عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سكاڵای نێوان باوه‌ڕداران 
1
كه‌ یه‌كێكتان سكاڵایه‌كی له‌ یه‌كێكی دیكه‌ هه‌بوو، چۆن ده‌وێرێ كێشه‌كه‌ی بباته‌ لای بێباوه‌ڕان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان حوكمی بۆ بده‌ن و لای گه‌لی پیرۆزی خودا نه‌بێت؟
2
ئایا نازانن گه‌لی خودا جیهان حوكم ده‌ده‌ن؟ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ حوكم به‌سه‌ر جیهاندا بده‌ن، ئایا شایسته‌ نین حوكم به‌سه‌ر بچووكترین شتدا بده‌ن؟
3
ئایا نازانن ئێمه‌ حوكم به‌سه‌ر فریشته‌كاندا ده‌ده‌ین؟ چه‌نده‌ زیاتر حوكم به‌سه‌ر شته‌كانی ئه‌م ژیانه‌ ده‌ده‌ین؟
4
جا ئه‌گه‌ر له‌ ژیانی ڕۆژانه‌دا كێشه‌تان هه‌بێت، ئایا ده‌یبه‌نه‌ لای دادوه‌ری بێباوه‌ڕ كه‌ كڵێسا په‌سه‌ندیان ناكه‌ن؟
5
تاكو شه‌رم بكه‌ن ئاوا ده‌ڵێم. ئایا یه‌كێكی داناتان تێدا نییه‌ بتوانێت دادوه‌ری له‌نێو برایانی بكات؟
6
به‌ڵام برا برای خۆی بۆ دادگا ده‌بات، له‌به‌رده‌م بێباوه‌ڕان ئه‌مه‌ ده‌كات!
7
له‌ ڕاستیدا شوره‌ییه‌ بۆتان له‌نێوتاندا سكاڵا له‌ یه‌كتر بكه‌ن. باشتر نه‌بوو زۆرلێكراو بن؟ باشتر نه‌بوو فێڵلێكراو بن؟
8
به‌ڵام ئێوه‌ زۆرداری و فێڵ ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت له‌ خوشك و برایانیشتان!
9
ئایا نازانن كه‌ زۆردار نابنه‌ میراتگری شانشینی خودا؟ هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێن. نه‌ به‌ڕه‌ڵا و نه‌ بتپه‌رست، نه‌ داوێنپیس و نه‌ هاوڕه‌گه‌زباز،
10
نه‌ دز و نه‌ چاوچنۆك، نه‌ سه‌رخۆش و نه‌ جنێوفرۆش و نه‌ تاڵانكه‌ر، نابنه‌ میراتگری شانشینی خودا.
11
جا هه‌ندێكتان به‌م شێوه‌یه‌ بوون. به‌ڵام شۆرانه‌وه‌ و پیرۆزكران و بێتاوان كراون به‌ ناوی عیسای مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆ و ڕۆحی خودامان.
به‌ جه‌سته‌ ستایشی خودا بكه‌ن 
12
«هه‌موو شتێك بۆ من دروسته‌،[a] » به‌ڵام هه‌موو شتێك سوودبه‌خش نییه‌. «هه‌موو شتێك بۆ من دروسته‌،» به‌ڵام هیچ شتێك به‌سه‌رمدا زاڵ نابێت.
13
«خواردن بۆ ورگه‌ و ورگیش بۆ خواردن،» كه‌چی خودا هه‌ردووكیان له‌ناوده‌بات. به‌ڵام جه‌سته‌ بۆ داوێنپیسی نییه‌، به‌ڵكو بۆ مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆیه‌، مه‌سیحیش بۆ جه‌سته‌یه‌.
14
خوداش مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆی هه‌ستانده‌وه‌ و به‌ هێزی خۆی ئێمه‌ش هه‌ڵده‌ستێنێته‌وه‌.
15
ئایا نازانن له‌شتان ئه‌ندامی جه‌سته‌ی مه‌سیحه‌؟ ئایا ئه‌ندامی جه‌سته‌ی مه‌سیح بكه‌مه‌ ئه‌ندامی له‌شفرۆشێك؟ نه‌خێر!
16
یاخود نازانن ئه‌وه‌ی خۆی به‌ له‌شفرۆشێكه‌وه‌ نووساندووه‌، له‌گه‌ڵی بووه‌ته‌ یه‌ك جه‌سته‌؟ چونكه‌ ده‌فه‌رموێ: {هه‌ردووكیان ده‌بنه‌ یه‌ك جه‌سته‌.}[b]
17
به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ عیسای خاوه‌ن شكۆ یه‌كبگرێت، له‌گه‌ڵی ده‌بێ به‌ یه‌ك ڕۆح.
18
له‌ داوێنپیسی ڕابكه‌ن. هه‌ر گوناهێك مرۆڤ بیكات، له‌ ده‌ره‌وه‌ی جه‌سته‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی داوێنپیسی ده‌كات ئه‌وا له‌ دژی جه‌سته‌ی خۆی گوناه ده‌كات.
19
یاخود نازانن كه‌ له‌شتان په‌رستگای ڕۆحی پیرۆزه‌ كه‌ له‌ ئێوه‌دایه‌ و له‌لایه‌ن خوداوه‌یه‌ هه‌تانه‌؟ ئێوه‌ش هی خۆتان نین،
20
چونكه‌ ئێوه‌ به‌ نرخێك كڕاون. جا به‌ له‌شتان ستایشی خودا بكه‌ن.
  1. a. 6‏:12 ده‌ربڕینێك بووه‌ له‌ناو باوه‌ڕداران بۆ پاساوی به‌ڕه‌ڵایی به‌كارده‌هات.
  2. b. 6‏:16 \+xt په‌یدابوون 2‏:24.‏\+xt*‏