عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
خزمه‌تكردنی پۆڵس 
1
ئه‌ی خوشكان و برایان، خۆتان ده‌زانن هاتنمان بۆ لاتان بێ سوود نه‌بوو،
2
به‌ڵكو وه‌ك ده‌زانن پێشتر له‌ فیلیپی ئازارمان چێژت و سووكایه‌تیمان پێ كرا، به‌ڵام به‌ پشتیوانی خودا سه‌ره‌ڕای دژایه‌تییه‌كی زۆر، ئازایانه‌ باسی مزگێنی خودامان بۆ كردن.
3
مه‌به‌ستی ئێمه‌ له‌ هاندانتان چه‌واشه‌كردن و به‌ڕه‌ڵایی و خه‌ڵه‌تاندن نییه‌،
4
به‌ڵكو هه‌روه‌ك چۆن له‌لایه‌ن خوداوه‌ په‌سه‌ند كرابین كه‌ متمانه‌ی مزگێنیمان بدرێتێ، به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌دوێین، ئه‌مه‌ش بۆ به‌ده‌ستهێنانی ڕه‌زامه‌ندی خه‌ڵك نییه‌، به‌ڵكو ڕه‌زامه‌ندی خودا، كه‌ دڵمان تاقی ده‌كاته‌وه‌.
5
خودا شایه‌ته‌، نه‌ زمانلووسیتان بۆ ده‌كه‌ین و نه‌ له‌به‌ر چاوچنۆكییه‌، وه‌ك ده‌زانن،
6
چاوه‌ڕوانی ستایش و پێداهه‌ڵدانی خه‌ڵك نه‌بووین، نه‌ له‌ ئێوه‌ و نه‌ له‌ كه‌سانی دیكه‌ش.
وه‌ك نێردراوانی مه‌سیح ده‌مانتوانی بارگرانی بین له‌سه‌رتان،
7
به‌ڵام نه‌رمونیان بووین له‌گه‌ڵتاندا، وه‌ك دایكێك شیر بداته‌ منداڵه‌كانی.
8
به‌ ڕاده‌یه‌ك ئێوه‌مان خۆشویست كه‌ ئاماده‌بووین نه‌ك ته‌نها مزگێنی خودا به‌ڵكو خۆشمان له‌گه‌ڵتاندا به‌ش بكه‌ین، چونكه‌ ئێوه‌ له‌لای ئێمه‌ زۆر ئازیز بوون.
9
خوشكان و برایان، دڵنیام ڕه‌نج و ماندووبوونی ئێمه‌تان له‌ یاده‌، شه‌و و ڕۆژ كارمان ده‌كرد، تاكو به‌سه‌ر كه‌ستانه‌وه‌ نه‌بینه‌ بار، كاتێك مزگێنی خودامان بۆ ڕاگه‌یاندن.
10
ئێوه‌ و خوداش شایه‌تن كه‌ له‌نێو ئێوه‌ی باوه‌ڕداردا چۆن به‌ پیرۆزی و ڕاستودروستی و بێ گله‌یی ڕه‌فتارمان كردووه‌.
11
هه‌روه‌ك ده‌زانن كه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ ئێوه‌ وه‌كو باوكێك هه‌ڵسوكه‌وتمان كرد، وه‌ك چۆن باوكێك له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانی خۆیدا هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات،
12
هانمان ده‌دان و وره‌مان به‌رز ده‌كردنه‌وه‌ و لێتان ده‌پاڕاینه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك بژین شایانی خودا بێت، ئه‌وه‌ی بۆ شانشین و شكۆی خۆی بانگتان ده‌كات.
13
له‌به‌ر ئه‌مه‌ بێ بڕانه‌وه‌ سوپاسی خودا ده‌كه‌ین، چونكه‌ په‌یامی خوداتان وه‌ك په‌یامی مرۆڤ له‌ ئێمه‌ وه‌رنه‌گرت، به‌ڵكو وه‌ك به‌ڕاستی وشه‌ی خودا بێت، له‌ ڕاستیشدا هه‌ر به‌و جۆره‌یه‌، ئه‌وه‌ی له‌ناو ئێوه‌ی باوه‌ڕداریشدا كار ده‌كات.
14
ئه‌ی خوشكان و برایان، ئێوه‌ بوون به‌ لاساییكه‌ره‌وه‌ی كڵێساكانی خودا له‌ یه‌هودیا، واته‌ ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌ عیسای مه‌سیحن، چونكه‌ ئێوه‌ به‌ ده‌ستی هاوڵاتییه‌كانی خۆتان هه‌مان ئه‌و ئازارانه‌تان كێشا كه‌ باوه‌ڕدارانی یه‌هودیا به‌ ده‌ستی جوله‌كه‌كان كێشایان،
15
ئه‌وانه‌ی عیسای خاوه‌ن شكۆ و پێغه‌مبه‌رانیان كوشت و ئێمه‌یان چه‌وسانده‌وه‌. خودا ڕازی ناكه‌ن و له‌ دژی هه‌موو خه‌ڵكن،
16
ڕێگامان لێ ده‌گرن له‌وه‌ی بۆ نه‌ته‌وه‌كان بدوێین تاكو ڕزگاربن، به‌مه‌ش كاسه‌ی گوناهه‌كانیان سه‌رڕێژ ده‌كه‌ن. به‌ڵام له‌ كۆتاییدا تووڕه‌یی خودا هاتووه‌ته‌ سه‌ریان.
17
به‌ڵام ئه‌ی خوشكان و برایان، ئێمه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی كورت لێتان دوور كه‌وتینه‌وه‌، به‌ چاو نه‌ك به‌ دڵ، زۆر شه‌یدا و په‌رۆشی بینینتان بووین.
18
ویستمان بێینه‌ لاتان، له‌ ڕاستیدا خۆم وه‌ك پۆڵس چه‌ند جارێك هه‌وڵم دا، به‌ڵام شه‌یتان ڕێی لێگرتین.
19
هیوا و خۆشی و تاجی شانازیمان له‌به‌رده‌م عیسای خاوه‌ن شكۆمان چییه‌ له‌ كاتی هاتنیدا؟ ئایا ئێوه‌ نین؟
20
ئێوه‌ شكۆ و خۆشیمانن.