عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نێردراوانی مه‌سیح 
1
به‌م شێوه‌یه‌ با خه‌ڵك به‌ خزمه‌تكاری مه‌سیح و سه‌ركاری نهێنییه‌كانی خودامان دابنێن.
2
جا ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ركاران داوا ده‌كرێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ متمانه‌یی بسه‌لمێنن.
3
به‌لامه‌وه‌ گرنگ نییه‌ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ یان هه‌ر دادگایه‌كی مرۆڤانه‌ حوكمم بدات، به‌ڵام من حوكم به‌سه‌ر خۆمدا ناده‌م.
4
هیچ كه‌موكوڕییه‌ك له‌ خۆمدا نابینم، به‌ڵام به‌مه‌ بێتاوان نه‌بووم، به‌ڵكو مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆیه‌ لێپێچینه‌وه‌م له‌گه‌ڵ ده‌كات.
5
كه‌واته‌ پێشوه‌خت حوكم به‌سه‌ر هیچ شتێكدا مه‌ده‌ن، هه‌تا مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆ دێته‌وه‌. ئه‌و له‌ داهاتوودا ڕووناكی ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌و شتانه‌ی كه‌ ئێستا له‌ تاریكیدا شاردراوه‌ته‌وه‌ و نیازی دڵ ده‌رده‌خات. ئه‌وسا هه‌ر یه‌كێك له‌لایه‌ن خوداوه‌ ستایش ده‌كرێت.
6
خوشكان، برایان، ئێستا له‌ پێناوی ئێوه‌دا خۆم و ئه‌پۆلۆسم له‌م شتانه‌دا كرده‌ نموونه‌، تاكو له‌ ئێمه‌وه‌ فێربن: «زێده‌ڕۆیی مه‌كه‌ن له‌وانه‌ی نووسراون.» ئینجا كه‌س خۆی به‌ یه‌كێك هه‌ڵنه‌كێشێت له‌سه‌ر ئه‌وی دیكه‌.
7
كێ تۆ جیا ده‌كاته‌وه‌؟ چیت هه‌یه‌ وه‌رتنه‌گرتبێت؟ ئه‌گه‌ر وه‌رتگرتووه‌، بۆ شانازی ده‌كه‌یت وه‌ك وه‌رتنه‌گرتبێت؟
8
وا تێربوون! وا ده‌وڵه‌مه‌ند بوون! به‌بێ ئێمه‌ بوونه‌ پاشا![a] خۆزگه‌ ئێوه‌ به‌ڕاستی پاشا بوونایه‌ ئه‌وسا له‌گه‌ڵتان به‌شداری حوكمڕانیمان ده‌كرد!
9
چونكه‌ وا بزانم خودا ئێمه‌ی نێردراوی له‌ دواوه‌ی كه‌ژاوه‌[b] ده‌رخست، وه‌ك ئه‌وه‌ی حوكمی مردنمان بۆ درابێت، چونكه‌ بووینه‌ نماییشی جیهان و فریشته‌ و خه‌ڵك.
10
له‌ پێناوی مه‌سیحدا ئێمه‌ به‌ گێل سه‌یر ده‌كرێین، به‌ڵام ئێوه‌ به‌هۆی مه‌سیحه‌وه‌ به‌ ژیر سه‌یر ده‌كرێن! ئێمه‌ لاوازین و ئێوه‌ به‌هێزن! ئێوه‌ شكۆدارن و ئێمه‌ سووكین!
11
هه‌تا ئێستا برسی و تینوو و ڕووتین، لێدان و بێ لانه‌یی ده‌چێژین.
12
به‌ ده‌ستی خۆمان ئیش ده‌كه‌ین و ماندوو ده‌بین. جنێومان پێده‌درێت و داوای به‌ره‌كه‌ت ده‌كه‌ین، ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه‌ و به‌رگه‌ ده‌گرین.
13
بوختانمان بۆ هه‌ڵده‌به‌ستن و نه‌رمی ده‌نوێنین. هه‌تا ئێستا وه‌ك زبڵی جیهان و پاشماوه‌ی هه‌موو شتێكمان لێ هاتووه‌.
14
ئه‌مانه‌ نانووسم تاكو شه‌رمه‌زارتان بكه‌م، به‌ڵكو وه‌ك ڕۆڵه‌ خۆشه‌ویسته‌كانم ئاگادارتان ده‌كه‌مه‌وه‌.
15
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ده‌ هه‌زار كه‌س له‌نێو باوه‌ڕداران سه‌رپه‌رشتیارتان بن، به‌ڵام چه‌ندین باوكتان نییه‌، چونكه‌ له‌ ڕێگه‌ی په‌یامی ئینجیله‌وه‌ بووم به‌ باوكتان، له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره‌ی كه‌ عیسای مه‌سیح كردی.
16
جا تكاتان لێ ده‌كه‌م، لاسایی من بكه‌نه‌وه‌.
17
له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ تیمۆساوسم بۆ ناردن، كه‌ كوڕی خۆشه‌ویستمه‌ له‌ باوه‌ڕ و دڵسۆزه‌ بۆ یه‌زدان. تیمۆساوس ئه‌و ڕێگایه‌ی كه‌ من په‌یڕه‌وی ده‌كه‌م به‌هۆی عیسای مه‌سیحه‌وه‌، به‌بیری ئێوه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ من له‌ هه‌ر شوێنێك و له‌ هه‌ر كڵێسایه‌ك خه‌ڵكی فێرده‌كه‌م.
18
هه‌ندێك كه‌س لووتبه‌رز بوون، به‌ گومانی ئه‌وه‌ی من نایه‌م بۆ لاتان
19
به‌ڵام ئه‌گه‌ر عیسای خاوه‌ن شكۆ خواستی له‌سه‌ر بێت به‌ په‌له‌ دێمه‌ لاتان، ئه‌وسا نه‌ك قسه‌كانی ئه‌و لووتبه‌رزانه‌ ده‌زانم به‌ڵكو تواناشیان،
20
چونكه‌ پاشایه‌تی خودا به‌ قسه‌ نییه‌، به‌ڵكو به‌ هێزه‌.
21
چیتان ده‌وێ؟ به‌ دار بێمه‌ لاتان یاخود به‌ خۆشه‌ویستی و ڕۆحی دڵنه‌رمی؟
  1. a. 4‏:8 لێره‌دا نووسه‌ر به‌ گاڵته‌كردنه‌وه‌ قسه‌ ده‌كات.
  2. b. 4‏:9 كه‌ژاوه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌شكری سه‌ركه‌وتوو و دیله‌كانیش له‌ دواوه‌ن.