عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ڕوونکردنەوەی پەترۆس 
1
نێردراوان و باوەڕداران کە لە یەهودیا بوون بیستیان کە ناجولەکەکانیش پەیامی خودایان وەرگرتووە.
2
کاتێک پەترۆس گەڕایەوە ئۆرشەلیم باوەڕدارانی خەتەنەکراو ڕەخنەیان لێ گرت و
3
دەیانگوت: «تۆ چوویتە ماڵی خەڵکێکی خەتەنەنەکراو و نانت لەگەڵیان خواردووە!»
4
جا پەترۆس یەک لەدوای یەک دەستی کرد بە ڕوونکردنەوەی ئەوانەی کە ڕوویدابوو و گوتی:
5
«لە شاری یافا بووم نوێژم دەکرد، لەهۆش خۆم چووم و بینینێکم بۆ ئاشکرا کرا، شتێک لە ئاسمانەوە وەک چەرچەفێکی گەورە بە هەر چوار لایەوە بۆ لای من شۆڕکرایەوە.
6
سەیرم کرد و لێی وردبوومەوە، چوارپێی زەوی و ئاژەڵی کێوی، خشۆک و باڵندەی ئاسمانم بینی.
7
ئینجا گوێم لە دەنگێک بوو پێی فەرمووم: ”پەترۆس هەستە، سەربڕە و بخۆ!“
8
«بەڵام گوتم: ”نەخێر، ئەی پەروەردگار، چونکە هەرگیز گڵاو یان حەرام نەچووەتە دەمم.“
9
«دەنگەکە دووبارە لە ئاسمانەوە فەرمووی: ”ئەوەی خودا پاکی کردووەتەوە تۆ بە گڵاوی دامەنێ.“
10
ئەمە سێبارە بووەوە و هەموو شتەکان بۆ ئاسمان ڕاکێشرانەوە.
11
«ئەوە بوو یەکسەر سێ پیاو لەپێش ئەو ماڵە ڕاوەستان کە ئێمەی لێبوو، لە قەیسەرییەوە بۆ لام نێردرابوون،
12
ڕۆحی پیرۆز پێی فەرمووم کە بێ دوودڵی لەگەڵیان بڕۆم، ئەم شەش برایەش لەگەڵم هاتن و چووینە ماڵی پیاوەکە.
13
ئەویش بۆی گێڕاینەوە چۆن فریشتەی لە ماڵەکەیدا بینیوە ڕاوەستاوە و گوتوویەتی: ”بنێرە بۆ یافا بەدوای شیمۆندا کە نازناوی پەترۆسە،
14
ئەو پەیامێکتان دەداتێ بەهۆیەوە خۆت و هەموو ماڵەکەت ڕزگارتان دەبێت.“
15
«کاتێک دەستم بە قسە کرد، ڕۆحی پیرۆزیان بەسەردا ڕژا، وەک لە سەرەتادا هاتە سەر ئێمەش.
16
قسەکەی عیسای خاوەن شکۆم بەبیر هاتەوە کە فەرمووی: ”یەحیا خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا، بەڵام ئێوە لە ڕۆحی پیرۆز هەڵدەکێشرێن.“
17
جا ئەگەر خودا هەمان دیاریی بەوان دابێت هەروەک بە ئێمەی داوە کە باوەڕمان بە عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ هێنا، ئیتر من کێم بتوانم ڕێگا لە خودا بگرم؟»
18
کاتێک گوێیان لەمە بوو، بێدەنگ بوون و ستایشی خودایان کرد و گوتیان: «کەواتە خودا تۆبەکردنی تەنانەت بە ناجولەکەکانیش بەخشیوە بۆ ئەوەی ژیانی هەتاهەتاییان هەبێت.»
کڵێسای ئەنتاکیا 
19
ئینجا ئەو کەسانەی بەهۆی ئەو چەوسانەوەیەی بەسەر ستیفانۆسدا هات پەرشوبڵاو ببوونەوە، پەڕینەوە بۆ فینیکیا و قوبرس و ئەنتاکیا، باسی پەیامی خودایان بۆ کەس نەدەکرد، بۆ جولەکە نەبێت.
20
بەڵام هەندێکیان خەڵکی قوبرس و کورێن[a] بوون، کاتێک هاتنە ئەنتاکیا، قسەیان بۆ یۆنانییەکان دەکرد و مزگێنیی عیسای خاوەن شکۆیان دەدا.
21
یەزدان پشتگیری کردن، ژمارەیەکی زۆر باوەڕیان هێنا و بۆ عیسای خاوەن شکۆ گەڕانەوە.
22
ئەم هەواڵە گەیشتە کڵێسای ئۆرشەلیم، ئەوانیش بەرناباسیان بۆ ئەنتاکیا نارد.
23
کاتێک گەیشت و نیعمەتی خودای بینی، دڵشاد بوو، هەمووانی هاندا بە هەموو دڵیانەوە لەگەڵ مەسیحی خاوەن شکۆ بمێننەوە،
24
چونکە پیاوچاک بوو، پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز و باوەڕ. خەڵکێکی زۆریش هاتنە پاڵ مەسیحی خاوەن شکۆ.
25
ئەوسا چوو بۆ تەرسۆس تاکو بەدوای شاولدا بگەڕێت،
26
کاتێک دۆزییەوە بۆ ئەنتاکیای هێنا. ئیتر ساڵێکی تەواو لە کڵێسا کۆبوونەوە و خەڵکێکی زۆریان فێرکرد. یەکەم جاریش لە ئەنتاکیا قوتابییەکان ناویان لێنرا مەسیحی[b] .
27
لەو ڕۆژانەدا هەندێک پێغەمبەر لە ئۆرشەلیمەوە هاتنە ئەنتاکیا،
28
یەکێک لەوان ناوی ئاگابۆس بوو، هەستا و لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆزەوە پێشبینیی کرد کە قاتوقڕییەکی گەورە هەموو جیهان دەگرێتەوە، ئەوەی لە سەردەمی کلودیۆسیش ڕوویدا.
29
بۆیە قوتابییەکان بڕیاریان دا هەریەکە بەگوێرەی توانای خۆی یارمەتی بنێرێت بۆ ئەو خوشک و برایانەی لە یەهودیا دەژین.
30
ئینجا ئەمەیان کرد و لە ڕێگەی بەرناباس و شاولەوە یارمەتییەکەیان بۆ پیرانی یەهودیا نارد.
  1. a. 11‏:20 گەورەترین شار لە وڵاتی لیبیا لەو سەردەمە.‏
  2. b. 11‏:26 یۆنانی: \+tl کریستیانۆی‏\+tl*.‏