیانە ژووری سەرەوە، هەموو بێوەژنەکان لەلای ڕاوەستان، دەگریان و ئەو کراس و جلانەیان پیشانی دەدا کە ئاسکە کردبووی لەو کاتەی لەگەڵیان بوو.
40
پەترۆس هەموویانی ناردە دەرەوە، کەوتە سەر چۆک و نوێژی کرد، ئینجا ڕووی کردە تەرمەکە و گوتی: «تابیسا، هەستە!» ئەویش چاوی کردەوە و کاتێک پەترۆسی بینی دانیشت.
41
ئیتر دەستی بۆ ڕاکێشا و هەڵیستاندەوە، ئینجا باوەڕداران و بێوەژنانی بانگکرد و بە زیندوویی ڕادەستی کردنەوە.
42
ئەم هەواڵە بە هەموو یافادا بڵاو بووەوە و زۆر کەس باوەڕیان بە مەسیح هێنا.
43
پەترۆس چەندین ڕۆژ لە یافا لەلای پێستەخۆشکەرێک مایەوە کە ناوی شیمۆن بوو.
  1. a. 9‏:2 ڕێگای پاشایەتی عیسا، بڕوانە کردار 24‏:14‏‏.‏
  2. b. 9‏:36 یۆنانی: \+tl دۆرکەس‏\+tl*: ئاسک‏