عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ده‌ربازكردنی په‌ترۆس 
1
له‌و كاته‌دا هێرۆدسی پاشا[a] ده‌ستی كرد به‌ چه‌وساندنه‌وه‌ی چه‌ند كه‌سێكی كڵێسا.
2
هه‌روه‌ها یاقوبی برای یۆحه‌نای به‌ شمشێر كوشت.
3
كه‌ بینی ئه‌مه‌ جێی ڕه‌زامه‌ندی جوله‌كه‌یه‌، په‌ترۆسیشی گرت، ئه‌مه‌ش له‌ ڕۆژانی جه‌ژنی فه‌تیره‌دا بوو.
4
كاتێك هێرۆدس په‌ترۆسی گرت، خستییه‌ زیندانه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی پاسه‌وانی لێ بكرێت دایه‌ ده‌ست چوار كۆمه‌ڵی چوار سه‌ربازی، ده‌یویست دوای جه‌ژنی په‌سخه‌ بیهێنێته‌ به‌رده‌م گه‌ل.
5
بۆیه‌ كاتێك په‌ترۆس زیندانی كرابوو، كڵێسا به‌ گوڕ له‌ پێناوی ئه‌و نوێژیان بۆ خودا ده‌كرد.
6
به‌ڵام كاتێك هێرۆدس به‌ته‌مابوو بیهێنێته‌ ده‌ره‌وه‌، له‌و شه‌وه‌دا په‌ترۆس له‌نێوان دوو سه‌ربازدا نوستبوو، به‌ دوو زنجیر به‌سترابووه‌وه‌، له‌ به‌رده‌رگاش پاسه‌وان هه‌بوو، پاسه‌وانی زیندانه‌كه‌یان ده‌كرد.
7
له‌پڕ فریشته‌یه‌كی یه‌زدان ده‌ركه‌وت و ڕووناكییه‌ك له‌ناو ژووره‌كه‌ دره‌وشایه‌وه‌، جا كه‌له‌كه‌ی په‌ترۆسی جوڵاند و خه‌به‌ری كرده‌وه‌، گوتی: «خێرا هه‌سته‌!» ئیتر زنجیره‌كان له‌ ده‌سته‌كانی كه‌وتن.
8
فریشته‌كه‌ پێی گوت: «پشتێنه‌كه‌ت ببه‌سته‌ و پێڵاوه‌كانت له‌ پێ بكه‌!» ئه‌ویش كردی. ئینجا پێی گوت: «سه‌ركراسه‌كه‌ت له‌به‌ر بكه‌ و دوام بكه‌وه‌.»
9
په‌ترۆسیش دوای كه‌وت و له‌ به‌ندینخانه‌ چووه‌ ده‌ره‌وه‌، نه‌یده‌زانی ئه‌وه‌ی له‌ ڕێگه‌ی فریشته‌كه‌وه‌ ڕووده‌دات ڕاسته‌، به‌ڵكو وایده‌زانی بینینێكی بۆ ئاشكرا كراوه‌.
10
پاسه‌وانی یه‌كه‌م و دووه‌میان بڕی و گه‌یشتنه‌ ده‌روازه‌ ئاسنینه‌كه‌ی به‌ره‌و شار، له‌ خۆیه‌وه‌ بۆیان كرایه‌وه‌، تێپه‌ڕین و شه‌قامێكیان بڕی، له‌ناكاو فریشته‌كه‌ به‌جێی هێشت.
11
ئینجا په‌ترۆس به‌خۆیدا هاته‌وه‌ و گوتی: «ئێستا به‌ڕاستی زانیم كه‌ یه‌زدان فریشته‌كه‌ی نارد و له‌ ده‌ستی هێرۆدس و هه‌موو ئه‌وه‌ی گه‌لی جوله‌كه‌ چاوه‌ڕێی بوو ده‌ربازی كردم.»
12
كه‌ ئه‌مه‌ تێگه‌یشت، هاته‌ ماڵی مریه‌می دایكی یۆحه‌نا كه‌ پێی ده‌گوترا مه‌رقۆس، زۆر له‌وێدا كۆببوونه‌وه‌ نوێژیان ده‌كرد.
13
كه‌ په‌ترۆس له‌ ده‌رگای داڵانه‌كه‌ی دا، كاره‌كه‌رێك هات ناوی ڕودا بوو تاكو بزانێت كێیه‌.
14
كاتێك ده‌نگی په‌ترۆسی ناسییه‌وه‌، بێ كردنه‌وه‌ی ده‌رگاكه‌ له‌ خۆشییاندا ڕایكرده‌ ژووره‌وه‌ و خه‌به‌ری دا كه‌ په‌ترۆس له‌ به‌رده‌رگا ڕاوه‌ستاوه‌.
15
پێیان گوت: «وڕێنه‌ ده‌كه‌یت.» به‌ڵام ئه‌و له‌سه‌ر قسه‌كه‌ی سووربوو، گوتیان: «ئه‌وه‌ فریشته‌كه‌یه‌تی!»
16
به‌ڵام په‌ترۆس له‌ لێدانه‌كه‌ به‌رده‌وام بوو، كاتێك لێیان كرده‌وه‌ و بینییان، سه‌رسام بوون.
17
به‌ ده‌ست ئیشاره‌تی بۆ كردن بێده‌نگ بن، ئینجا بۆی گێڕانه‌وه‌ چۆن یه‌زدان له‌ زیندان ده‌ریهێنا، پێی گوتن: «ئه‌مه‌ به‌ یاقوب[b] و خوشك و برایان بڵێن.» ئینجا چووه‌ ده‌ره‌وه‌ و بۆ شوێنێكی دیكه‌ ڕۆیشت.
18
كه‌ ڕۆژبووه‌وه‌ ئاژاوه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌نێو سه‌ربازه‌كاندا دروستبوو، ئاخۆ په‌ترۆس چی لێهات.
19
كاتێك هێرۆدس داوای كرد و نه‌یدۆزییه‌وه‌، لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌ربازان كرد و فه‌رمانی دا بكوژرێن.
ئینجا هێرۆدس له‌ یه‌هودیاوه‌ چوو بۆ قه‌یسه‌رییه‌ و له‌وێ مایه‌وه‌.
مردنی هێرۆدسی ئه‌گریپاس 
20
هێرۆدس له‌ خه‌ڵكی سور و سه‌یدا زۆر تووڕه‌ بوو، ئه‌وانیش به‌ یه‌ك دڵ بۆ لای هاتن و بلاستۆسی سه‌رپه‌رشتیاری ماڵی پاشایان ڕازی كرد و داوای ئاشتبوونه‌وه‌یان كرد، چونكه‌ ناوچه‌كه‌یان له‌ ناوچه‌ی پاشاوه‌ ئازووقه‌ی بۆ ده‌هات.
21
له‌ ڕۆژی دیاریكراودا هێرۆدس جلی پاشایه‌تیی له‌به‌ركرد، له‌سه‌ر كورسی حوكمدان دانیشت و وتاری بۆیان دا.
22
خه‌ڵكه‌كه‌ش هاواریان كرد: «ئه‌مه‌ ده‌نگی خوداوه‌ندێكه‌ هی مرۆڤ نییه‌!»
23
ده‌ستبه‌جێ فریشته‌یه‌كی یه‌زدان لێیدا، چونكه‌ شكۆی نه‌دایه‌ خودا، كرمیش لێیدا و مرد.
24
به‌ڵام په‌یامی خودا به‌رده‌وام له‌ په‌ره‌سه‌ندن و گه‌شه‌كردندا بوو.
25
به‌رناباس و شاولیش دوای ته‌واوكردنی خزمه‌ته‌كه‌ له‌ ئۆرشه‌لیم گه‌ڕانه‌وه‌، یۆحه‌ناشیان له‌گه‌ڵ خۆیان برد، كه‌ به‌ مه‌رقۆس ناسراوه‌ بوو.
  1. a. 12‏:1 مه‌به‌ستی له‌ هێرۆدس ئه‌گریپاسه‌ كه‌ له‌ 41 بۆ 44 ز. فه‌رمانڕه‌وای فه‌له‌ستین بوو.
  2. b. 12‏:17 برای مه‌سیح. بڕوانه‌\+xt گه‌لاتیا 1‏:19.‏\+xt*‏