عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
له‌ پۆڵس و سیلا[a] و تیمۆساوسه‌وه‌،
بۆ كڵێسای سالۆنیكی كه‌ سه‌ر به‌ خودای باوك و عیسای مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆن:
با نیعمه‌ت[b] و ئاشتیتان له‌گه‌ڵ بێت.
سوپاس بۆ باوه‌ڕداران 
2
هه‌موو كات له‌ پێناوی هه‌ر یه‌كێكتاندا سوپاسی خودا ده‌كه‌ین و بێ بڕانه‌وه‌ له‌ نوێژه‌كانمان یادتان ده‌كه‌ین،
3
به‌رده‌وام له‌به‌رده‌م خودای باوكماندا ئه‌و كارانه‌تان به‌بیر ده‌هێنینه‌وه‌ كه‌ به‌رهه‌می باوه‌ڕتانه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و ڕه‌نجه‌تان كه‌ له‌ خۆشه‌ویستییه‌وه‌یه‌ و ئه‌و دانبه‌خۆداگرتنه‌شتان كه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت له‌ هیواتان به‌ عیسای مه‌سیحی گه‌وره‌مان.
4
ئه‌ی خوشكان و برایان، خۆشه‌ویستانی خودا، ده‌زانین كه‌ خودا ئێوه‌ی هه‌ڵبژاردووه‌،
5
چونكه‌ ته‌نها به‌ قسه‌ په‌یامی ئینجیلمان بۆ نه‌هێنان، به‌ڵكو به‌ هێز و به‌ ڕۆحی پیرۆز و به‌ دڵنیایی ته‌واوه‌، وه‌ك ده‌زانن له‌ پێناوی ئێوه‌ له‌نێوانتاندا چ جۆره‌ كه‌سێك بووین.
6
ئێوه‌ش لاسایی ئێمه‌ و مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆتان كرده‌وه‌، له‌ ته‌نگانه‌یه‌كی گه‌وره‌دا به‌ خۆشی ڕۆحی پیرۆز پێشوازیتان له‌ په‌یامه‌كه‌ كرد،
7
تاكو بوونه‌ نموونه‌ بۆ هه‌موو باوه‌ڕداران له‌ مه‌كدۆنیا و ئه‌خایا.
8
په‌یامی مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆ له‌لای ئێوه‌وه‌ بڵاو كرایه‌وه‌، نه‌ك ته‌نها له‌ مه‌كدۆنیا و ئه‌خایا، به‌ڵكو ناوبانگی باوه‌ڕتان به‌ خودا له‌ هه‌موو شوێنێكدا بڵاو بووه‌ته‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویستمان به‌وه‌ نییه‌ شتێك بڵێین،
9
چونكه‌ خۆیان باسمان ده‌كه‌ن كه‌ پێشوازیتان له‌ ئێمه‌ چۆن بووه‌ و چۆن له‌ بتپه‌رستییه‌وه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ لای خودا، تاكو خودای زیندوو و ڕاست بپه‌رستن و
10
چاوه‌ڕێی كوڕه‌كه‌ی بكه‌ن له‌ ئاسمان، ئه‌وه‌ی له‌نێو مردووان هه‌ڵیستانده‌وه‌، مه‌به‌ست له‌ عیسایه‌، ئه‌وه‌ی له‌ تووڕه‌یی داهاتووی خودا ده‌ربازمان ده‌كات.
  1. a. 1‏:1 یۆنانی: \+tl سیلوانۆس\+tl*.
  2. b. 1‏:1 خودا نیعمه‌ت به‌ مرۆڤ ده‌به‌خشێت، به‌ واتای به‌خشینێكی خودایه‌ كه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی شایسته‌ی بین خودا پێمان ده‌به‌خشێت.