عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
حوكمدان به‌سه‌ر داوێنپیس 
1
له‌ ڕاستیدا ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ داوێنپیسی له‌نێو ئێوه‌دا هه‌یه‌، جۆره‌ داوێنپیسییه‌ك كه‌ له‌نێو بتپه‌رسته‌كانیشدا نییه‌: پیاو له‌گه‌ڵ باوه‌ژنی ده‌ژیێت![a]
2
ئێوه‌ش لووتبه‌رزن! باشتر نه‌بوو ماته‌مدار بن، ئه‌و كه‌سه‌ش كه‌ ئه‌م كاره‌ی كردووه‌ له‌ خۆتانی دووربخه‌نه‌وه‌؟
3
هه‌رچه‌نده‌ به‌ جه‌سته‌ له‌لاتان نیم، به‌ڵام به‌ ڕۆح ئاماده‌م، وا ئه‌و كه‌سه‌م حوكم داوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ی كردووه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌وێ ئاماده‌بووبم:
4
به‌ ناوی عیسای مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆ، ئێوه‌ و ڕۆحی من له‌گه‌ڵ هێزی مه‌سیح كۆده‌بنه‌وه‌،
5
ئه‌م كه‌سه‌ ده‌بێت بدرێته‌ ده‌ست شه‌یتان[b] تاكو سروشتی دنیایی بفه‌وتێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆحه‌كه‌ی له‌ ڕۆژی یه‌زداندا ڕزگاری بێت.
6
شانازیكردنتان باش نییه‌. ئایا نازانن هه‌ویرترشێكی بچووك هه‌موو هه‌ویره‌كه‌ هه‌ڵدێنێت؟
7
خۆتان له‌ هه‌ویرترشی كۆن پاك بكه‌نه‌وه‌، تاكو ببنه‌ هه‌ویرێكی نوێ وه‌ك ئێوه‌ فه‌تیره‌ن، چونكه‌ مه‌سیحی به‌رخی په‌سخه‌مان سه‌ربڕدرا.
8
كه‌واته‌ با جه‌ژن بگێڕین، نه‌ك به‌ هه‌ویرترشی به‌سه‌رچوو كه‌ هه‌ویرترشی كینه‌ و خراپه‌یه‌، به‌ڵكو به‌ فه‌تیره‌ی بێ دووڕوویی و ڕاستی.
9
من پێشتر له‌ نامه‌كه‌ی دیكه‌م بۆم نووسین تێكه‌ڵ به‌ داوێنپیسان مه‌بن،
10
مه‌به‌ستم له‌ داوێنپیس و چاوچنۆك و تاڵانكه‌ر و بتپه‌رستانی ئه‌م جیهانه‌ نییه‌، ئه‌گینا ناچار ده‌بوون له‌م جیهانه‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌.
11
به‌ڵام ئێستا بۆتان ده‌نووسم تێكه‌ڵی یه‌كێك مه‌بن به‌ خوشك یان برا ناوده‌بردرێت و داوێنپیسه‌ یان چاوچنۆكه‌ یاخود بتپه‌رسته‌ و بوختانكه‌ره‌ یان سه‌رخۆشه‌ و تاڵانكه‌ره‌. نانیش له‌گه‌ڵ كه‌سی ئاوا مه‌خۆن.
12
به‌ من چی ئه‌و بێباوه‌ڕانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی كڵێسا حوكم بده‌م؟ ئایا ئێوه‌ ئه‌وانه‌ی ناوه‌وه‌ی كڵێسا حوكم ناده‌ن؟
13
ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی كڵێسا خودا حوكمیان ده‌دات. {خراپه‌كار له‌نێو خۆتان دووربخه‌نه‌وه‌.}[c]
  1. a. 5‏:1 ژیان و په‌یوه‌ندی ژن و مێردانه‌.
  2. b. 5‏:5 بدرێته‌ ده‌ست شه‌یتان: واته‌ له‌ كڵێسا ده‌ربكرێت بۆ ئه‌وه‌ی تۆبه‌ بكات.
  3. c. 5‏:13 دواوتار 17‏:7؛ 19‏:19؛ 21‏:21.